Accessibility links

سەرۆک ترامپ دەڵێت ئەمەریکا بە ئەزموونێکی قورسدا تێدەپەڕێت


سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ وتی ئەمەریکا بە ئەزموونێکی قورسدا تێدەپەڕێت و بە شکست پێهێنانی دوژمنە نەبیندراوەکە ( ڤایرۆسی کۆرۆنا ) کۆتای پێدەهێنین.

لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ لەگەڵ کۆمەڵەی کاردا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا پێشوازی لە هەوڵەکانی کەرتی تایبەت کرد بۆ بەرپەرچدانەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا.

سەرۆک ترامپ لە لێدوانەکەیدا بۆ ڕۆژنامەنووسان ئەوەی خستەڕوو بڕێکی زۆر لە کەلوپەلی تەندروستی بۆ ئەو ویلایەتانە دابین دەکات کە زۆرترین زیانی ڤایرۆسەکەیان بەرکەوتووە، لەوانەش نیویۆرک و واشنتن و کالیفۆرنیا.

سەرۆک ترامپ ڕایگەیاند فەرمانی کردووە بە دانانی کۆمەڵێک ناوەندی تەندروستی بەپەلە لەو شوێنانەی وڵاتەکەدا کە ڤایرۆسەکە تیایاندا چالاکە.

سەرۆک ترامپ وتی " فەرمانم بە دەزگای بەڕێوبەرایەتی فریاکەوتنی خێرای فیدڕاڵی کردووە ناوەندێکی تەندروستی لە نیویۆرک دابنێن کە 1000 قەرەوێڵە لەخۆبگرێت، هەروەها ناوەندێکی 2000 قەرەوێڵەییش لە کالیفۆرنیا و ناوەندێکی دیکەی تری 1000 قەرەوێڵەیی لە واشنتن."

سەرۆک ترامپ باسی لە ڕەوانەکردنی دوو کەشتی گەورە کرد کە لەتوانایاندا هەبێت ژمارەیەکی زۆر لە نەخۆش وەربگرن، یەکێکیان بۆ کەناراوەکانی ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکە بۆ یارمەتیدانی نیویۆرک و ئەوی دیکەیان بۆ کەناراوەکانی ڕۆژئاوای وڵاتەکە لەنزیک لۆس ئانجلس لە ویلایەتی کالیفۆرنیا.

لە ماوەی ڕابردوودا سەرۆک ترامپ بەدووری زانی لە ئێستادا فەرمان بکات بە قەدەغەکردنی هاتوچۆ لە سەرتاسەری وڵاتەکەدا، ئەمەش لەکاتێکدا پێنسلڤانیا و نیڤادا هەموو چالاکیە لاوەکیەکانیان ڕاگرت و هەمان ڕێوشوێنی کالیفۆرنیا و نیویۆرک و نیوجێرزی و ئیلینوەیان گرتەبەر.

لە ئێستادا سێ شارە گەورەکەی ئەمەریکا، نیویۆرک و لوس ئانجلس و شیکاگۆ سەرجەم چالاکیەکان تیایاندا ڕاگیراون و نزیکەی 100 ملیۆن هاوڵاتی لەو شوێنانەدا لە ماڵەکانی خۆیاندا خۆیان کەرەنتینە کردووە.

XS
SM
MD
LG