Accessibility links

بایدن و هێرس پێشوازی لەو زیندانییە ئەمەریکاییانە دەکەن کە لە ئاڵوگۆڕێکدا لەگەڵ ڕووسیا ئازادکران

سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن و جێگری سەرۆکی ئەمەریکا کامڵا هێرس شەوی پێنجشەممە باوەشییان بە ڕۆژنامەنووس ئیڤان گێرشکۆڤیچدا کرد لە کاتێکدا کە ئەو و دوو ئەمەریکایی دیکە گەیشتنەوە ئەمەریکا، دوای ئەوەی لە ئاڵوگۆڕێکی گەورەی زیندانییەکاندا لەلایەن ڕووسیاوە ئازاد کران.

ڕۆژنامەنووسی واڵ ستریت جێرناڵ ئیڤان گێرشکۆڤیچ و سەربازی پێشووی ئەمەریکا پۆڵ ویلان و ڕۆژنامەنووس ئالسو کورماشیڤا بە خێزان و هاوڕێکانییان شاد بوونەوە لە کاتێکدا کە لە فڕۆکەکە دابەزین، پێش ئەوە سڵاوییان لە بایدن و هێرس کرد.

بایدن لە فڕۆکەخانەی بنکەی ئەندرۆز لە نزیک واشنتن بە ڕۆژنامەنووسانی وت "هەستێکی خۆشە."

ئازادکراوەکان لە نێو 16 زیندانیدا بوون کە پێشتر لە ڕۆژی پێنجشەممەدا ئازاد کران، ئەوەش لە گەورەترین ئاڵوگۆڕی زیندانیکراوان لە نێوان ڕۆژئاوا و ڕووسیادا لە دوای جەنگی ساردەوە.

ڤلادیمیر کارا مورزا، کە ناسراوە بەوەی ڕەخنەی توند لە کرێملن دەگرێت و لە ئەمەریکا دادەنیشێت، ئەویش لە نێو ئەو کەسانەدا بوو کە ئازادکران، بەڵام بە جیا گەڕایەوە بۆ ئەمەریکا.

لە ئاڵوگۆڕەکەدا کە لە فڕۆکەخانەیەک لە ئەنکەرەی پایتەختی تورکیا ئەنجامدرا، 10 ڕووسیایی لە بەرامبەر 16 کەس کە لە ڕووسیا زیندانیکرابوون ئازاد کراون، لە نێو ئەو 16 کەسە، 7 هاووڵاتییان ڕووسیایین و 5 ی دیکەیان ئەڵمانین.

بایدن خۆشحاڵی خۆی بە ڕێکەوتنەکە دەربڕی کە هەریەک لە ئەڵمانیا و پۆڵەندا و سلۆڤینیا و نەرویژ و بێلاڕووسیش لەلاکەی دیکەوە تێیدا بەشداربوون.

هێرس کە ڕەنگە ببێتە بەربژێری دیموکراتەکان بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمەریکا، وتی " ڕۆژێکی دەگمەنە."

ئەمەریکاییە ئازادکراوەکان لە فڕۆکەی گەڕانەوەیاندا
ئەمەریکاییە ئازادکراوەکان لە فڕۆکەی گەڕانەوەیاندا

ئازادکراوەکان، لە گەڕانەوەیان بران بۆ بنکەی تەندروستی لەشکری برووک لە سان ئەنتۆنیۆی ویلایەتی تەکساس بۆ ئەوەی لەوێ پشکنینی تەندروستییان بۆ بکەن.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

This item is part of
XS
SM
MD
LG