Accessibility links

ئەنجومەنی سیناتی ئەمەریکا یارمەتییەکان بۆ ئۆکرانیا و ئیسڕائیل و تایوان پەسەند دەکات


ڕابەری دیموکراتەکان لە ئەنجومەنی سیناتی ئەمەریکا چەک شومەر
ڕابەری دیموکراتەکان لە ئەنجومەنی سیناتی ئەمەریکا چەک شومەر

ڕۆژی سێشەممە ئەنجومەنی سیناتی ئەمەریکا پڕۆژە بڕیارێکی پەسەند کرد کە تێیدا یارمەتییەک بە بڕی 95.3 ملیار دۆلار بۆ ئۆکرانیا و ئیسڕائیل و تایوان تەرخان دەکات، ئەمەش دوای چەند مانگێک لە دانوستانێکی سەخت هاوکاتی زیادبوونی دووبەرەکییە سیاسییەکانی نێو پارتی کۆمارییەکان سەبارەت بە ڕۆڵی ئەمەریکا لە دەرەوەدا.

دەنگدانەکە دوای ئەوە بوو چەند ئەندامێکی کەمی کۆمارییەکان دژایەتی دابینکردنی 60 ملیار دۆلارییان دەکرد بۆ ئۆکرانیا. کۆمارییەکان دەڵێن پێویستە ئەمەریکا سەرەتا سەنگ بخاتە سەر کێشەکانی خۆی پێش ئەوەی پارە بنێرێت بۆ دەرەوە. بەڵام دواجار 22 کۆمارییەکە لەگەڵ زۆرینەی ئەندامانی دیموکراتەکاندا لە بەرژەوەندی پەسەندکردنی یارمەتییەکە دەنگییاندا، 70 دەنگ بەرامبەر 29 دەنگ. لایەنگرانی پڕۆژە بڕیارەکە دەڵێن دەستبەرداربوون لە ئۆکرانیا ڕەنگە سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن پشت ئەستوور بکات و مەترسی لەسەر ئاسایشی نیشتیمانی سەرانسەری جیهان دروست بکات.

دیموکراتەکان زۆرینەن ڕابەری دیموکراتەکان لە ئەنجومەنی سینات چەک شومەر کە زۆرینەن لە ئەنجومەنەکەدا وتی " بەم پڕۆژە بڕیارە، ئەنجومەنی سینات ڕایدەگەیەنێت کە سەرکردایەتی ئەمەریکا پابەندە و نالەرزێت و شکست ناهێنێت." شومەر لە نزیکەوە لەگەڵ ڕابەری کۆمارییەکان لە ئەنجومەنەکە میچ مککۆنێڵدا کاری لەسەر ئەم پڕۆژە بڕیارە کردووە.

پەسەندکردنی پڕۆژە بڕیارەکە لە ئەنجومەنی سینات بۆ ئۆکرانیا نیشانەیەکی پێشوازی بوو کە لە گۆڕەپانی جەنگەکەدا ڕووبەڕووی کەموکورتییەکی ئێجگار بەرچاو بووەتەوە.

بەڵام داهاتووی پڕۆژە بڕیارەکە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکادا دیار نیە، کە لەوێ کۆمارییەکان دژایەتی پڕۆژە بڕیارەکە دەکەن و ڕەخنەیان لە پشتیوانیکردنی ئۆکرانیا گرتووە.

سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە گومانی نوێی دروست کرد سەبارەت بە پڕۆژە بڕیارەکە و ڕوونی کردەوە کە ڕەنگە چەند هەفتە یاخود چەند مانگێکی بوێت تاوەکو کۆنگرێس پڕۆژە یاساکە دەنێرێت بۆ سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن، ئەگەر پەسەند بکرێت.

بەڵام هێشتا دەنگدانەکە لە ئەنجومەنی سینات سەرکەوتن بوو بۆ ڕابەرانی دیموکراتەکان و کۆمارییەکانیش لە ئەنجومەنەکەدا. شومەر دەڵێت پشتگیرییەکی بەهێز هەیە و ئاماژەی بەوەدا ئەگەر سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران پڕۆژە بڕیارەکە بهێنێتە پێشەوە ئەوا لەو ئەنجومەنەشدا هەمان پشتگیری بەهێزی لێدەکرێت. لەم چەند مانگەی ڕابردووشدا ڕابەری کۆمارییەکان لە ئەنجومەنی سینات میچ مککۆنێڵ ئۆکرانیای کردووە بە ئەرکی سەرەکی خۆی، هەروەها سووربوو لەسەر پڕۆژە بڕیارەکە دژی ڕەخنەکانی ئەندامانی پارتەکەی لە کۆنگرەی کۆمارییەکاندا.

مککۆنێڵ ڕاستەوخۆ بەو ئەندامانەی کۆمارییەکانی وت " چاوی جیهان لەسەر ئەنجومەنی سینات بوو."

مککۆنێڵ وتی " ئایا هۆکاری دیکە دەدەین بەوانەی کە خوازیاری ئەوەن زیانمان پێبگەیەنن لەسەر ئەوەی گومان لە سووربوونمان بکەن؟ یان پابەند دەبینەوە بە پیشاندانی هێزی ئەمەریکاوە؟"

ئەو پارەیەی کە بەپێی پڕۆژە بڕیارەکە دابینکراوە کەلوپەلی سەربازیی بەرگری ئەمەریکای پێدەکڕدرێت، لەوانەش تەقەمەنی و سیستمەکانی بەرگری ئاسمانی. هەروەها 8 ملیار دۆلاری دیکەش لە خۆدەگرێت بۆ حکومەتی کیێڤ و یارمەتییەکانی دیکە.

سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی وتی " بۆ ئێمە لە ئۆکرانیا، بەردەوامبوونی یارمەتییەکانی ئەمەریکا یارمەتیدەر دەبن لە ڕزگارکردنی ژیانی خەڵکەکە لە دەست تیرۆری ڕووسیا. واتە ژیان لە شارەکانماندا بەردەوام دەبێت و بەسەر جەنگەکەشدا زاڵ دەبین."

لەگەڵ یارمەتییەکاندا بۆ ئۆکرانیا، پڕۆژە بڕیارەکە 14 ملیار دۆلاریش بۆ ئیسڕائیل تەرخان دەکات لە جەنگەکەیدا دژی حەماس، 8 ملیار دۆلاریش بۆ تایوان و هاوبەشەکانی ئەمەریکا لە ناوچەی ئیندۆ پاسێفیک بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی چین. هەروەها 9.2 ملیار دۆلاریش وەکو یارمەتی مرۆیی بۆ غەززە دابین دەکرێت.

سەرچاوە/ AP

XS
SM
MD
LG