Accessibility links

ئەمەریکا کۆتوبەند دەخاتە سەر جمووجۆڵی دیپلۆماتکارە ئێرانییەکان لە نیویۆرک


ئەمەریکا کۆتوبەندی توندی خستە سەر جوڵەی زیاتر لە 10 دیپلۆماتکاری ئێرانی و خێزانەکانیان کە لە نیویۆرک دەژین، ئەمەش بەپێی یاداشتێکی دیپلۆماسی ئەمەریکی کە ڕەوانەی نوێنەرایەتی ئێران کراوە لە نەتەوە یەکگرتووەکان و بەردەستی ڕۆیتەرز کەوتووە.

دیـپلۆماتکارەکان هەمان کۆتوبەند دەخرێتە سەریان کە خراوەتە سەر وەزیری دەرەوەی ئێران محەمەد جەواد زەریف کە ڕۆژی یەکشەممە گەیشتە نیویۆرک لەنێوەندی گرژییەکانی نێوان دوو وڵاتەکەدا.

یەکێک لە کۆتوبەندەکان ئەوەیە دەتوانن تەنها هاتووچۆ لە نێوان بنکەی نەتەوە یەکگرتووەکان و نوێنەرایەتی ئێران و بنکەی باڵیۆزی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان و فڕۆکەخانەی جۆن کەنەدی بکەن. هێشتا هۆکاری ئەم کۆتوبەندە ڕوون نەبۆتەوە.

لە دوای کشانەوەی ئەمەریکا لە ڕێکەوتنە ناوەکییەکەی ئێران، گرژییەکانی نێوان دوو وڵاتەکە دەستیپێکردەوە و ئەمەریکا سزاکانی سەپاندەوە بەسەر ئەو وڵاتەدا.

یاداشتە دیبلۆماسییەکە کە بەرواری 12ی مانگی حەوتی لەسەرە ئاماژە بەوە دەدات کۆتوبەندەکان هەموو ئەندامانی نوێنەرایەتی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەندامانی خێزانەکانیان و نوێنەرانی حکومەتی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەگرێتەوە.

وتیشی گەشتکردن بۆ هەرشوێنێکی دیکە پێویستی بە لێخۆشبوون هەیە لە ئۆفیسی نوێنەرانی دەرەوەی سەر بە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا و دەبێت داواکارییەکان بۆ گەشتکردن بەلایەنی کەمەوە پێنج ڕۆژ پێشتر پێشکەش بکرێن. هەروەها پێویستە لەسەر ئەندامانی نوێنەرایەتی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان لیستی شوێنی نیشتەجێبوونیان پێشکەش بکەن تاوەکو پەسەند بکرێن.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG