وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا دەڵێت دۆخی ناو ڕووسیا هێشتا جووڵەیەکی تێدایە سەرەڕای کۆتایی هاتنی یاخیبوونەکە، وتیشی نازانێت سەرۆکی ڤاگنەر یەڤیگنی پریگۆژین لە کوێیە.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ماتیو میڵەر بە ڕۆژنامەنووسانی وت " بێگومان ئەوە شتێکی نوێیە ببینیت سەرکردایەتییەکەی سەرۆک پوتن ڕاستەوخۆ ڕووبەڕووی ئاستەنگ ببێتەوە. شتێکی نوێیە ببینیت یەڤیگنی پریگۆژین ڕاستەخۆ گومان لەسەر هۆکاری ئەم جەنگە دروست دەکات و دەڵێت جەنگەکە لە ناوەڕۆکدا لەسەر بنەمای درۆ بووە."
پریگۆژین ڕۆژی شەممە جیهانی توشی سەرسوڕمان کرد کاتێک چەکدارەکانی ڤاگنەر شاری ڕۆستۆڤی باشووری ڕووسیایان کۆنتڕۆڵکرد و بەرەو مۆسکۆ پێشڕەوییان کرد، چەند فڕۆکەیەکییان خستە خوارەوە و ڕووبەڕووی هیچ بەربەستێک نەبوونەوە، بەڵام دواتر پریگۆژین پێشڕەوییەکانی ڕاگرت و چەکدارەکانی کشانەوە بۆ بنکەکانیان.
ڕۆژی شەممە ئەمەریکا لە پەیوەندیدا بووە لەگەڵ حکومەتی ڕووسیادا، ئەوەش لە ڕێی باڵیۆزی ئەمەریکا لە ڕووسیا لین ترەیسی و بەرپرسانی دیکەشەوە. ترەیسی بە بەرپرسانی ڕووسیای وت ئەمەریکا پێشبینی دەکات ڕووسیا بەرپرسیارێتییەکانی لە پاراستنی باڵیۆزخانە و کارمەندە دیبلۆماتییەکەی ئەمەریکا لە مۆسکۆ بپارێزێت.
میڵەر وتی ڕووداوەکان نیگەرانییەکانی واشنتنیان سەبارەت بە ناجێگیرییەکانی ڤاگنەر زیاتر کردووە.
ڤاگنەر کە سەربازانی پێشووی ڕووسیا لە خۆدەگرێت لە سوریا و لیبیا و ناوەڕاستی ئەفریقا و مالی و وڵاتانی دیکە شەڕییان کردووە. لە ساڵی 2014 دا و دوای ئەوەی مۆسکۆ نیمچە دوورگەی کرایمیای ئۆکرانیای لکاند بە ڕووسیاوە، ڤاگنەر دامەزرا و دەستیکرد بە پشتیوانیکردنی هێزە جیاخوازەکانی هەرێمی دۆنباسی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا.
میڵەر وتی واشنتن نازانێت ڤاگنەر لە ئۆکرانیا یاخود لە ئەفریقادا چی بەسەر دێت، بەڵام ئەمەریکا ڕێوشوێن دەگرێتەبەر بۆ لێپێچینەوە لێیان.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز
ئەمەریکا دەڵێت شتێکی نوێیە ببینێت سەرکردایەتییەکەی پوتن ڕاستەوخۆ ڕووبەڕووی ئاستەنگ دەبێتەوە
