Accessibility links

مەرگی ئەفسەرێکی پۆلیس پرسیارەکان لەسەر هوروژمی گێرەشێوێنەکان بۆ ناو کۆنگرێسی ئەمەریکا قورستر دەکات


گیانلەدەستدانی ئەفسەرێکی پۆلیس لە ئاکامی برینە سەختەکانی بەهۆی هورژمی لایەنگرانی سەرۆک ترامپ بۆ ناو بینای کۆنگرێس کۆمەڵێک پرسیاری قورسی بەدوای خۆیدا هێناوە سەبارەت بەم چەند ڕۆژەی کە سەۆرک ترامپ لە پۆستەکەیدا ماویەتی و هەروەها تواناکانی پۆلیسی کۆنگرێس لە دابینکردنی ئاسایش بۆ بیناکە.

پۆلیسی پایتەخت لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند ئەفسەر برایەن سیکنیک لە میانەی ئاژاوەکەی ڕۆژی چوارشەممە بریندار بوو" لەو کاتەی دەستەویەخەبوو لەگەڵ خۆپیشاندەراندا". ئەو پێنجهەم کەسە بەهۆی ڕووداوەکانی ڕۆژی چوارشەممە گیانی لەدەستبدات.

ئەو ڕووداوەی کە جیهانی توشی شۆک کرد بوو بە هۆی دەستلەکارکێشانەوەی سێ بەرپرسی ئاسایشی کۆنگرێس لە سەر ئەوەی سەرکەوتوونەبوون لە ڕێگەگرتن لە هوروژمی گێرەشێوێنەکان بۆ ناو کۆنگرێس. ئەمە وایکرد کە یاسادانەران داوای پێداچوونەوە بە ئۆپەراسیۆنەکان و لێدوانێکی FBIدا بکەن لەسەر ئەوەی کە بە " هێرشێکی تیرۆستی" ناودێریان کردووە.

دیموکراتەکان و ژمارەیەک لە کۆمارییەکانیش پێیان وایە خۆپیشاندەرەکان لەلایەن ترامپەوە هاندراون بەرەو کۆنگرێس بڕۆن لەو کاتەی کە یاسادانەران خەریکی ژماردنی دەنگی نوێنەران و بە فەرمی پەسەندکردنی سەرکەوتنەکەی جۆو بایدن بوون. گێرەشێوێنەکان بەربەستەکانی پۆلیسیان بەزاند و کەوتنە شکاندنی پەنجەرەکان و هوروژمیان بردە نێو هۆڵەکانی کۆنگرێس و بەمەش یاسادانەران دانیشتنەکەیان جێهێشت.

یەکێک لە خۆپیشاندەرەکان، ژنێکی سپی پێست، لەلایەن پۆلیسی کۆنگرێسەوە تەقەی لێکراو کوژرا و دەیان کەسی تریش دەستگیر کران. سێ کەسی تریش بەهۆی " کێشەی تەندروستی" پەیوەندیدار بە ڕووداوەکە گیانیانلەدەستدا.

سەرباری ئەوەی ترامپ بە بەردەوامی دەڵێت هەڵبژاردنەکان فرتوفێڵی تێدا کراوە، کاربەدەستانی هەڵبژاردن و وەزیری دادی پێشوی حکومەتەکەی خۆی گوتویانە هیچ کێشەیەکی لەو جۆرە نییە کە دەرەنجامی هەڵبژاردنەکە بگۆڕێت. ئەنجامەکانی هەمو ویلایەتەکان وەکو ڕەواو دروست لەلایەن کاربەدەستانی کۆماری و دیموکراتەوە پەسەند کراوەن.

سیناتۆر بێن ساسی کۆماری نوێنەری نێبراسکا ڕایگەیاند هەواڵی گیانلەدەستدانی ئەفسەرێکی پۆلیس "جەرگبڕە". ئەو گوتیشی " نەدەبوو ئەم ئەم شتانە ڕووبدەن " خوا ڕەحم بکات."

پۆلیس لە بەیاننامەکەدا دەڵێت سیکنیک پاش ڕووداوەکە گەڕابۆوە بۆ ئۆفیسی بەشەکەیان وە لەوێ کەوتبوو. دەستبەجێ گەیەندرایە نەخۆشخانەیەکی خۆجێهی و ڕۆژی پێنجشەممە گیانیلەدەستدا.

دوو دیموکراتی ئەنجومەنی نوێنەران ئەندامی ئەو کۆمیتەیەی چاودێری بودجەی پۆلیسی پایتەخت دەکات دەڵێن ئەوانەی کە بەرپرسن لە ڕووداوەکە دەبێت وەڵام بدەنەوە.

ئەندامی کۆنگرێس ڕۆسا دیلۆرای دیموکراتی نوێنەری کەناریکت و تیم ڕیان دیموکراتی نوێنەری ئۆهایۆ لە بەیاننامەیەکدا ڕایانگەیاند " دەبێت دڵنیابین لەوەی گێرەشێوێنەکانی کە هێرشیان کردە سەر ئەنجومەنی نوێنەران و ئەوانەش کە هاندەریان بوون بە تەواوەتی بەرپرسیار بکرێن."

XS
SM
MD
LG