Accessibility links

ڕاپۆرتەکان: ڕێبەری قاعیدە لە ئەفغانستان کوژرا


بەپێی ڕاپۆرتەکان ئەیمەن ئەلزەواهری ڕێبەری ڕێکخراوی قاعیدە بە هێرشی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان لە ئەفغانستان کوژراوە.

هاوکات کاربەدەستێکی باڵای ئەمەریکا ڕایگەیاند وڵاتەکەی ڕۆژی یەکشەممە ئۆپەراسیۆنێکی سەرکەوتووانەی لە دژی ئامانجێکی گرنگی قاعیدە ئەنجام دا. گوتیشی لە ئۆپەراسیۆنەکەدا هیچ کەسێکی سیڤیل پێوە نەبووە.

زەبیحوڵڵا موجاهید، گوتەبێژی تاڵیبان لەسەر تویتەرەکەی دەڵێت فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی ئەمەریکا هێرشێکی ئاسمانی ئەنجامداوە بۆ سەر ماڵێک لە ناوچەی شێرپولی پایتەخت. پاشان بە توندی هێرشەکە سەرکۆنە دەکات و پێشێلکردنی ڕێکەوتننامەی دۆحەی ناودێردەکات. بەڵام هیچ باسی ئەیمەن ئەلزەواهری ناکات.


پێشتر وەزارەتی ناوخۆی تاڵیبان ڕایگەیاند ڕۆژی یەکشەممە موشەکێک لە ماڵێکی چۆڵی داوە لە ناوچەی شێرپور، هیچ وردەکاری زیاتری باس نەکرد.

شێرپور گەڕەکێکی دەوڵەمەندەکانی پایتەختە و ئێستا بەرپرسانی تاڵیبان زۆر سەردانی ئەو ناوچەیە دەکەن.

کۆشکی سپی ڕایگەیاند سەرۆک بایدن لە کاتژمێر 7:30 ی شەو بە کاتی ڕۆژهەڵاتی ئەمەریکا وتارێک پێشکەش دەکات لە بارەی ئۆپەراسیۆنێکی سەرکەوتووی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆرزم.

ئەیمەن ئەلزەواهری تەمەن 71 ساڵ، کە لە دایکبووی قاهیرەی پایتەختی میسرە، لە پاش کوژرانی ئوسامە بن لادن لە ساڵی 2011 ڕێبەرایەتی قاعیدەی گرتەدەست. حکومەتی ئەمەریکا25 ملیۆن دۆلاری تەرخان کرد بۆ پاداشتکردنی هەر کەسێک زانیاری لەسەری بدات و ببێتە هۆی دەستگیرکردنی.

XS
SM
MD
LG