Accessibility links

خۆپیشاندانی لایەنگرانی ترامپ لە واشنتن هاوکاتی بەفەرمی ناساندنی ئەنجامەکانی دەنگدان لە کۆنگرێس


چاوەڕەوان دەکرێت ئەمڕۆ چوارشەممە پشتیوانانی سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپچەندین خۆپیشاندان لە واشنتن ئەنجام بدەن بۆ پشتیوانی کردن لە ناڕەزاییەکانی سەرۆک لەسەر بە فەرمی ناساندنی بردنەوەی جۆو بایدن لە هەڵبژاردنەکانی مانگی 11دا.

بڕیارە ترامپ لە یەکێک لە خۆپیشاندانەکەی ئێللێپسی، کە دەکەوێتە باشووری کۆشکی سپییەوە، لێدوان بدات.

هەروەها بڕیارە ڕۆژی چوارشەممە بایدن لە ماڵەکەی خۆی لە دلوێرەوە پاش کۆبوونەوەی لەگەڵ ڕاوێژکارە ئابوورییەکانی وتارێک پێشکەش بکات.

ئەمەش لە کاتێکدایە کە چاوەڕوان دەکرێت هەر ئەمڕۆ چوارشەممە کۆنگرێس ئەنجامەکانی دەنگی نوێنەران بەفەرمی واژۆ بکات.

بەر لەم ڕووداوانەی ڕۆژی چوارشەممە، ترامپ بەردەوام بوو لە بەکارهێنانی تویتەر بۆ ئەوەی بانگەشەی ناسەلمێنراو بکات کە لە هەڵبژاردندا سەرکەوتنی بەدەستهێناوە.

سەبارەت بەو کەسانەی کە دێن بۆ واشنتن بۆ خۆپیشاندانەکان سەرۆک گوتی " ئەوان چاوەڕێ ناکەن سەرکەوتنێکی سەرتاسەری لە هەڵبژاردنەکاندا بدزرێت."

سەدان کەس شەوی سێشەممە لە واشنتن کۆبونەوە و پێکدادان لە نێوان چەند گروپێکیان و پۆلیس ڕوویدا.

کاربەدەستان دەڵێن ئەوان شەش کەسیان دەستگیرکردووە.

شەقامەکانی واشنتن داخراون و شارەوانی واشنتن مورێل باوسەر داوای گاردی نیشتمانی کردووە لە ترسی دروستبوونی توندوتیژی هاوشێوەی ئەوەی لە هاوین ڕوویدا.

دووکان و بازاڕەکانی ناوجەرگەی واشنتن داخراون و گاردی نیشتمانیش هاوکاری پۆلیسی دی سی و پۆلیسی پارکی نیشتمانی دەکات بۆ کۆنترۆڵکردنی خۆپیشاندانەکانی ڕۆژی چوارشەممە.

داوا لە خەڵکی ڤێرجینا و مێریلاندی دراوسێی دی سی کراوە لە ماڵەکانی خۆیان بمێننەوە و خۆپیشاندانی دژ ئەنجام نەدرێت.

شارەوانی واشنتن لە تویتێکدا دەڵێت " داوا لە خەڵکی واشنتن و ئەوانە دەکەم کە لە ناوچەکەدا دەژین لە ڕۆژانی سێشەممەو چوارشەممە دووربن لە ناوجەرگەی واشنتنەوە تا بەرەیەککەوتن لەگەڵ ئەو خۆپیشاندەرانەدا دروست نەبێت کە هاتوون بۆ شارەکەمان و هەوڵی ڕووبەڕووبوونەوە دەدەن، و ئێمە ئەوەی پێویست بێت دەیکەین تا دڵنیابین لەوەی هەمو بەشداربووان بە ئاشتیانە دەمێننەوە."

ژمارەیەک لە چالاکوانانیش لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کە داوایان کردووە خۆپیشاندەرانی دژ لە ماڵەکانی خۆیان بمێننەوە، هۆشدارییان لە دژی ڕوودانی توندوتیژی لە نێوان گروپەکاندا داوە.

بەهۆی پێکدادان لە نێوان خۆپیشاندەرانی پشتیوانی ترامپ و خۆپیشاندەران دژ لە مانگی 12 چوارکەس بە چەقۆ بریدنار بوون.

گروپی 'پراود بۆی' لەلایەن نێوەندی یاسایی هەژاری باشورەوە بە گروپێکی ڕق و کینە ناسراون و چاوەڕوان دەکرێت لە خۆپیشاندانەکەی ڕۆژی چوارشەممەدا بەشداری بکەن.

ڕۆژی دووشەممە ڕێبەرەکەیان بەناوی هێنری ئینریکێ تاریۆ بە تاوانی زیانگەیاندن بە موڵکی خەڵکی دەستگیر کرا بەهۆی سوتاندنی ئاڵایەکی بزوتنەوەی ژیانی ڕەشپێستەکان گرنگە. ڕۆژی سێشەممە ئازاد کرا بەڵام ڕێگەی لێگیراوە بگەڕێتەوە بۆ ناو شارەکە بەرلە دادگاییەکەی کە لە مانگی شەشدا ئەنجام دەدرێت.

واژۆکردنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن لەلایەن کۆنگرێسەوە، بە شێوەیەکی گشتی شتێکی ڕۆتینە و ڕێوڕەسمێکی فەرمییە کە دووا هەنگاوە بۆ پەسەند کردنی دەنگەکانی نوێنەران کە بە فەرمی بایدنیان لە 14 ی مانگی 12 هەڵبژارد لە کاتێکدا ئەمە تاقیکردنەوەیەکیشە لەبەردەم پشتیوانانی ترامپ لە کۆنگرێس. زیاتر لە 100 پشتیوانی ترامپ لە کۆنگرێس هەوڵ دەدەن ئاستەنگ بۆ ئەو پرۆسەیە دروست بکەن.

سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران نانسی پیلۆسی لە نامەیەکدا بۆ دیموکراتەکان لە ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند واژۆکردنی ئەو بەڵگەنامەیە " پەیوەندی بە مسۆگەرکردنی متمانەوە هەیە لە سیستمی دیموکراسیماندا."ئەو گوتیشی وەکو ئەندامی کۆنگرێس ئێمە بەرپرسیارێتییەکمان هەیە بۆ ڕاگرتنی پرسنسیپەکە: خەڵکی سەروەرن و ئەوان دەسەڵاتی ئەوەیان هەیە ڕێبەری خۆیان بە ڕێگای سندوقەکانی دەنگدان هەڵبژێرن."

XS
SM
MD
LG