Accessibility links

ڕەنگە ژمارەیەکی زۆر لە یاسادانەرانی ئەمەریکا لە کۆنگرێس بایکۆتی وتارەکەی نەتانیاهو بکەن


سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهو، 3 ی مانگی سێی ساڵی 2015، کۆنگرێسی ئەمەریکا
سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهو، 3 ی مانگی سێی ساڵی 2015، کۆنگرێسی ئەمەریکا

دوایین جار سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهو نۆ ساڵ لەمەوبەر وتارێکی پێشکەشی کۆنگرێسی ئەمەریکا کرد، نزیکەی 60 یاسادانەری دیموکراتەکان بایکۆتییان کرد، لەو کاتەدا نەتانیاهو ڕەخنەی لە سەرۆکی ئەو کاتەی ئەمەریکا باراک ئۆباما گرت کە گفتوگۆی لەسەر ڕێککەوتنێکی ئەتۆمیدا دەکرد لەگەڵ ئێراندا.

بڕیارە نەتانیاهو لە 24 ی مانگی حەوتدا لە کۆنگرێسی ئەمەریکا وتارێک پێشکەش بکات، لە کاتێکدا کە حکومەتەکەی لە ئێستادا لە جەنگدایە دژی حەماس، پێشبینیش دەکرێت ژمارەی ئەو یاسادانەرانەی کە ئامادەی وتارەکە نەبن زۆر زیاتر بێت.

دیموکراتەکانی کۆنگرێسی ئەمەریکا هێشتا دڵنیا نین ئامادە بن یان نا. زۆرێکییان گیرییان خواردووە لە نێوان پشتیوانییە درێژخایەنەکەیان بۆ ئیسڕائیل و توڕەبوونییان لەسەر چۆنێتی بەڕێوەبردنی جەنگەکەی ناو غەززە لەلایەن ئیسڕائیلەوە.

لە 7 ی مانگی 10 دا چەکدارانی حەماس هێرشییان کردە سەر باشووری ئیسڕائیل و ئەوەش بووە هۆی هەڵگیرسانی جەنگەکە لە غەززەدا. بەرپرسانی ئیسڕائیل دەڵێن لە هێرشەکەی حەماسدا زیاتر لە 1200 کەس کوژراون و نزیکەی 250 کەسی دیکەش بە بارمتە گیراون. بەرپرسانی تەندروستی فەلەستینییەکانیش دەڵێن زیاتر لە 37000 فەلەستینی لە جەنگەکەدا کوژراون.

لە کاتێکدا کە هەندێک لە دیموکراتەکان دەڵێن وەکو ڕێزێک بۆ ئیسڕائیل ئامادە دەبن، ژمارەیەکی زیاترییان دەیانەوێت خۆیانی لێبەدوور بگرن، ئەمەش گرژییەکی لەو جۆرە کۆبوونەوەیەدا دروست کردووە کە بە درێژایی مێژوو وەکو مەراسیمێک بووە بۆ دەربڕینی پشتیوانییەکی زۆرینە بۆ ئیسڕائیلی هاوپەیمانی ئەمەریکا.

سەرۆکی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا نانسی پیڵۆسی لەمدواییانەدا لە سی ئێن ئێن سەبارەت بە نەتانیاهو وتی " هیوادارم ببێتە دەوڵەتدار و ئەوە بکات کە ڕاستە بۆ ئیسڕائیل. دەبێت یارمەتییان بدەین ڕێگە نەدەین ئەو ' نەتانیاهو ' ئەو هەموو ماوە زۆرە لەبەردەم ئەوەدا بوەستێت."

گرژییەکانی نێوان نەتانیاهو و سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن بە ئاشکرا دیار بووە، هەفتەی ڕابردوو نەتانیاهو بەڕێوبەرایەتییەکەی بایدنی تۆمەتبار کرد بە تۆمەتی ڕێگە نەدان بە دابینکردنی چەکی ئەمەریکایی بۆ ئیسرائیل، ڕۆژی یەکشەممەش هەمان شتی بە کابینەکەی وتەوە. وتەبێژی کۆشکی سپی کارین جین پیێر وتی " ئێمە بە ڕاستی نازاین ئەو باسی چی دەکات. نازانین."

بەرپرسێکی نزیک لە بابەتەکەوە وتی بانگهێشتکردنی نەتانیاهو لەلایەن سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا مایک جۆنسنی کۆمارییەوە دوای ڕاوێژکردن بووە لەگەڵ کۆشکی سپیدا. وتیشی تاوەکو ئێستا باس لە هیچ کۆبوونەوەیەک نەکراوە لە نێوان نەتانیاهو سەرکردەکانی ئەمەریکادا.

نەتانیاهو وتی " زۆر خۆشحاڵ " بووە بە بانگهێشتەکە بۆ قسەکردن بۆ کۆنگرێس و دەرفەتی ڕوونکردنەوەی " ڕاستییەکان سەبارەت بە جەنگە دادپەروەرەکەمان دژی ئەوانەی کە هەوڵی لە ناوبردنمان دەدەن بۆ نوێنەرانی گەلی ئەمەریکا و سەرانسەری جیهان."

سیناتۆری دیموکرات کریس ڤان هۆڵن کە ئامادەی وتارەکەی نەتانیاهو بوو لە ساڵی 2015 دا لە ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا، وتی هیچ هۆکارێک نابینێت بۆ ئەوەی کۆنگرێس " ژیانی سیاسیی نەتانیاهو درێژبکاتەوە."

سەرۆکی کۆمیتەی کاروباری دەرەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا مایکڵ مککۆڵی کۆماری وتی پێم وایە " تەندروست " دەبێت بۆ ئەندامانی هەردوو ئەنجومەنەکەی کۆنگرێس ئامادە بن. وتی " پێم وایە زۆرێک لە ئەمەریکاییەکان چیرۆکەکەیان تەنها لە یەک لاوە بیستووە، بە تایبەتی گەنجان، پێشم وایە گرنگە لە دەمی سەرۆک وەزیری ئیسڕائیلەوە بیبیستن."

بەپێی چاوپێککەوتنەکان کە لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر لە دیموکراتەکاندا ئەنجام دراون، زۆرێکییان ناڕازین لەسەر ئەوەی نەتانیاهو بانگهێشت کراوە وتار بدات، زۆرێکییان هەست دەکەن ئەمە پلانێکی کۆمارییەکان بێت بۆ خستنەوەی دووبەرەکی لە نێو پارتی دیموکراتەکاندا. هەندێک لە دیموکراتەکان دەڵێن ئامادەن پشتیوانی خۆیان بۆ ئیسڕائیل دەرببڕن، نەک بۆ نەتانیاهو.

گریگۆری میکسی دیموکراتی باڵا لە کۆمیتەی کاروباری دەرەوەی ئەنجومەنی نوێنەران وتی بەهۆی پۆستەکەیەوە " ناچارە " ئامادە بێت.

وتی " نەدەبوو ئەوە ببێت. بەڵام ناتوانم کۆنتڕۆڵی ئەوە بکەم، دەبێت کارەکەی خۆم بکەم."

هەندێک لە دیموکراتەکانی دیکەش چاوەڕێی ئەوە دەکەن کە ئایا نەتانیاهو تاوەکو کاتی وتارەکەی وەکو سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل دەمێنێتەوە یاخود نا.

سەرچاوە/ AP

XS
SM
MD
LG