Accessibility links

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی: دەشێت ژمارەی قوربانیانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە سەرانسەری جیهاندا بگاتە 2 ملیۆن کەس


کاربەدەستێکی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی هۆشداری دەدات ژمارەی قوربانیانی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەشێت بگاتە 2 ملیۆن کەس لە جیهاندا بەبی ڤاکسینێکی کاریگەر.

دکتۆر مایک ڕیان بەرێوەبەری کاری فریاکەوتنی WHO، دەڵێت تەنانەت ڕەنگە لەو ژمارەیەش زیاتر بێت ئەگەر وڵاتەکان ئامادەکاری نەکەن و ڕێوشوێنەکانی رێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە نەگرنەبەر.

بە پێی ئامارەکانی زانکۆی جۆنس هۆپکنس، هەتا ئێستا نزیکەی 1 ملیۆن کەس لە جیهاندا بەهۆی ئەو ڤایرۆسکە گیانیان لەدەستداوە و 32 ملیۆن و 500 هەزار کەسیش توشی ڤایرۆسەکە بوون.

هۆشدارییە توندەکەی ڕیان لە کاتێکدا دێت کە ئەوروپا شەپۆلێکی نوێی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا بەخۆوە دەبینێت، ئەمەش وایکردووە حکومەتەکان لە سەرانسەری کیشوەرەکەدا بەرەو دووبارە سەپاندنی هەندێک سنوور بۆ دانیشتوان و بازرگانییەکان دابنێن.

سەرۆک وەزیری هۆڵەندا مێک ڕوت شەپۆلێکی نوێی ڤایرۆسەکەی لە وڵاتەکەیدا بە " نیگەرانییەکی قوڵ" ناودێری کردووە لە کاتێکدا هۆڵەندا لە ڕۆژێکدا 2 هەزارو 777 حاڵەتی نوێی ڕاگەیاند.

ئەو ڕۆژی هەینی بە پەیامنێرانی گوت " ئەم ژمارە نوێیە مەترسیدارەو فشارمان بۆ دەبات ڕێوشوێنی زۆر توند بگرینە بەر."

ڕوت گوتی ڕەنگە لە هەفتەی داهاتوو ئەو ڕێوشوێنانە ڕابگەیەنێت.

کۆماری چیک‌یش لە هەفتەی داهاتووەوە ڕێوشوێنی نوێ دەگرێتەبەر، وەزیری تەندروستی وڵاتەکە ڕۆمان پریمولا ڕۆژی هەینی ڕێوشوێنەکانی ڕاگەیاند بەبی ئەوەی روونی بکاتەوە ئەو ڕێوشوێنانە چۆن جێبەجێ دەکرێن. ئەو گوتی ڕێوشوێنەکان کاردەکاتە قەرەباڵغی خەڵکی بەڵام زیان بە ئابوری ناگەیەنێت.

لە ئیسپانیاش دەسەڵاتی خۆجێهی مەدرید و حکومەتی نیشتمانی مشتومڕدەکەن لەسەر هەنگاوە پێویستەکانی داهاتوو بۆ کۆنترۆڵکردنی ڤایرۆسەکە لە ناوچەکانی پایتەخت.

وەزیری تەندروستی ئیسپانیا سالڤادۆر ئیلا ڕۆژی هینی ڕایگەیاند حکومەت دەیەوێت قەدەغەی هاتوچۆ بۆ هەمو 3 ملیۆن و 3 سەد هەزار دانیشتوانەکەی مەدرید ڕابگەیەندرێت. بەڵام حکومەتی خۆجێهی دەڵێت قەدەغەکردنی هاتوچۆکە فراوانتر دەکات بەڵام تەنها 160 هەزار کەس بۆ ئەو 850 کەسە زیاد دەکات کە پێویستە لە ماڵەوە بمێننەوە مەگەر هۆکارێکی سەرەکییان هەبێت بۆ چوونە دەرەوە.

هەروەها مەدرید ژمارەی ئەو کەسانەشی کەمکردۆتەوە کە ریگەیان پێدراوە بڕۆن بۆ بازاڕو ڕێستورانتەکان و پارکەکانیش داخراون.

قەدەغەکردن هاتوچۆش لە مەدرید بۆتە هۆی ناڕەزایی دەربڕینی ئەو کەسانەی کە دەڵێن کراون بە ئامانج لەبەر ئەوەی لەو ناوچانەدا دەژین کە قەرەباڵغەو، هەژارنشینە کە سیستمی گواستنەویە خراپە.

بە پێچەوانەشەوە، لە ویلایەتە یەکگرتووەکان ئەمەریکا پارێزگاری فلۆریدا ڕان دیسانتس ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند ویلایەتەکە بەرنامەی کردنەوەی شوێنەکان دادەڕێژێت و دەچێتە قۆناغی 3 وە سەرەڕای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە.

قۆناغی 3 بریتییە لە کردنەوەی باڕەکان و یانەکانی شەوانە و چێشتخانەکان بە ژمارەیەکی سنورداری خەڵکی. لە قۆناغی 3 دا کۆمپانیاکانی کە ستافەکەیان لە ماڵەوە کاریان دەکرد بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتاکە ڕێگەیان پێدەدرێت بیانهێننەوە بۆ شوێنی کارەکانیان. پارکەکان، شاری یارییەکان و یانەکانی لەشجوانیش دەکرێنەوە.

بە پێی ئامارەکانی جۆنس هۆپکنس زیاتر لە 7 ملیۆن حاڵەتی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا تۆمار کراوە، پاش ئەمەریکا هندستانە کە نزیکەی 6 ملیۆن حاڵەتی تۆمار کردووە و بارزیلیش سێهەمە 4 ملیۆن و 6 سەد هەزار حاڵەتی تۆمار کردووە.

XS
SM
MD
LG