ئەمەریکا دەڵێت وڵاتەکە ڕووسیا بە بەرپرس دادەنێت لەسەر جێبەجێکردنی ڕێکەوتنەکەی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا بۆ هەناردەکردنی گەنمی ئۆکرانیا کە نەتەوە یەکگرتووەکان نێوەنگری تێدا کردووە، هەروەها ڕەخنەی لە چینیش گرت لەسەر کۆکردنەوەی گەنم لەکاتێکدا دەکرێت ئەو گەنمە بۆ پێویستییە مرۆییەکان لە جیهاندا بەکاربهێندرێت.
باڵیۆزی ئەمەریکا بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان لیندا تۆماس گرینفیڵد وتی واشنتن هیوادارە ڕێکەوتنەکە " یارمەتیدەر بێت لە کەمکردنەوەی ئەو قەیرانەی کە ڕووسیا دروستیکردووە. لە نزیکەوە چاودێری دەکەین تاوەکو دڵنیا ببینەوە لەوەی ڕووسیا بەڕاستی ڕێکەوتنەکە جێبەجێ دەکات."
بەرپرسی ئۆفیسی سزاکان و هەماهەنگییەکانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا جەیمس ئۆبراین بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند ئەمەریکا دەشیەوێت چین ببینێت یارمەتیدەر بێت لە ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانی خۆراک لە جیهاندا.
ئۆبراین گوتی " دەمانەوێت ببینین چین وەکو هێزێکی گەورە مامەڵە بکات و گەنمی زیاتر بدات بە خەڵکانی هەژار لە سەرانسەری جیهاندا. چین کڕیارێکی زۆر چالاکی گەنم بووە و گەنم کۆدەکاتەوە. لەکاتێکدا کە سەدان ملیۆنان کەس دەچنە قۆناغی کارەساتاوی ناسەقامگیری خۆراکەوە."
بەپێی ئەنجومەنی گەنمی نێودەوڵەتی، گەنمی کۆکراوەی چین لە وەرزی ساڵەکانی 2021-22 دا 323.4 ملیۆن تەن بووە، کە ئەوەش لە نیوە زیاتری گەنمی کۆکراوەی جیهانە کە 607.4 ملیۆن تەنە.
ئۆبراین گوتی " دەمانەوێت بیانیبین ڕۆڵێک ببینن لە بەردەستخستنی گەنمەکەیاندا، ئەوەش لەڕێی ڕێگەدان بە پڕۆگرامی خۆراکی جیهان و ئەوانی دیکەوە ئەو گەنمەیان دەستکەوێت."
گوتیشی لە مانگی چواردا لە سەدا 40 ی یەکەمین بارەکانی گەنم کە لە ئۆکرانیاوە دەرچوون ڕەوانەی چین کراون، " کە ئەوەش سەیرە، زۆر باشتر دەبوو کە ئەگەر ئەو گەنمە بڕۆیشتایە بۆ میسڕ و ئەفریکا و شوێنەکانی دیکە."
جێگری وتەبێژی نەتەوە یەکگرتووەکان فەرحان حەق گوتی " پێمان وایە زۆر گرنگە خۆراک بە گەنمیشەوە بچێت بۆ ئەو شوێنانەی کە پێویستیان پێیەتی."
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز
ئەمەریکا فشار دەخاتە سەر ڕووسیا تاوەکو ڕێکەوتنەکەی لەگەڵ ئۆکرانیا جێبەجێ بکات
