Accessibility links

دادگایەکی پـیاداچوونەوەی ئەمەریکا بڕیار لەسەر فەرمانێـکی سەرۆک ترامپ دەدات


دادگایەکی پـیاداچوونەی فیدراڵی ئەمەریکا ئەمڕۆ سێشەممە گوێ لە سکاڵایەک دەگرێت سەبارەت بە ڕاگرتنی جێبەجێکردنی بڕیارەکەی سەرۆک ترامپ بۆ هەڵپەساردنی کاتی بەرنامەی وەرگرتنی پەنابەر و کۆچبەران و هەروەها هاتنی هاوڵاتیانی حەوت وڵاتی زۆرینە موسڵمان بۆ وڵاتەکە.

هەینی ڕابردوو جەیمس ڕۆبەرت دادوەری فیدراڵی لە ویلایەتی واشنتن بە شێوەیەکی کاتی جێبەجێکردنی ئەم فەرمانەی سەرۆک ترامپی ڕاگرت و ڕۆژی یەکشەممەش دادگای 9 ی پـیاداچوونەوەی ئەمەریکا لە سانفرانسیسکۆ تانەکەی بەڕێوەبەرایەتی سەرۆک ترامپی ڕەتکردەوە کە داوای کردبوو بڕیاری دادوەرەکە هەڵبوەشێنتەوە.

بەڵام وەزارەتی داد شەوی دووشەممە جارێـکی دیکە داوای هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری دادوەر جەیمس ڕۆبەرتی کردەوە و دەڵێت ئەم فەرمانەی سەرۆک ترامپ مافێـکی یاسایی خۆیەتی و ئەو قسانەی دەکرێن گوایە موسڵمانان دەکاتە ئامانج ڕاست نین. پاشان وەزارەتەکە دەڵێت فەرمانی دادوەرەکە هەڵەیە و ئەوپەڕی توندە.

هەروەها شان سپایسەر گوتەبێژی کۆشکی سـپی گوتی یاسا و دەستور لە پاڵ سەرۆکدایە و دەسەڵاتێـکی زۆری هەیە بۆ دەرکردنی ئەو بڕیارانەی لە بەرژەوەندی وڵاتەکە و ئەمەریکایـیەکاندایە.

بڕیارە ئەمڕۆ لە کاژمێر 3 ی پاشنیوەڕۆ بە کاتی شاری سان فرانسیسکۆ، دادگای 9ی پـیاداچوونەوەی ئەمەریکا بە سەرۆکایەتی سێ دادوەری فیدراڵی بە ڕێگەی تەلەفونەوە دانیشتنەکە سازبکات تاوەکو بڕیار بدات فەرمانەکەی سەرۆک ترامپ بە ڕاگیراوەیی بمێنێتەوە یان سەرلەنوێ کاری پـێـبکرێتەوە.

هەردوو ویلایەتی واشنتن و مینەسۆتا سکاڵاکەیان لە دژی فەرمانەکەی سەرۆک ترامپ پـێشکەشکردبوو و داواکاری گشتی لە 15 ویلایەتی دیکە پشـتیوانیان لێکرد لەگەڵ یەکێتی ئازادیـیەکانی سیڤیلی ئەمەریکایی و گروپـێـک لە نزیکەی 100 کۆمپانیا.

XS
SM
MD
LG