ڕۆژی پێنجشەممە وەزارەتی دادی ئەمەریکا پێشنیارێکی ئاشکرا کرد بۆ دووبارە پۆڵێنکردنەوەی ماریوانا وەکو دەرمانێکی کەمتر مەترسیدار، ئەمەش بە گۆڕانکارییەکی دیار دادەنرێت لە سیاسەتی دەرمانی ئەمەریکادا.
پێشنیارەکە سەرەتا لە مانگی چواردا ڕاگەیەندرا و ماریوانا دووبارە پۆڵێن دەکاتەوە، لە خشتەی یەکی دەرمانەکانەوە دەیگۆڕێت بۆ خشتەی سێ. دەرمانەکانی خشتەی یەک جۆرە دەرمانەکانی وەکو هێرۆیین و ئێڵ ئێس دی دەگرێتەوە کە بە دەرمانی زۆر ئاڵودەکار ناوبراون و بەبێ هیچ سوودێکی تەندروستی لە قەڵەمدراون.
لە بەرامبەردا، دەرمانەکانی خشتەی سێیەم ئەو دەرمانانە دەگرێتەوە کە ئاڵوودەبوون پێیانەوە لە ڕووی جەستەیی و دەروونیشەوە مامناوەند یاخود کەمن.
ڕۆژی پێنجشەممە سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن بە ئاشکرا ستایشی پێشنیارەکەی وەزارەتی دادی کرد بۆ کەمکردنەوەی کۆتوبەندەکانی سەر ماریوانا.
بایدن لە ڤیدیۆیەکدا کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاوکراوەتەوە دەڵێت " هیچ کەس نابێت بخرێتە زیندانەوە لەسەر ئەوەی زۆر بە کەمی ماریوانای بەکارهێناوە یاخود پێی بووە. ژیانی خەڵکانێکی زۆر بەهۆی سیاسەتی شکستخواردووی ماریواناوە کۆتاییان پێهاتووە، منیش پابەندم بە ڕاستکردنەوەی ئەو هەڵانەوە."
بەڕێوبەرایەتی دەرمان و خۆراکی ئەمەریکا وتی " هەندێک بەڵگەی زانستی متمانەپێکراوی دۆزیوەتەوە کە پشتگیری لە بەکارهێنانی ماریوانا دەکەن لە چارەسەرکردنی ئازاری درێژخایەن و کەمی ئارەزووکردن بۆ خواردن و هێڵنجدان و ڕشانەوەدا."
پێشنیارەکە دەڵێت " لەگەڵ ئەوەشدا هیچ نیگەرانییەک نەبووە لە پێداچوونەوەکەی بەڕێوبەرایەتی دەرمان و خۆراکدا کە ئاماژە بەوە بدات بەکارهێنانی ماریوانا لە ڕووی تەندروستییەوە مەترسییەکی گەورە لەسەر پارێزراویی دروست دەکات."
جێی ئاماژەیە ماریوانا بە شێوازێکییەوە لە نزیکەی 40 ویلایەتی ئەمەریکادا یاساییە.
گۆڕینی خشتەی دەرمانەکە نابێتە هۆی ئەوەی ماریوانا لەسەر ئاستی فیدڕاڵی بە یاسایی ببێت، بەڵام بناغەیەک دەبێت بۆ توێژینەوە و بەکارهێنانی زیاتری ماریوانا لە ڕووی تەندروستییەوە و ڕەنگە یارمەتیدەریش بێت لەسەر ئەوەی سزای بەکارهێنانی ماریوانا توندییەکەی کەمتر بێت.
سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا