Accessibility links

سوپای ئەمەریکا ئەرکە چاودێرییەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زیاتر دەکات


لە کاتێکدا کە مەترسییەکان لەسەر هێزەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا زیادیکردووە، سوپای ئەمەریکا هەنگاوی نوێ دەنێت بۆ پاراستنی هێزەکانی لە ناوچەکەدا. لە کاتێکدا کە نیگەرانییەکان لەسەر هێرشەکانی گروپەکانی سەر بە ئێران زیاتر بووە، هەروەها ئەگەری گواستنەوەی خێزانی سەربازەکانیش ئەگەر پێویست بکات بە کراوەیی هێشتووەتەوە.

بەرپرسانی ئەمەریکا دەڵێن هەنگاوەکە زیادکردنی ئەرکە ئێشکگرییەکانی سوپای ئەمەریکا و کۆتوبەند خستنەسەر دەستڕاگەیشتن بە بنکە سەربازییەکان و زیادکردنی تواناکانی کۆکردنەوەی زانیاریی هەواڵگری دەگرێتەوە، لەوانەش لە ڕێی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و ئۆپەراسیۆنە چاودێرییەکانی دیکەوە.


بەرپرسەکان کە نەیانویست ناوییان ئاشکرا بکرێت وتییان سوپای ئەمەریکا چاودێرییەکانییان لە تاوەرەکانی پاسەوانییەوە لە بنکە سەربازییەکانییان زیاتر دەکەن، ئاسایشی بنکەکان پتەوتر دەکەن و ئۆپەراسیۆنەکانییان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەگەری هاتنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و ڕۆکێت و موشەک زیاتر دەکەن.

ئەم پاکێجە نوێیەی پاراستنی هێزەکان پێشتر باس نەکراوە.

جەنەڕاڵی سوپای ئەمەریکا مایکڵ ئێریک کوڕیلای فەرماندەی سەرکردایەتی ناوەندی ئەمەریکا، لە بەیاننامەیەکدا بە ڕۆیتەرزی وت " لەگەڵ زیادبوونی ژمارەی هێرشەکان و هەوڵەکان بۆ هێرشکردنە سەر شوێنە سەربازییەکانی ئەمەریکا لە ناوچەکەدا، پێداچوونەوەی بەردەوام بە ڕێوشوێنەکانی پاراستنی هێزەکانمان زۆر گرنگە."

کوڕیلا کە سەرپەرشتی هێزەکانی ئەمەریکا دەکات لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، وتی هەنگاو گیراوەتەبەر بۆ زیادکردنی ڕێوشوێنەکانی پاراستنی هێزەکان، هەروەها ڕەوانەکردنی سەرچاوەی سەربازیی زیاتری ئەمەریکا بۆ ناوچەکە، ئەمەش " ڕێگر بووە لە کەوتنەوەی زیانی گیانی مەترسیدار لە نێو هێزەکانماندا."

لە دوای دەستپێکردنی ململانێکەی نێوان ئیسڕائیل و حەماسەوە، هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق و سوریا بەردەوام ڕووبەڕووی هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و ڕۆکێت و موشەک بوونەتەوە. یەکێک لە بەرپرسەکان وتی هێرشەکان بوونەتە هۆی ئەوەی چوار سەربازیی ئەمەریکایی و پێنج بەڵێندەری سوپای ئەمەریکا بە سوکی بریندار ببن، سەرجەمیشیان گەڕاونەتەوە سەر کارەکانییان.

هەفتەی ڕابردوو لە کەناری یەمەن، کەشتییەکی ئەمەریکایی زیاتر لە دەرزەنێک فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و چوار موشەکی کروزی خستە خوارەوە کە لەلایەن حوسییەکانی یەمەنەوە هەڵدرابوون، کە ئێران پشتیوانییان لێدەکات.

زیادبوونی گرژییەکان سەربازانی ئەمەریکای ناچار کردووە بەردەوام لە ئامادەباشیدا بن، ڕۆژی پێنجشەممە بەهۆی زەنگێکی ئاگادارکردنەوەی هەڵەوە لە بنکەی ئاسمانی ئەل ئەسەد لە عێراق، بەڵێندەرێکی سڤیل دڵی لە لێدان وەستا و گیانی لە دەستدا.

بەرپرسە سەربازییەکەی ئەمەریکا کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکات، ئاماژەی بەوە نەدا چی شتێک دەبێتە هۆی ئەوەی خێزانە سەربازییەکانی ئەمەریکا بگوازرێنەوە، کە ڕەوانەی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کراون، بە بەحرەینیشەوە کە ماڵی کەشتیگەلی پێنجی هێزی دەریایی ئەمەریکایە.

بەرپرسەکە بە ڕۆیتەرزی وت " ئێمە بەردەوام پێداچوونەوە دەکەین و ئایا دەبێت پێمان وابێت مەترسییە بۆ ئاستێک بەرز دەبێتەوە کە مەترسی لەسەر سەربەخۆیی سەربازانمان دروست بکات لە ناوچەکەدا، وریا دەبین."

بەرپرسانی باڵای بەڕێوبەرایەتییەکەی ئەمەریکا بە وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لوەید ئۆستنیشەوە هۆشدارییان داوە لەسەر مەترسی زیادبوونی هێرشەکان بۆ سەر هێزەکانی ئەمەریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و ئەوەشی کە ئێران هەوڵی فراوانکردنی جەنگەکەی نێوان ئیسڕائیل و حەماس بدات.

بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا ڕۆژی دووشەممە بە ڕۆژنامەنووسانی وت " ئەگەری زیادبوونی هێرشەکان دژی هێزەکانی ئەمەریکا و سەربازان دەبینن لە ماوەیەکی کورتدا و با ڕوون بین، هەموو ڕێگاکان دەگەڕێنەوە بۆ ئێران."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG