Accessibility links

واشنتن لە بەردەم ئەگەری پەککەوتنی بەشێک لە کارەکانی حکومەت  


ئەگەر کۆنگرێس نەتوانێت ڕێککەوتن ئەنجام بدات، دەسەڵاتی حکومەتی ئەمەریکا بۆ بەردەوامبوون لە خەرجکردنی پارە لە نیوەشەوی پێنجشەممە بەسەر دەچێت و زیاتر لە یەک ملیۆن کارمەندی فیدڕاڵی و ژمارەیەکی زۆری بەڵێندەری حکومەت ناچار دەبن کارەکانیان ڕابگرن. هەزاران کەسی تریش چاوەروان دەکرێت بەردەوامبن لە کارکردنیان بەبێ ئەوەی بزانن کەی مووچەکانیان پێدەدرێت.

ماکس ستێر، سەرۆکی خزمەتگوزاری گشتی هاوبەش، گروپێکی داکۆکیکار بۆ پێشخستنی کارەکانی حکومەتی فیدڕاڵی گوتی " مەترسییەکان لەوەدان ئایا حکومەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دەتوانێت وەڵامی ئەو ئاستەنگە زۆرانە بداتەوە کە ئێمە وەک وڵاتێک ڕووبەڕوویان دەبینەوە."

ئەو گوتیشی هەر کە کارەکانی حکومەت پەکیان بخرێت دەستپێکردنەوەی ئەوەندە ئاسان نییە کە وەکو ئەوە وابێت سویچێک هەڵکەی.

ماکس ستێر لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکای گوت " ئەمە قەوارەیەکی چەند ترلیۆن دۆلاری زۆر ئاڵۆزە، جا بۆیە داخستی و کردنەوەی وزەیەکی زۆر و کاتێکی زۆریدەوێت. زۆر گران دەکەوێت ملیاران دۆلاری تەدەچێت تەنانەت ئەگەر بۆ کاتێکی کەمیش کارەکانی حکومەت پەک بخرێن."

لە ساڵی 1980 وە کارەکانی حکومەتی فیدراڵی بەهۆی نەمانی بودجە 21 جار پەکیان خراوە. ئەگەر ئەمجارە ڕووبدات ئەوا دەبێتە یەکەم جار لە ماوەی سەرۆکایەتی جۆو بایدن.

لە سەردەمی سەرۆک جیمی کارتەرەوە کە لە ساڵی 1977 بۆ 1981 سەرۆک بوو، لە ماوەی سەرۆکایەتی هەموو سەرۆکەکان جگە لە جۆرج و بوش بەلایەنی کەم جارێک کارەکانی حکومەت ڕاگیراون بەهۆی قەیرانی بودجە، هەرچەندە زۆربەی جارەکان تەنها چەند ڕۆژێک بووە یان چەند کاتژمێرێک.

دواین جار لە ساڵی 2018 کارەکانی حکومەتی ئەمەریکا پەکیان خرا لە کاتێکدا ناکۆکی لەسەر پەسەندکردنی بودجە هەبوو لە نێوان سەرۆک دانۆڵد ترامپ و دیموکراتەکانی کۆنگرێس بەهۆی پەسەندکردنی بودجە بۆ دروستکردنی دیواری سنووری مەکسیک کە لە ئەنجامدا کارەکانی حکومەت بۆ 35 ڕۆژ پەکیان کەوت و ئەوەش بوو بە درێژدەمترین پەکخستنی کاری حکومەت لە مێژووی ئەمەریکادا.

دەستەواژەی " پەکخستنی کارەکانی حکومەت" کە لەم دۆخەدا بەکاردێت دەستەواژەیەکی مشتومڕ لەسەرە. بە پێی ڕێساکانی کە هەن کاتێک حکومەت بودجەی نامێنێت، ئاژانسەکانی فیدراڵی دەبێت هەموو ئەو کارمەندانەی کە کارەکانیان " سەرەکی نین" لە کارەکانیان ڕابگرن. بەڵام بۆ نمونە پزیشکان و پەرستارانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی کاروباری سەربازە دێرینەکان لەسەرکارەکانیان بەردەوام دەبن. بە هەمان شێوە ئاژانسەکانی ئاسایشی گواستنەوە، ئەندامانی لەشکری و زۆربەی دەزگاکانی چەسپاندنی یاسا بەردەوام دەبن لە کارکردن.

بەڵام ئەو کارمەندانەش کە کارەکانیان بە کاری سەرەکی دادەنرێت تا کۆتایی هاتن و ماوەی داخستنەوە و پەسەند کردنی بودجەی نوێ مووچەکانیان وەرناگرن.

XS
SM
MD
LG