Accessibility links

ئەنجومەنی سیناتی ئەمەریکا جۆن ئەبی زەید وەکو نوێنەری ئەمەریکا بۆ سعودیە پەسەند دەکات


جەنەڕاڵی خانەنشینکراوی ئەمەریکی جۆن ئەبی زەید
جەنەڕاڵی خانەنشینکراوی ئەمەریکی جۆن ئەبی زەید

ئەنجومەنی سیناتی ئەمەریکا بە زۆرینەی دەنگ جەنەڕاڵی خانەنشینکراوی ئەمەریکی جۆن ئەبی زەیدیان وەکو نوێنەری ئەمەریکا لە سعودیە پەسەند کرد کە لەو کاتەوەی سەرۆک ترامپ بۆتە سەرۆکی ئەمەریکا ئەو پۆستە بەتاڵە.

ئەندامانی ئەنجومەنی سیناتی ئەمەریکا بە زۆرینەی دەنگ جۆن ئەبی زەیدیان پەسەند کرد کە لەمیانەی جەنگی عێراقدا سەرکردایەتی هێزەکانی ناوەندی ئەمەریکای دەکرد.

لە مانگی یەکی ساڵی 2017 ەوە کە دەکاتە 27 مانگ ئەمەریکا نوێنەری لە سعودیە نەبووە، لەم ماوەیەشدا پەیوەندییەکانی نێوان واشنتن و ڕیاز ئاڵۆزیان تێکەوت بەهۆی دۆسییەی کوژرانی ڕۆژنامەنووسی سعودی جەمال خاشقچییەوە لە ناو کونسوڵخانەی سعودیە لە ئیستەنبوڵ.

زۆرێک لە واشنتن داوایان لە سەرۆک ترامپ کرد هەڵوێستێکی توندتری هەبێت دژی سعودیە بەهۆی بابەتەکانی زیندانیکردن و ئەشکەنجەدانی چالاکەوانانی مافەکانی مرۆڤ و ئەندامانی ئۆپۆزسیۆن و هەروەها کوشتنی هاوڵاتیانی مەدەنی یەمەنی لەڕێی هێرشە ئاسمانییەکانی هاوپەیمانێتی سەربازیی بە ڕابەرایەتی سعودیە لە جەنگی یەمەندا.

لە مانگی یانزەی ساڵی 2018 دا سەرۆک ترامپ ئەبی زەیدی بۆ ئەو پۆستە کاندید کرد.

سەرەڕای ڕەخنەکانی دیموکراتەکان و کۆمارییەکانیش لە سعودیە، سەرۆک ترامپ زۆر فشاری نەخستە سەر سعودیە. ئەوەشی گەڕاندەوە بۆ ئەو گرێبەستانەی چەک کە لەگەڵ سعودیەدا واژۆی کردووە و هەروەها وەبەر‌هێنانەکانی کۆمپانیا ئەمەریکیەکان لە سعودیە و ڕۆڵی سعودیە وەکو هێزێکی گرنگی هاوسەنگی دژی ئێران لە ناوچەکەدا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG