لێکۆڵەرەوانی ئەمەریکایی سەیری پۆستەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی ئەو گومانلێکراوە دەکەن کە هەوڵی کوشتنی سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپیدا، هەوڵ دەدەن بزانن پاڵنەرەکەی چی بووە و ئایا کەسی دیکە بەشدار بووە لەگەڵیدا یان نا.
ئەفسەرانی پۆلیس لە فلۆریدا ڕایان ویڵسن ڕوثی تەمەن 58 ساڵییان دەستگیرکرد، درەنگانێکی ڕۆژی یەکشەممە لەسەر شەقامێکی خێرای سەرەکی ڕایانگرت دوای ئەوەی لە یاریگای گۆڵفەکەی دانۆڵد ترامپ لە وێست پاڵم بیچی فلۆریدا هەڵات.
بەرپرسان دەڵێن ئەو زانیارییانەی کە لە مۆبایلەکەی ڕوثەوە کۆکراونەتەوە دەریدەخەن کە ئەو 12 کاتژمێر لە چاوەڕوانیدا بووە، لە پشت گژوگیای پەرژینەکەی یاریگاکەوە خۆی حەشارداوە.
ڕوث بە تۆمەتی هەڵگرتنی چەک وەک تاوانبارێکی سزادراو و هەڵگرتنی چەکێک کە ژمارە زنجیرەییەکەی سڕاوەتەوە تۆمەتبار کراوە.
بەڵام بەرپرسان دەڵێن کاتێک لێکۆڵەرەوان لەگەڵ دەزگای لێکۆڵینەوەی فیدڕاڵدا هەوڵیانداوە قسە لەگەڵ ڕوثدا بکەن دوابەدوای دەستگیرکردنەکەی، ڕوث داوای مافی خۆی کردووە بۆ پارێزەر و قسەی نەکردووە.
لەجیاتی ئەوە، دەزگای لێکۆڵینەوەی فیدڕاڵ و هاوبەشەکانی سەنگییان خستەسەر وەرگرتنی مۆڵەت بۆ پشکنینی کامێرا گۆپڕۆکەی و ئامێرە ئەلیکترۆنییەکانی دیکەی کە گوایە لە شوێنی ڕووداوەکەدا بەجێی هێشتوون، هەروەها هەوڵیانداوە مۆڵەتییان دەستکەوێت بۆ پشکنینی ئوتومبێلەکەی.
بریکاری تایبەتی دەزگای لێکۆڵینەوەی فیدڕاڵ جێفری بێڵتری وتی " کەسەکە لە ئۆنلاین بوونێکی چالاکی هەبووە، ئێمەش سەیری پۆستەکانی و هەموو ئەو گەڕانانە دەکەین کە لە ئۆنلاین کردوونی."
وتیشی " دەزگای لێکۆڵینەوەی فیدڕاڵ چەند داوایەکی لە کۆمپانیاکان کردووە بۆ پشکنینی تەلەفون و هەژمارەکانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا."
وتیشی لێکۆڵەرەوان لە نزیکترەوە سەیری هەندێک لە لێدوانەکانی گومانلێکراوەکە دەکەن کە لە ماوەی چەندین ساڵی ڕابردوودا داونی، بەو چاوپێککەوتنانەشەوە کە لەگەڵ دەزگاکانی ڕاگەیاندندا ئەنجامیداون سەبارەت بە بەکرێگرتنی سەربازانی ئەفغانی و ئەوانی دیکە بۆ شەڕکردن لە ئۆکرانیادا.
مێژووی ئۆنلاینی گومانلێکراوەکە دەریدەخات کە ئەو ڕۆژێک لە ڕۆژان وادیار بووە کە پشتگیری لە ترامپ کردبێت، بەڵام لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا پۆستەکانی وادیار بووە کە پشتی لە ترامپ کردووە.
لە کتێبێکیدا کە خۆی بڵاویکردووەتەوە لە ساڵی 2023 دا، ڕوث وادیارە کە داوا لە ئێران بکات ترامپ بکوژێت.
لە کتێبەکەیدا دەڵێت " ئێوە ئازادن لە کوشتنی ترامپدا." ترامپی سەرۆکی پێشوو و بەربژێری کۆمارییەکان بۆ سەرۆکایەتی ئەمەریکا بە " گەمژە " ناودەبات.
بەڵام هێشتا نەزاندراوە کە ئایا ڕوث لەگەڵ کەسی دیکەدا پلانی گێڕاوە یاخود نا.
ڤێڵتری دەزگای لێکۆڵینەوەی فیدڕاڵ وتی " لە ئێستادا زانیاریمان نیە لەسەر ئەوەی کە ئایا ئەو لەگەڵ کەسێکی دیکەدا کاری کردووە یان نا."
لێکۆڵەرەوان هەوڵدەدەن وەڵامی پرسیارەکانی دیکەش بدەنەوە سەبارەت بەوەی گومانلێکراوەکە چۆن بڕیاریداوە لە گژوگیاکەدا خۆی بشارێتەوە و چاوەڕێ بکات، لە دەرەوەی بەشێکی یاریگاکەی گۆڵفی ترامپ.
ئەو شوێنەی کە گومانلێکراوە خۆی تێدا حەشارداوە دەکەوێتە بەشێکی یاریگاکەوە کە دەزگای پاسەوانی تایبەت دەڵێت بڕیار نەبووە ترامپ بچێتە ئەو بەشەوە.
ڕۆناڵد ڕۆوی بەڕێوبەری دەزگای پاسەوانی تایبەت کە دەزگایەکە بەرپرسە لە پاراستنی ترامپ وتی " ئەو شوێنە لە خشتەی فەڕمی سەرۆکی پێشوودا نەبووە. شوێنێک نەبووە کە لە خشتەکەی سەرۆکی پێشوودا بووبێت، بەشێک نەبووە لە خشتەکەی."
ڕۆو وتی " گومانلێکراوەکە سەرۆکی پێشووی نەبینیوە، هیچ تەقەیەکیشی نەکرد." هەروەها ستایشی بریکارەکانی دەزگای پاسەوانی تایبەتی کرد لەسەر وەڵامدانەوە خێراکەیان.
ترامپ ستایشی بریکارەکانی دەزگای پاسەوانی تایبەتی کرد و وتی " خەڵکی زیاترمان دەوێت."
سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدنش پەیامێکی هاوشێوەی نارد و وتی " دەزگای پاسەوانی تایبەت پێویستی بە یارمەتی زیاتر هەیە."
وتی " پێم وایە کۆنگرێس دەبێت وەڵامی پێویستییەکانییان بداتەوە. پێم وایە لەوانەیە پێویستمان بە کارمەندی زیاتر هەبێت."
ڕۆو پێشوازی لەو پشتگیرییە کرد و وتی " چەند دەیەیەکە کاری زیاترمان کردووە بە خەڵکی کەم. پێویستی بەپەلەمان هەیە، پێویستیمان هەیە لە داهاتووشدا. لەبەر ئەوەی کە ئەم گفتوگۆیانە دەکەین پێم وایە ئەوەی پێویستمانە دەستمان دەکەوێت."
بەڵام ترامپ ڕۆژی دووشەممە وادەرکەوت کە لۆمەی سەرۆک بایدن و بەربژێری دیموکراتەکان کامڵا هێرس بکات و وتی " قسەکانیان وادەکەن تەقەم لێبکرێت، کاتێک کە من ئەو کەسەم کە وڵاتەکە ڕزگار دەکەم، ئەوانیش ئەوانەن کە وڵاتەکە لەناودەبەن، لە دەرەوە و لە ناوخۆشدا."
وتیشی " ئەو پیاوەی تۆمەتبار کراوە باوەڕی بە قسەکانی بایدن و هێرس بووە و کاری لەسەر کردووە."
بایدن لە خۆیەوە سەرکۆنەی هەوڵی کوشتنەکەی کرد و وتی " لە ئەمەریکا ئێمە ناکۆکییەکانمان ئاشتییانە چارەسەر دەکەین لە سندووقەکانی دەنگدان، نەک بە چەک."
وتیشی " ئەمەریکا چەندین جاری زۆر ناڵاندوویەتی بە تراجیدیای فیشەکی کوشتنەوە. ئەوە هیچ شتێک چارەسەر ناکات و تەنها وڵاتەکە لە ناودەبات."
سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا