Accessibility links

ئەمەریکا تاتوێی کردنەوەی خوێندنگاکان دەکات


زیادبوونی ژمارەی توشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئەمەریکا مشتومڕێکی گەورەی بەدوای خۆیدا هێناوە سەبارەت بەوەی کە ئایا خوێندنگاکان بکرێنەوە یاخود بە داخراویی بمێننەوە، لەکاتێکدا بەرپرسانی تەندروستی جیهان هۆشیاری دەدەن لەسەر ئەوەی ئەم پەتایە بەردەوام دەبێت لە بڵاوبوونەوە ئەگەر وڵاتان پلانێکی تۆکمەیان نەبێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی.

بەڕێوبەری ڕێکخراوی تەندروستی جیهان تێدرۆس ئەدهانۆم گیبریسوس وتی " ئەگەر ڕێکارە سەرەتاییەکان جێبەجێ نەکرێن ئەوا ئەم پەتایە بەردەوام دەبێت لە بڵاوبوونەوە، تا بێت خراپتر و خراپتر دەبێت."

دوای ئەوەی لە فلۆریدا تەنها لە یەک ڕۆژدا زیاتر لە 15,000 کەس توشی ڤایرۆسەکە بوون، مشتومڕێکی زۆر لەسەر مەترسییەکانی ڤایرۆسەکە و چۆنێتی ڕووبەڕووبوونەوەی لەو ویلایەتەدا دروستبوو.

بەرپرسان و شارەزایانی تەندروستی لە میامی فلۆریدا کە زیانێکی زۆری بەهۆی ڤایرۆسەکەوە بەرکەوتووە، دژی بڕیارەکەی فەرمانڕەوای ویلایەتەکە ڕۆن دی سانتۆس و سەرۆک دانۆڵد ترامپ وەستانەوە کە داوایان کردبوو مانگی داهاتوو دەرگای خوێندنگاکان بکرێنەوە.

سەرۆکی یەکێتی مامۆستایانی دەید یونیەن کارلا هێرناندێز ماتس وتی " پێم وایە دەبێت خوێندنگاکان نەکرێنەوە، دەبێت لەڕێی ئۆنلاینەوە درێژە بە خوێندن بدرێت."

کەسوکاری خوێندکاران تاوەکو ڕۆژی چوارشەممەیان لەبەردەستدایە تاوەکو خوێندنگای میامی دەید ئاگاداربکەنەوە لە بڕیارەکەیان سەبارەت بەوەی منداڵەکانیان دەنێرنەوە بۆ خوێندنگاکان یاخود لە ماڵەوە لەڕێی ئۆنلاینەوە درێژە بە خوێندنەکانیان بدەن.

پزیشکی نەخۆشیە گواستراوەکان لە زانکۆی نێودەوڵەتی فلۆریدا دکتۆر ئایلین مارتی وتی " منداڵان دەکرێت وەکو هەر کەسێکی دیکە توشی ڤایرۆسەکە ببن."

سەرچاوە/ ئەسۆشیەتد پرێس

XS
SM
MD
LG