Accessibility links

کۆشکی سپی کۆبوونەوەی سەرۆک ترامپ لەگەڵ ڕۆحانیدا بەدوور نازانێت سەرەڕای هێرشەکانی سەر سعودیە


ڕاوێژکاری کۆشکی سپی کێڵیان کۆنوەی

کۆشکی سپی وتی ئەگەری ئەنجامدانی کۆبوونەوە لەنێوان سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ و سەرۆکی ئێران حەسەن ڕۆحانی بەدوور نازانێت، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی واشنتن تارانی تۆمەتبار کردووە بە تۆمەتی ئەنجامدانی هێرشەکانی سەر دوو دامەزراوە نەوتییەکانی سعودیە.

ڕاوێژکاری کۆشکی سپی کیڵیان کۆنوەی وتی " ئەو هێرشەی ڕۆژی شەممە ڕوویدا یارمەتیدەر نابێت لە هەلی ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەک لەنێوان دوو سەرۆکەکەدا لەمیانەی کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، بەڵام دەرگای سازدانی کۆبوونەوەکەی بەکراوەیی بەجێهێشت."

کۆنوەی بە کەناڵی فۆکس نیوزی وت سزاکانی ئەمەریکا و کەمپینی سەپاندنی توندترین فشار بۆ سەر ئێران بەهۆی بەرنامە ناوەکیی و موشەکییەکەیەوە بەردەوام دەبێت سەرەڕای ئەوەی دوو سەرۆکەکە کۆببنەوە یاخود کۆنەبنەوە.

وتیشی " ئێوە یارمەتی خۆتان نادەن بەوەی هێرش دەکەنە سەر سعودیە و شوێنە مەدەنییەکان و ژێرخانی ئابووری کە کاریگەری هەیە لەسەر بازاڕی وزەی جیهانی."

لەلای خۆیەوە ئێران تۆمەتەکانی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا مایک پەمپێیۆی ڕەت کردەوە کە وتبووی تاران بەرپرسە لە هێرشەکە. کۆمەڵەی حوثییەکانی یەمەن کە هاوپەیمانی ئێرانن بەرپرسیارێتی هێرشەکەیان ڕاگەیاند کە زیاتر لە نیوەی بەرهەمهێنانی نەوتی سعودیەی ڕاگرت.

پەمپێیۆ وتی تاران بەرپرسە لە نزیکەی 100 هێرش بۆ سەر سعودیە لە کاتێکدا " ڕابەرەکانی باس لە دیبلۆماسی دەکەن."

سەرۆکی لیژنەی هەواڵگری ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا ئادەم شێف وتی هێشتا پێی نەوتراوە کە هێرشەکە ڕاستەوخۆ لەلایەن ئێرانەوە ئەنجامدراوە یاخود نا.

وتیشی " پێم وایە دەتوانرێت بڵێین حوثییەکان بەبێ یارمەتی ئێران ناتوانن ئەم جۆرە هێرشە ئەنجام بدەن."

لەلایەکی دیکەوە سیناتۆری کۆمارییەکان لینزی گراهام کە هاوپەیمانی سەرۆک ترامپە وتی " ئێستا کاتی ئەوەیە ئەمەریکا هێرش بکاتە سەر پاڵاوگەکانی نەوتی ئێران."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG