Accessibility links

خۆکوشتن لە ئەمەریکا لە ساڵی 2023 ڕێژەی پێوانەیی لە مێژووی وڵاتەکە تۆماردەکات


بەپێی داتا سەرەتاییەکان، ڕێژەی خۆکوشتن لە ئەمەریکا لە ساڵی 2023 دا زۆرترین ڕێژە بووە لە مێژووی وڵاتەکەدا.

بەپێی داتایەکی ناوەندی کۆنتڕۆڵکردن و ڕێگریکردن لە نەخۆشییەکانی ئەمەریکا، تۆزێک زیاتر لە 49,300 حاڵەتی خۆکوشتن لە ساڵی 2023 دا تۆمار کراون. ئەو ژمارەیە ڕەنگە تۆزێک زیاتر بێت لە کاتێکدا کە لێکۆڵینەوەکان لە مردنەکان تەواو دەبن و دەکرێن بە ڕاپۆرت.

بەپێی ڕاپۆرتێکی کۆتایی کە ڕۆژی پێنجشەممە بڵاوکرایەوە، لە ساڵی 2022 دا تۆزێک کەمتر لە 49,500 حاڵەتی خۆکوشتن تۆمار کراون.

نزیکەی 20 ساڵە ڕێژەی خۆکوشتن لە ئەمەریکا بەرز دەبێتەوە، جگە لەو دوو ساڵەی پێش دەستپێکردنی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا. شارەزایان هۆشداری دەدەن لەسەر خۆکوشتن، کە یانزەهەمین هۆکاری سەرەکی مردن بووە لە ساڵی 2022 دا، دەڵێن خۆکوشتن ئاڵۆزە و هەوڵدان بۆ خۆکوشتن بەهۆی چەندین هۆکارەوەیە. هۆکارە سەرەکییەکان بریتین لە خەمۆکی و کەمیی دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییەکانی تەندروستی دەروونی و بەردەستی چەکەکان. نزیکەی لە سەدا 55 ی حاڵەتەکانی خۆکوشتن لە ساڵی 2022 دا چەکییان تێدا بەکارهاتووە، ئەمەش بەپێی داتاکانی ناوەندی کۆنتڕۆڵکردن و ڕێگریکردن لە نەخۆشییەکان.

ڕاپۆرتەکەی ڕۆژی پێنجشەممەی ناوەندەکە دەڵێت خۆکوژی دووەم هۆکاری سەرەکی مردنی خەڵکانی تەمەن 10-14 ساڵ و 20-34 ساڵ و سێیەمین هۆکاری سەرەکی مردنی خەڵکانی تەمەن 15-19 ساڵدا.

مردنەکان بەهۆی خۆکوشتنەوە زیاتر لە نێو کوڕان و پیاواندا باون وەک لە کچان و ژنان. تاوەکو ئێستا زۆرترین حاڵەتی خۆکوشتن لە نێو پیاوانی تەمەن 75 بۆ سەرەوە بووە.

لە نێو ژنانیشدا زۆرترین حاڵەتی خۆکوشتن لە نێو ئەو ژنانەدا بووە کە تەمەنییان ناوەندە. بەڵام لە نێو کچە هەرزەکار و ژنە گەنجەکانیشدا ڕێژەکە بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە.

سەرچاوە/ AP

XS
SM
MD
LG