وەزارەتی دادی ئەمەریکا و کۆمیسۆنی بازرگانی فیدڕاڵ وتییان سکاڵایان دژی تیکتۆک و کۆمپانیا چینییەکەی بیتدانس تۆمار کردووە لەسەر پێشێلکردنی یاسای پاراستنی تایبەتمەندی منداڵان لە ئۆنلاین. تیکتۆک یەکێکە لە بەناوبانگترین سەکۆکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان. سکاڵا یاساییەکە لە دادگایەکی فیدڕاڵی لە ویلایەتی کالیفۆرنیا تۆمار کراوە.
یاسای پاراستنی تایبەتمەندی منداڵان لە ئۆنلاین قەدەغەی دەکات لەسەر لایەنەکان لە ئۆنلاین بەبێ ئاگادارکردنەوەی دایکان و باوکانی منداڵان و وەرگرتنی مۆڵەت لێیانەوە زانیاری سەبارەت بە منداڵانی خوار تەمەن 13 ساڵ کۆبکەنەوە. یاساکە داوا لەو ماڵپەڕانە دەکات کە یاساکە پێشێل دەکەن زانیارییەکانی منداڵان لەسەر داوای دایک و باوکییان بسڕنەوە.
لە ساڵی 2019 دا حکومەت سکاڵای یاسایی دژی میوزیکا.ڵی، کە پێش تیکتۆک هەبوو، تۆمارکرد، لەسەر پێشێلکردنی یاسای تایبەتمەندی منداڵان لە ئۆنلاین.
وەزارەتی دادی ئەمەریکا ڕۆژی هەینی لە بەیاننامەیەکدا وتی " لەو کاتەوە بەرگریکاران ڕووبەڕووی فەرمانی دادگا بوونەتەوە کە داوایان لێدەکات ڕێوشوێنی دیاریکراو بگرنەبەر بۆ پابەندبوون بە یاسای پاراستنی تایبەتمەندی منداڵانەوە لە ئۆنلاین."
تیکتۆک و بیتدانس هێشتا ئەو فەرمانەیەی دادگایان لەسەرە تاوەکو پابەند بن بەو ڕێوشوێنە دیاریکراوانەوە.
بەپێی سکاڵاکەی ڕۆژی هەینی، تیکتۆک ڕێگەیداوە منداڵان ڤیدیۆ دروست بکەن و بڵاویبکەنەوە لەگەڵ گەورەکاندا و پەیوەندی لەگەڵ گەورەکاندا بکەن. وەزارەتی داد وتی تیکتۆک و بیتدانس " بڕێکی زۆر لە زانیاری هەمەجۆری تایبەتییان لەسەر منداڵان کۆکردووەتەوە، بەبێ مۆڵەت یاخود زانینی دایک و باوکییان."
وتیشی هەمان کارییان کردووە لە کیدز مۆدی تیکتۆکدا، کە ڤێرژنێکی تیکتۆکە و بۆ منداڵانی خوار تەمەن 13 ساڵ دابین کراوە.
لە سکاڵاکەدا هاتووە دەڵێت تیکتۆک " بەردەوام شکستی هێناوە لە جێبەجێکردنی داواکانی دایک و باوکاندا بۆ سڕینەوەی ئەو هەژمارانەی کە لەلایەن منداڵانەوە دروست دەکرێن." وتیشی کۆمپانیاکە " سیاسەتی ناکاریگەر و ناچالاکی هەیە بۆ پڕۆسەکانی ناسینەوە و سڕینەوەی ئەو هەژمارانەی تیکتۆک کە لەلایەن منداڵانەوە دروست کراون."
سەرۆکی کۆمسیۆنی بازرگانی فیدڕاڵ لینا خان وتی " تیکتۆک زانیویشییەتی و چەندین جار تایبەتمەندی منداڵانی پێشێل کردووە، مەترسی لەسەر پارێزراویی ملیۆنان منداڵی لە سەرانسەری وڵاتەکەدا دروست کردووە. کۆمسیۆنەکە بەردەوام دەبێت لە بەکارهێنانی سەرجەم دەسەڵاتەکانی بۆ پاراستنی تایبەتمەندی منداڵان لە ئۆنلاین، بە تایبەتی لە کاتێکدا کە کۆمپانیاکان ئامڕازی ئاڵۆزی پێشکەوتووی دیجیتاڵی دروست دەکەن بۆ چاودێریکردنی منداڵان و قازانجکردن لە داتاکانییان."
یاریدەدەری وەزیری داد بێنجامین سی مایزەر وتی وەزارەتەکە " زۆر نیگەرانە سەبارەت بەوەی تیکتۆک بەردەوامە لە کۆکردنەوە و بە دەستهێنانی زانیاری تایبەتی منداڵان، سەرەڕای فەرمانەکەی دادگا کە ئەو جۆرە کارانە قەدەغە دەکات."
وتیشی مەبەست لە سکاڵاکەی وەزارەتەکە ئەوەیە کە " دڵنیا ببینەوە لەوەی تیکتۆک پابەند بێت بە بەرپرسیارێتییەکانیەوە بۆ پاراستنی مافی تایبەتمەندی منداڵان و هەوڵەکانی دایکان و باوکان بۆ پاراستنی منداڵەکانییان."
سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا
وەزارەتی دادی ئەمەریکا سکاڵا دژی تیکتۆک تۆمار دەکات و دەڵێت تایبەتمەندی منداڵانی پێشێلکردووە