Accessibility links

هاوکاریـیەکانی سعودیـیە لەگەڵ ئەمەریکا لە شەڕی دژی داعش


عەرەبستانی سعودیـیە دەڵێت هاوکاریـیەکانی لەگەڵ ئەمەریکا زیاتر دەکات لە شەڕی دژی داعش، ئەمەش هەنگاوێکە لە ئەنجامی فشار بۆ سەر ڕیاز، بەڵام لە هەمان کاتیشدا باشی پەیوەندیـیەکانی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی نوێی ئەمەریکا بەهۆی نیگەرانی هاوبەشیان بەرامبەر ئێران، هۆکارێکی دیکە.

عادل جوبێر وەزیری دەرەوەی سعودیـیە لە میانەی سەردانەکەیدا بۆ واشنتن لە مانگی ڕابردوو، ڕۆڵی وڵاتەکەی لە نێو هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژی داعش بە ڕابەرایەتی ئەمەریکا بەرزنرخاند.

جوبێر کە لە پاڵ ڕێکس تیلەرسن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لێدوانی دەدا، گوتی وڵاتەکەی کاری زیاتر لە نێو هاوپەیمانێتیەکە دەکات و لە پاش ئەمەریکا دووەم وڵاتە زۆرترین هێرشی ئاسمانی لە ناو سوریا ئەنجام دابێت.

وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا دەڵێت هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی بە ڕابەرایەتی ئەمەریکا وەک بەشێک لە ئۆپەراسیۆنەکەی کە لە مانگی هەشتی ساڵی 2014 وە دەسـتیپـێکردووە، هەتا 28 ی مانگی سێ 7840 هێرشی ئاسمانی ئەنجامداوە. دەڵێت جگە لە 371 هێرشیان نەبێت، ئەوانی دیکەیان ئەمەریکا ئەنجامی داون. وڵاتەکانی دیکەی هێرشەکانی تریان ئەنجامداوە بریتین لە 11 وڵات، ئەوانیش ئوسترالیا، بەحرەین، بەریتانیا، کەنەدا، دانمارک، فەڕەنسا، ئوردن، هۆڵەندا، عەرەبستانی سعودیـیە، تورکیا، ئیمارات.

ڕیاز هەروەها باس لە هەوڵەکانی دەکات بۆ ڕاگرتنی ڕەوانەکردنی پارە لە سعودیـیەوە بۆ داعش یان پەیوەندیکردنی کەسانی سعودی بە داعشەوە. باڵیۆزخانەی سعویـیە لە واشنتن لە مانگی حەوتی ساڵی 2016 نووسراوێکی بڵاوکردەوە، تیایدا نووسیویەتی سعودیـیە و ئەمەریکا و ئیتالیا هاوسەرۆکن لە گروپی نەهێشتنی دارایی داعش، ئەوەی لە ساڵی 2015 وە دامەزراوە.

هەنگاوەکانی دیکەی سعودیـیە لە دژی داعش کە تیشکیان خراونەتەسەر، لەوانە لەوەتای ساڵی 2015 زیاتر لە 2800 کەسی دەسـتگیرکردووە بە تاوانی تێرۆرەوە. هەروەها لە ڕێگەی پـیاوانی ئاینیـیەوە هەڵمەتێـکی هوشیارکردنەوە بەڕێوەدەبات لە دژی پـرۆپاگەندەکانی داعش.

تیلەرسن لە کۆبوونەوەی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی لە 22 ی مانگی سێ لە واشنتن گوتی عەرەبستانی سعودیـیە و میسر بە تایبەتی ڕۆڵێکی گرنگ دەبینن لە شەڕی دژی داعش و گروپە ڕادیکاڵە ئیسلامیە تێرۆرستیەکانی دیکە.

یەکێک لە هۆکارەکانی ئەمەریکا جەخت لە ڕۆڵی گرنگی سعودیـیە دەکاتەوە ڕەنگە ئەوە بێت کە ڕیاز تۆمەتبارکراوە بەوەی چەندان ساڵ پـێش ئەوەی شەڕی داعش بکات، خۆی زەمینەی بۆ سەرهەڵدانی داعش خۆشکردبوو.

ڕەخنەگران دەڵێن وەهابیەت کە مەزهەبێـکی توندی ئیسلامە و بنەماڵەی پاشایەتی سعودیـیە پەیڕەوی دەکات ئیلهام بەخشی داعش بووە. دەشڵێن ڕیاز وەک پـێویست کاری نەکردووە بۆ ڕاگرتنی ئەو خەڵکە کەمەی لە سعودیـیەوە پـشتیوانی لە داعش دەکەن و پارەی بۆ ڕەوانەدەکەن.

زاڵمای خەلیلزاد باڵیۆزی پـێشووی ئەمەریکا بۆ ئەفغانستان و عێراق و نەتەوە یەکگرتووەکان لە وتووێژێکدا بۆ بەشی ئەفغانی دەنگی ئەمەریکا گوتی" سعودیـیەکان لەبەر هۆکاری جیاواز پشـتیوانیان لە توندڕەوان کردووە، ئەمە هیچ گومانی لەسەر نیـیە."

عەباس کازم کە پـێشتر شیکەرەوەی سیاسی بوو لە SAIS-Johns Hopkins، پـێیوایە عەرەبستانی سعودیـیە دەیەوێت ڕووی خۆی سپـی بکاتەوە. کازم لە وتووێژێکدا لەگەڵ بەشی فارسی دەنگی ئەمەریکا گوتی" ڕاوەدونانی داعش بەشێکە لەو هەوڵەی سعودیـیە دەیدات بۆ لادانی سەرنجەکان لەسەر ڕۆڵی لە دروستبوونی ئەم بەدکارانە (داعش)."

کاربەدەستانی سعودیـیە دەڵێن ئەو ڕەخنانەی لە وڵاتەکەیان دەگیرێن ڕەوا نین و وەک بەڵگەیەک بۆ هەوڵەکانیان لە دژی تێرۆرزم ئاماژە بۆ ئۆپەراسیۆنەکانی ناوخۆیان دەکەن لە دژی چەکدارە ئیسلامیـیەکان.

خەلیلزاد گوتیشی " پاشای سعودیـیە و شازادەی کوڕی بە ئاشکرایی جەخت دەکەنەوە ئیسلامی توندڕەوی سووننە هەڕەشەیەکە بۆ سەر خۆیان. ئەوان بیروبۆچوونێکی نوێسازیـیان هەیە و دەیانەوێت لە گروپە توندڕەوەکان دوربکەونەوە، بەڵام ئەمە ماوەیەکی درێژی دەوێت."

ئەمەریکایـیەکان بۆ چەندان نەوەیە دەپرسن، چیـیە ئەو بەها هاوبەشانەی ئەمەریکا لەگەڵ وڵاتی سعودیـیە هەیەتی لە ڕووی کۆمەڵایەتی، فێرکردن، ئاینی، سیاسی کە پـێچەوانەی یەکترن.

بەڵام تۆماس لیپمان ڕۆژنامەوان و شیکەرەوە لە ئنستتیوتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە واشنتن دەڵێت هەمیشە وەڵامە یەکە، ئەویش ئەوەیە هەندێک جار ئێمە پـێویستمان بەوانە و هەندێک جاریش ئەوان پـێویستیان بە ئێمەیە، وە ئەمەش بەردەوام دەبێت هەتا بنەماڵەی ئال سعود لەسەر دەسەڵات بن.

XS
SM
MD
LG