Accessibility links

زێلێنسکی داوا لە جیهان دەکات ڕووسیا ناچار بکەن وێستگە ناوەکییەکە جێبهێڵێت


سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی داوای لە جیهان کرد هەنگاوی خێراتر بنێن بۆ ناچارکردنی هێزەکانی ڕووسیا تاوەکو وێستگەی ناوەکی زاپۆریژا چۆڵ بکەن، ئەوەش دوای ئەوەی بۆ چەند کاتژمێرێک کارەبای وێستگەکە پچڕا.

سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی گوتی بۆردومانەکانی ڕووسیا لە ڕۆژی پێنجشەممەدا بووە هۆی ئاگرکەوتنەوە لە وێستگەیەکی خەڵوزی ئەو نزیکانەدا و لە ئەنجامدا هێڵی کارەبای وێستگەی زاپۆریژا پچڕا. بەرپرسێکی ڕووسیا لۆمەی ئۆکرانیای کرد لەسەر پچڕانی کارەبای وێستگەکە.

زێلێنسکی گوتیشی بزوێنەرە یەدەگەکان کە بە دیزڵ ئیش دەکەن زۆر گرنگن بۆ سیستمی ساردکەرەوە و پارێزراوی وێستگەکە، هەروەها ستایشی تەکنیککارە ئۆکرانییەکانی کرد کە بە بەر چاوی سوپای ڕووسیادا وێستگەکە بەڕێوەدەبەن.

زێلێنسکی گوتی " گرنگترین شت ئەوەیە، فشاری نێودەوڵەتی پێویستە کە داگیرکەران ناچار بکات دەستبەجێ لە ناوچەی وێستگەی ناوەکی زاپۆریژا بکشێنەوە."

گوتیشی " دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دەبێت زۆر خێراتر لەوەی ئێستا هەیە بجوڵێن. چونکە هەر خولەکێک هێزەکانی ڕووسیا لەوێستگە ناوەکییەکە بمێننەوە، مەترسی کارەساتێکی تیشکدانەوە لە جیهاندا دروست دەبێت."

وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا گوتی ڕووسیا هەرچی لەتوانایدا بێت دەیکات تاوەکو دڵنیا ببێتەوە لەوەی سەردانەکەی دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی بۆ وێستگەکە پارێزراو بێت. وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا ماریا زاخارۆڤا وتی ئۆکرانیا لەڕێی هێرشکردنە سەر وێستگەکەوە هەوڵیداوە ڕێگە لەو جۆرە سەردانە بگرێت.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG