Accessibility links

ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا 40 ملیار دۆلاری دیکە بۆ ئۆکرانیا پەسەند دەکات


ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا 40 ملیار دۆلاری دیکەیان وەکو یارمەتی بۆ ئۆکرانیا پەسەند کرد، لەکاتێکدا کۆنگرێسی ئەمەریکا پەلە دەکات بۆ بەردەوامیدان بە ڕەوانەکردنی یارمەتییە سەربازییەکان و پتەوکردنی حکومەتی ئۆکرانیا بەڕووی داگیرکارییەکەی ڕووسیادا.

ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا بە 368 دەنگ بەرامبەر 57 دەنگ پێشنیارەکەیان پەسەند کرد. لە ئێستادا پێشنیارەکە ڕەوانەی ئەنجومەنی سینات دەکرێت و پێشبینی دەکرێت سیناتیش بەخێرایی بجوڵێن.

دوو هەفتە لەمەوبەر سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن داوای لە کۆنگرێسی ئەمەریکا کرد 33 ملیار دۆلاری دیکە بۆ یارمەتیدانی ئۆکرانیا پەسەند بکەن، بەڵام یاسادانەرانی ئەمەریکا بڕیاریاندا پشتیوانییە داراییە سەربازیی و مرۆییەکان زیاتر بکەن.

ئەندامێکی دیموکراتەکان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا ڕۆسا دیلاورۆ وتی " ئەم پڕۆژە بڕیارە دیموکراسی دەپارێزێت، دوژمنکارییەکانی ڕووسیا سنووردار دەکات، هەروەها ئاسایشی نیشتیمانیمان پتەودەکات، لە هەمووشی گرنگتر پشتیوانی لە ئۆکرانیا دەکات."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG