سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن دەڵێت یاخیبوونەکەی گروپی بەکرێگیراوی ڤاگنەر دژی کرێملن بەشێک بوو لە ململانێکانی ناو سیستمی ڕووسیا، وە ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی دەستییان نەبووە تێیدا.
بایدن لە یەکەمین لێدوانیدا سەبارەت بە یاخیبوونەکەی ڤاگنەر وتی " ئێمە ڕوونمان کردووەتەوە کە دەستمان نەبووە تێیدا، هیچ پەیوەندییمان بەمەوە نەبووە."
وتەبێژی ئاسایشی نیشتمانی کۆشکی سپی جۆن کێربی بە ڕۆژنامەنووسانی وت پەیامەکەی بایدن لەسەر ئەوەی کە ڕۆژئاوا دەستی نەبووە لە یاخیبوونەکەدا ڕاستەوخۆ لە ڕێی چەند کەناڵێکی دیپلۆماتی جۆراوجۆرەوە گەیەندرا بە ڕووسیا، بەڵام باسی لە وەڵامی مۆسکۆ نەکرد.
لە بۆنەیەکدا لە کۆشکی سپی، بایدن وتی فەرمانی بە تیمی ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکا کردووە " سات بە سات " دوایین زانیارییەکانی سەبارەت بە دۆخەکە بدەنێ و ئامادەکاری بکەن بۆ چەندین سیناریۆی جیاواز، بەڵام باسی لەو سیناریۆیانە نەکرد.
لە ماوەی ڕابردوودا دەزگای هەواڵی تاسی ڕووسیا لە زاری وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە سێرگێی لاڤرۆڤەوە بڵاویکردەوە دەزگاکانی هەواڵگری ڕووسیا لێکۆڵینەوە لەوە دەکەن کە ئایا دەزگا سیخوڕییەکانی ڕۆژئاوا دەستییان هەبووە لە یاخیبوونەکەدا یاخود نا.
سەرچاوەیەکی نزیک لە بابەتەکەوە وتی کۆمەڵگەی هەواڵگری ئەمەریکا " ئاگاداری " ئەوە بووە کە یاخیبوونی سەرۆکی ڤاگنەر یەڤیگنی پریگۆژین " ئەگەرێک بووە " و بەپێی ئەوەش پێش ئەوەی دەست پێبکات کۆنگرێسییان ئاگادار کردۆتەوە.
سەرۆک بایدن وتی لە ڕێی پەیوەندییەکی ڤیدیۆییەوە لەگەڵ هاوپەیمانە سەرەکییەکانی ئەمەریکادا قسەی کردووە، ئەوەش بە مەبەستی ئەوەی دڵنیا ببێتەوە لەوەی هەمووان یەک بۆچوونییان هەیە و وەڵامدانەوەشیان بە هەماهەنگی بێت.
وتی " ڕێککەوتین لەسەر ئەوەی دەبێت دڵنیا ببینەوە لەوەی هیچ بیانوویەک نەدەین بە پوتن، هیچ بیانوویەک مەدەن بە پوتن، تاوەکو لۆمەی ڕۆژئاوا و ناتۆ نەکات لەسەر ئەمە."
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز
سەرۆک بایدن: ئەمەریکا و هاوپەیمانان دەستییان نییە لە یاخیبوونی دژی پوتن
