Accessibility links

دەزگاکانی ڕاگەیاندن: ئەمەریکا بەنیازە بە بەهای 5 ملیار دۆلار حەبی چارەسەری کۆرۆنا بکڕێت


دەزگاکانی ڕاگەیاندن دەڵێن بەڕێوەبەرایەتی سەرۆک جۆو بایدن لە بەرنامەیدایە بڕی 5 ملیار دۆلار بۆ کڕینی حەبێک تەرخان بکات کە دەڵێن چارەسەری نەخۆشی کۆرۆنا دەکات.

حەبەکە کۆمپانیای فایزەر دروستیکردووە. فایزەر کۆمپانیایەکی ئەمریکییە و یەکێک لە بەناوبانگترین دروستکەرەکانی ڤاکسینی دژ بە ڤایرۆسی کۆرۆنا. ڤاکسین بۆ ئەو کەسانەیە کە نەخۆشییەکەیان نەگرتووە، بەڵام حەبەکە بۆ چارەسەرکردنی ئەوانەیە کە هەڵگری ڤایرۆسەکەن.

هەواڵەکە دوای ئەوە دێت کە فایزەر ڕایگەیاند گەیشتۆتە ڕێکەوتنێک لەگەڵ ڕێکخراوێکی تەندروستی ژنێف کە نەتەوە یەکگرتووەکان پاڵپشتی دەکات تا رێگەبدات بە کۆمپانیاکانی 95 وڵاتی جیهان حەبەکە دروست بکەن.

بەپێی ڕێکەوتنەکە حەبەکە وڵاتانی کەم داهات و داهات مامناوەندی لە جیهان دابیندەکرێت. زیاتر لە 53% خەڵکی جیهان لەو دەوڵەتانەن.

فایزەر دەڵێت حەبە نوێیەکەی کە ناوی پاکسلۆڤیدە، مەترسی کەوتنە نەخۆشخانە و مردن لەو کەسانەی کە زۆر بە توندی ڤایرۆسەکەیان نەگرتووە بە ڕێژەی 90% کەمدەکاتەوە. حەبەکە هێشتا لە ژێر لێکۆڵینەوەدایە، بەڵام پسپۆڕانی سەربەخۆ دەڵێن حەبەکە هێندە کاریگەرە لێکۆڵینەوەی زیاتر پێویست ناکات.

ئیستیبان بورۆن، لە ڕێکخراوەکەی ژنێف بە ناوی Medicines Patent Pool دەڵێت، "زۆر گرنگە دەتوانین ئەم دەرمانە، کە وادەردەکەوێت کاریگەربێت، بۆ نزیکەی چوار ملیار کەس دابین بکەین."

یوانکیۆنگ هو، ڕاوێژکاری یاسایی لە ڕێکخراوی دکتۆرانی بێ سنوور، دەڵێت رێکخراوەکەی نائومێدە لەوەی رێکەوتنەکە حەبەکە بۆ تەواوی وڵاتانی جیهان دابین ناکات.

هو گوتی، "جیهان ئێستا دەزانێت کە هەمووان لە هەموو شوێنێک پێویستە دەستیان بگاتە چارەسەری پزیشکی، ئەگەر لە ڕاستیدا بمانەوێت کۆنترۆڵی ئەم نەخۆشییە جیهانییە بکەین."

لە وڵاتە کەمدەرامەتەکان، فایزەر پارە وەرناگرێت. بەڵام فایزەر تا ئێستا تەنیا 1% ڤاکسینەکانی دژە ڤایرۆسی کۆرۆنای بۆ ئەو وڵاتانە ناردووە.

ئیدارەی بایدن بەڵێنی داوە کە زیاتر لە دوو ملیار دۆلار لە کڕینی زیاتر لە 3 ملیۆن حەبدا خەرجبکات کاتێک دەسەڵاتدارانی تەندروستی ئەمەریکا ڕەزامەندیان لەسەر دەرمانەکەدا. کۆتایی ئەم مانگە دەسەڵاتدارانی تەندروستی ئەمەریکا لەو بارەیەوە کۆدەبنەوە. لە بەریتانیا، ئەم مانگە ڕەزامەندی لەسەر حەبەکە درا.

XS
SM
MD
LG