Accessibility links

زیادبوونی حاڵەتەکانی توشبوون بە پەتای کۆرۆنا لە ئەمەریکا


ڕۆژی چوارشەممە لە هەریەک لە ویلایەتەکانی ئاریزۆنا و تێکساس و فلۆریدا پێکەوە نزیکەی 25,000 حاڵەتی نوێی توشبوون بە پەتای کۆرۆنا تۆمارکران، ئەمەش لەکاتێکدایە لە سەرتاسەری جیهان ڕێوشوێنەکانی ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی پەتاکە کەمکرانەوە و لە ئێستادا لە هەندێک شوێنی جیهان ژمارەی توشبووان بە ڤایرۆسەکە لە زیادبووندایە.

لە ویلایەتی ئالابامای ئەمەریکا دوای ئەوەی بەهۆی پەتاکەوە تەنها لە ڕۆژێکدا 40 کەس گیانیان لەدەستدا، ویلایەتەکە داوای لە خەڵکەکە کرد دەمامک بەکاربهێنن. لە تێکساسیش فەرمانڕەوای ویلایەتەکە گرێگ ئابۆت جەختی لە بەکارهێنانی دەمامک کردەوە دوای ئەوەی تەنها لە ڕۆژی چوارشەممەدا نزیکەی 10,800 حاڵەتی توشبوون لەو ویلایەدا تۆمارکرا، ئەوەش بۆ ئەوەی دووبارە قەدەغەکردنی هاتوچۆ لە ویلایەتەکە ڕانەگەیەندرێتەوە.

لەنێو ئەو ڕێوشوێنە توندانەی کە لە هەندێک لە ویلایەتەکانی ئەمەریکا گیراونەتەبەر، فەرمانڕەوای نیویۆرک ئاندرو کومۆ ناوی 22 ویلایەتی ڕاگەیاند کە دەبێت هاوڵاتیانیان کاتێک دێنە نیویۆرک بۆ ماوەی 14 ڕۆژ کەرەنتین بکرێن.

هەروەها لە فلۆریدا لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا 10,181 حاڵەتی توشبوون بە ڤایرۆسەکە تۆمارکراوە و بەوەش کۆی ژمارەی توشبووان 300,000 کەسی تێپەڕاند، لە شارە گەورەکانی فلۆریدا بەکارهێنانی دەمامک سەپێندراوە بەسەر خەڵکەکەدا، بەڵام فەرمانڕەوای ویلایەتەکە ڕۆن دی سانتۆس ڕەتی کردەوە فەرمانی بەکارهێنانی دەمامک بەسەر سەرتاسەری ویلایەتەکەدا بسەپێنێت.

سەرچاوە/ ئەسۆشیەتد پرێس

XS
SM
MD
LG