Accessibility links

واشنتن دەڵێت ئێران ئاسانکاری دەکات بۆ ئەو هێرشانەی دەکرێنە سەر هێزەکانی ئەمەریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا


کۆشکی سپی ڕایگەیاند کۆماری ئیسلامی ئێران ئاسانکاری بۆ ئەو هێرشانە دەکات کە دەکرێنە سەر هێزەکانی ئەمەریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەمە لە کاتێکدا هێرشی گرووپە چەکدارەکان بۆ سەر بنکەکانی ئەمەریکا بەردەوامن.

کۆشکی سپی ڕۆژی دووشەممە، 23ی مانگی دە ڕایگەیاند ئێران لە هەندێک حاڵەتدا "چالاکانە ئاسانکاری" دەکات بۆ هێرشی موشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لەلایەن میلیشیاکانی سەر بە تاران بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمەریکا لە عێراق و سوریا.

جان کێربی گوتەبێژی کۆشکی سپی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندووە لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا و بە تایبەتی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، هێرشەکانی لەو جۆرە بۆ سەر هێزەکانی ئەمەریکا بەرزبووەتەوە و گوتیشی "بەڵام ئەمەریکا ڕێگە نادات هەڕەشەکان لەسەر بەرژەوەندییەکانی لە ناوچەکەدا "بێ وەڵام" بمێننەوە.

گوتەبێژی کۆشکی سپی گوتی "ئێستا دەزانین کە ئەو گرووپانە لەلایەن سوپای پاسداران و ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن. ئێمە دەزانین کە ئێران بەردەوامە لە پشتیوانی حەماس و حزبوڵڵا و دەزانین کە ئێران لە نزیکەوە چاودێری ئەو ڕووداوانە دەکات و لە هەندێک حاڵەتدا چالاکانە ئاسانکاری بۆ ئەو هێرشانە دەکات و کەسانی دیکە کە ڕەنگە بیانەوێت ئەو ململانێیە بۆ بەرژەوەندی خۆیان یان بۆ بەرژەوەندی ئێران بقۆزنەوە، هان دەدات."

جان کێربی بە ئاماژەدان بەوەی کە پێدەچێت هێرشەکان دژی هێزەکانی ئەمەریکا لە چەند ڕۆژی داهاتوودا زیاتر بن، گوتی "ئێمە زۆر نیگەرانین لە ئەگەری پەرەسەندنی بەرچاوی ئەم هێرشانە."

هەر لەم چوارچێوەیەدا وەزارەتی بەرگریی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند کە دواجار کۆماری ئیسلامی ئێران بە بەرپرس دەزانێت لە هێرشە مووشەک و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئەم دواییە بۆ سەر سەربازانی ئەمەریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

پاتریک ڕایدەر گوتەبێژی پنتاگۆن بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند هەرچەندە واشنتن زانیاری لەبەردەستدا نییە بۆ ئەوەی نیشان بدات کە حکومەتی ئێران "بە ڕوونی فەرمانی" هێرشەکانی سەر هێزەکانی ئەمەریکای لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا دەرکردووە، بەڵام ئەو گرووپانەی بەرپرسن لەو هێرشانە لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن.

لە میانی هێرشەکانی ئەم دواییە بۆ سەر بنکەکانی ئەمەریکا لە عێراق و سوریا چەند سەربازێکی ئەمەریکایی بریندار بوون و بەڵێندەرێکی ئەمەریکاش لەکاتی هەڵاتنی دوای زەنگی ئاگادارکردنەوە لە بنکەی ئاسمانی ئەسەد لە عێراق بەهۆی جەڵتەی دڵەوە گیانی لەدەستداوە.

گوتەبێژی پنتاگۆن لە لێدوانەکەی ڕۆژی دووشەممەدا گوتی "بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ئێران پشتیوانیان دەکات، دواجار ئێران بە بەرپرسیار دەزانین."

پاتریک ڕایدەر وێڕای دەربڕینی نیگەرانی سەبارەت بە پەرەسەندنی گرژییەکان، گوتی "هەموومان زیادبوونی گرژییەکانی ناوچەکە دەبینین و دەمانەوێت ڕێگری بکەین لەوەی جارێکی دیکە بگۆڕێت بۆ ململانێیەکی گەورەتر."

گوتەبێژی پنتاگۆن گوتی ئێمە بەردەوام دەبین لە ئەنجامدانی ئەوەی پێویستە بۆ پاراستنی هێزەکانمان و گوتیشی "بۆ پاراستنی هێزەکانمان هەموو ڕێوشوێنێکی پێویست دەگرینەبەر."

ئەو بەرپرسە باڵای وەزارەتی بەرگری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا گوتیشی "هیچ کەسێک نایەوێت ململانێیەکی فراوانتر لە ناوچەکەدا ببینێت، بەڵام ئێمە درێغی ناکەین لە پاراستنی هێزەکانمان."

هەروەها لۆید ئۆستن لە بەیاننامەیەکدا چەند ڕۆژ پێش ئێستا ڕایگەیاند و گوتی "دوای گفتوگۆیەکی ورد لەگەڵ سەرۆک جۆو بایدن، ئەمەریکا بڕیاری داوە کەشتی فڕۆکە هەڵگری یو ئێس ئێس دوایت ئایزنهاوەر لە ناوچەی فەرماندەیی ناوەندی جێگیر بکات.

ئۆستن گوتیشی "ئەمەریکا هێزی زیاتری بۆ جێگیرکردن ئامادە کردووە. ئەگەر پێویست بکات، دەتوانێت ئەو هێزانە بەخێرایی ڕەوانەی ناوچەکە بکات."

لە دوای هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل لە 7ی مانگی دە و کوژرانی زیاتر لە 1400 هاووڵاتی ئیسرائیلی کە لە ئەنجامدا شەڕی ئیسرائیل لە دژی ئەو گرووپە لە کەرتی غەززە لێکەوتەوە، هێرشی گرووپەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی ئێران لە عێراق و سوریا لە دژی بنکە و سەربازە ئەمەریکاییەکان زیادیان کردووە.

سەرچاوە/ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG