Accessibility links

ئەنجومەنی سیناتی ئەمەریکا پاکێجی بودجەی 460 ملیار دۆلاری پەسەند دەکات و ڕێگریی لە داخستنی حکومەت دەکات


ئەنجومەنی سیناتی ئەمەریکا چەند کاتژمێرێک پێش بەسەرچوونی ماوەی یاسای خەرجییەکان، پڕۆژە یاسای خەرجییەکانی بۆ چەندین دەزگای حکومەتی ئەمەریکا پەسەند کرد، بەمەش توانی ڕێگریی بکات لە داخرانی بەشێکی حکومەت.

بە 75 دەنگ بەرامبەر 22 دەنگ، ئەنجومەنی سینات پڕۆژە یاسای خەرجی بە بڕی 467.5 ملیار دۆلار پەسەند کرد کە تەرخان دەکرێت بۆ کەرتەکانی کشتوکاڵ و گواستنەوە و خانووبەرە و وزە و خانەنشینان و پڕۆگرامەکانی دیکەش، تاوەکو کۆتایی ساڵی دارایی کە دەکەوێتە 30 ی مانگی نۆی ئەم ساڵەوە. ئێستا پڕۆژە یاساکە ڕەوانەی سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن دەکرێت بۆ واژۆکردنی تاوەکو ببێتە یاسا.

پەسەندکردنەکە بەشێکی شەڕێکی چەند مانگە چارەسەر دەکات لەسەر خەرجییەکانی حکومەت کە لە خاڵێکدا بووە هۆی ئەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا کە کۆمارییەکان زۆرینەن تێیدا بۆ ماوەی سێ هەفتە بەبێ سەرۆک بێت.

لە ماوەی ڕابردوودا لەم هەفتەیەدا پڕۆژە یاساکە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکادا پەسەند کرا، بەڵام دەنگدان لەسەر پڕۆژەکە لە ئەنجومەنی سیناتدا دواخرا، ئەوەش بەهۆی ئەوەی هەندێک لە کۆمارییە پارێزگارەکان فشارییان دەکرد بۆ ئەوەی دەنگدان لەسەر کۆچ و بابەتەکانی دیکە بکرێت، بەڵام ئەو فشارانە سەرجەمییان شکستییان هێنا.

بەڵام هێشتا کۆنگرێس دەبێت کاربکات بۆ پڕۆژە یاسایەکی گەورەتری خەرجییەکان، کە سوپا و ئاسایشی نیشتیمانی و تەندروستی و خزمەتگوزارییە گرنگەکانی دیکە دەگرێتەوە، یاسای خەرجی بۆ ئەو بوارانە لە 22 ی مانگی سێدا بەسەردەچێت.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG