Accessibility links

دەنگدەرانی کالیفۆرنیا بڕیار لەسەر چارەنوسی فەرمانڕەوای ویلایەتەکە دەدەن


دەنگدەران لە ویلایەتی کالیفۆرنیای رۆژئاوای ئەمەریکا ئەمڕۆ سێشەممە دەچنە بنکەکانی دەنگدان بۆ بەشداری کردن لە ڕاپرسی ئەگەری مانەوەی گاڤین نوسەم دیموکراتی ‌فەرمانڕەوای ویلایەتەکە.

ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە ڕۆژێک بەر لە هەڵبژاردنەکان سەرۆک جۆو بایدن بەشداری کرد لە دواین هەڵمەتەکانی نوسەم لە شاری لۆنگ بیچ باشوری ویلایەتەکە و تیایدا جەختی کردەوە لە دیموکراتەکان بچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان و داوکاری هەڵبژاردنی پێشوەخت بۆ هەوڵەکانی لابردنی نوسەم ڕەتبکەنەوە.

سەرۆک بایدن ڕایگەیاند " چاوی وڵات لەسەر کالیفۆرنیایە، چونکە ئەو بڕیارەی کە دەیدەن تەنها کار ناکاتە سەر کالیفۆرنیا بەڵکو کاردەکاتە سەر تەواوی وڵات و لە ڕاستیدا، نەک بە گاڵتە، بەڵکو تەواوی جیهانیش."

داواکاری بۆ هەڵبژاردنی پێشوەخت لەلایەن کۆمارییەکانەوە کراوە کە توڕەن لە شێوازی بڕیارە توندەکانی نوسەم لەسەر ڕێوشوێنەکانی خۆپارێزی کۆڤید-19، لە ناویاندا داخستنی خوێندنگاکان و کۆت و بەندەکان لەسەر کاردارییە بچووکەکانی وەکو باڕ و ڕێستورانتەکان. ڕێکخەرەکان ئیمزای پێویستیان کۆکردەوە تا دەنگدان لەسەر داواکاری هەڵبژاردنی پێشوەخت مسۆگەر بکەن.

لەم ڕاپرسییەدا پرسیار لە دانیشتوانی کالیفۆرنیا دەکرێت ئایا نوسەم لەسەر دەسەڵات لاببرێت یان نا. ئەگەرژمارەیەکی پێویستی دەنگدەران وەڵامیان " بەڵێ" بوو ئەوا هەر کاندیدێک کە زۆرترین دەنگ بەدەستبهێنێت جێگای نوسەم دەگرێتەوە.

ڕاپرسییەکانی ڕای دەنگدەران نیشان دەدات لاری ئەلدر دەدات پێشکەشکاری بەرنامەنامەی ڕادیۆی کۆنەپارێزەکان، پاڵێوراوی پێشەنگە لە نێوان زیاتر لە 40 کەس کە دەبنە کاندیدی جێگرەوە تا ئەو کاتەی ماوەی یاسایی نوسەم لە سالی داهاتوو بە فەرمی کۆتایی پێدێت.

نوسەم کەسایەتیەکی دیاری نێو دیموکراتەکانی وڵاتە، کە پێشتر وەک سەرۆکی شارەوانی شاری سان فرانسیسکۆ و جێگری فەرمانڕەوای کالیفۆرنیا کاری کردووەو لە ساڵی 2018 وەکو فەرمانڕەوای ویلایەتەکە هەڵبژێردرا. شکستی لە ویلایەتێک کە دیموکراتەکان تیایدا زۆرینەن ڕەنگە ببێتە کێشەیەکی گەورەتر بۆ بایدن و دیموکراتەکانی کۆنگرێس لە کاتێکدا خۆ ئامادە دەکەن بۆ هەڵبژاردنی ساڵی داهاتووی کۆنگرێس. بەڵام بە پێی ڕاوەرگرتنەکانی ئەم دواییانە نوسەم لە پێشەنگی هەڵمەتەکەدایە.




XS
SM
MD
LG