دوو بەرپرسی باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێن نەتەوە یەکگرتووەکان پێشبینی دەکات ڕێکەوتنەکەی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی گەنمی ئۆکرانیا بە دەریای ڕەشدا لە چەند هەفتەیەکی کەمی داهاتوودا بە تەواوەتی جێبەجێ بکرێت.
گوتیشیان وەکو پێش جەنگەکە، ئۆکرانیا مانگانە دەتوانێت پێنج ملیۆن تەن هەناردە بکات.
ڕۆژی هەینی ئۆکرانیا و ڕووسیا و تورکیا و نەتەوە یەکگرتووەکان ڕێکەوتنێکیان واژۆ کرد کە تورکیا دەڵێت هەنگاوی یەکەمە بۆ کەمکردنەوەی قەیرانی خۆراک لە جیهاندا کە بەهۆی داگیرکارییەکەی ڕووسیاوە لە ئۆکرانیا خراپتر بووە.
بەرپرسانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێن لایەنەکان ڕازیبوون لەسەر کردنەوەی بەندەرەکان و دامەزراندنی ناوەندێکی چاودێریکردن لە تورکیا و چەند ڕێگەیەک بۆ پشکنینی ئەو کەشتیانەی کە گەنمەکە دەگوازنەوە، هەروەها ڕێکەوتوون لەسەر سنوورەکانی پلانەکە.
یەکێک لە بەرپرسەکان گوتی " زۆر بەخێرایی ڕێکەوتنەکە جێبەجێ دەکرێت. ڕۆژی شەممە دەستدەکەین بە کردنەوەی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگییەکان." وتیشی کۆمەڵێک پرسی بچووک ماون چارەسەر دەکرێن و دواتر ڕێکەوتنەکە بەتەواوەتی دەخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
گوتیشی " لە چەند هەفتەیەکی کەمی داهاتوودا کەشتییەکان دەبینین دێن و دەڕۆن."
بەپێی ڕێکەوتنەکە و ئەو پلانەی کە هەیە، بەرپرسانی ئۆکرانیا سەرپەرشتی کەشتییەکان دەکەن بە ڕێڕەوە پارێزراوەکانی سەرانسەری ئاوە مینڕێژکراوەکەدا بۆ سێ بەندەر، بە بەندەری سەرەکی ئۆدێساشەوە کە لەوێوە گەنمەکە باردەکەن.
کەشتییەکان سنووری ئاوی ئۆکرانیا لە دەریای ڕەش جێدەهێڵن و دەچنە تەنگەی بۆسفۆرەوە و دواتر دەچنە بەندەرێکی تورکیاوە بۆ پشکنین و دواتریش ڕەوانەی ئاڕاستەکانیان دەکرێن.
بەرپرسەکە گوتی " ئامانجمان ئەوەیە مانگانە نزیکەی 5 ملیۆن تەن گەنم هەناردە بکەین، کە پێش جەنگەکە مانگانە ئۆکرانیا ئەو بڕەی هەناردە کردووە."
بەرپرسەکان گوتیان لە سەرەتادا ڕێکەوتنەکە بۆ 120 ڕۆژە بەڵام دەتوانرێت نوێ بکرێتەوە. گوتیشیان " پێشبینی ناکەن بەمزووانە ئەو پلانە ڕابگیرێت."
یەکێک لە بەرپرسەکان ئاماژەی بەوە کرد کە " ئەو ڕاستییەی کە دوو لایەنەکە لە جەنگدان دژی یەک و هێشتا شەڕ دەکەن و توانیویانە گفتوگۆ لەسەر ڕێکەوتنێکی لەم جۆرە بکەن، پێم وایە ئەوە بێپێشینەیە."
کاتێکیش پرسیاری لێکرا سەبارەت بەوەی چۆن چاودێری جێبەجێکردنی پلانەکە دەکرێت، بەرپرسەکە وتی نوێنەرانی هەموو لایەنەکان پێکەوە لە ناوەندی هەماهەنگی هاوبەش کاردەکەن و سەرپەرشتی ئەرکەکان دەکەن و پشکنین بۆ کەشتییەکان و مامەڵە لەگەڵ ئەگەری هەبوونی هەر ڕووداوێکدا دەکەن. ئۆکرانیا و ڕووسیاش ڕێکەوتوون لەسەر ئەوەی هێرش نەکەنە سەر هیچ کەشتیەکی سەر بە ڕێکەوتنەکەدا.
گوتیشی " ئەم ناوەندە لە ئیستەنبوڵ دەبێت و ترپەی دڵی ئەرکەکان دەبێت و هاوشێوەی چاودێریکردنی ئاگربەست دەبێت."
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز