Accessibility links

کۆمارییەکان دەیانەوێت پرسی ئاسایشی سنوور لەگەڵ هاوکارییەکان بۆ ئۆکرانیا بەیەکەوە ببەستنەوە


لە کاتێکدا لەم هەفتەیەدا کۆنگرێس دەگەڕێتەوە سەر کارەکانی، یاسادانەران هەوڵی ڕێککەوتنێک دەدەن بۆ ڕەوانەکردنی خولێکی نوێی یارمەتییە سەربازییەکان بۆ ئۆکرانیا، بەڵام بۆ ئەوەی لەو هەوڵەیاندا سەرکەوتوو بن، پێویستییان بەوەیە ڕێککەوتنێک بکەن لەسەر پرسێک کە دەیان ساڵە سەری لێشێواندوون.

کۆمارییەکان لە ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی سیناتیش ڕوونییان کردووەتەوە کە پشتگیری لە یارمەتی سەربازیی زیاتر ناکەن بۆ ئۆکرانیا هەتاوەکو ئەو یارمەتییە لەگەڵ ڕێوشوێنەکانی ئاسایشی سنووردا ڕێکنەخرێن، ئەوەش لە پێناو مامەڵەکردن لەگەڵ شەپۆلی کۆچبەران لەسەر سنووری نێوان ئەمەریکا و مەکسیک.

ئەو داواکارییەشییان یەکێک لە مشتومڕترین پرسی لە سیاسەتی ئەمەریکادا خستووەتە ناو مشتومڕێکی سیاسەتی دەرەوەدا کە پێشتریش سەخت بووە. کاتیش بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێک کەم بووەتەوە.

گروپێکی بچووک لە ئەنجومەنی سینات ڕابەرایەتی دەکەن و کاردەکەن بۆ دۆزینەوەی سازشێک کە بتوانێت بە بەدەستهێنانی 60 دەنگ زاڵ بێت بەسەر ئەگەری تاکتیکی دواخستندا. بەڵام ئەگەر بتوانن بگەنە ڕێککەوتنێکی سادەش، هیچ گەرەنتییەک نییە کە لە ئەنجومەنی نوێنەران پەسەند بکرێت، کە تێیدا کۆمارییەکان پێداگری دەکەن لەسەر گۆڕانکاری تەواو لە سنوورەکانی ئەمەریکا و سیاسەتەکانی کۆچدا.

کۆمارییەکان هیوادارن دیموکراتەکان هەست بە فشارە سیاسییەکە بکەن بۆ پەسەندکردنی هەندێک لە پێشنیارەکانییان سەبارەت بە سنوورەکە، ئەوەش دوای ئەوەی تێپەڕاندنی سنوورەکە لەلایەن کۆچبەرانەوە ڕۆژانە گەیشتووەتە زیاتر لە 8000 کۆچبەر. سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن تەنانەت لە هاوەڵە دیموکراتەکانی خۆشییەوە ڕووبەڕووی فشار بووەتەوە لەسەر زیادبوونی لێشاوی کۆچبەران لەسەر سنووری نێوان ئەمەریکا و مەکسیک.

بەڵام گەیشتن بە سازشێک زۆر سەخت دەبێت. کاتێک پشووی جەژنی سوپاسگوزارییان وەرگرت، دانوستکارانی ئەنجومەنی سینات وتییان زۆر دوورن لە یەکترەوە.

سیستمی پەنابەرێتی بۆ کۆچبەران سەرەکیترین بابەتە بۆ کۆمارییەکان. دەیانەوێت لەسەر کۆچبەرانی قورستر بکەن لە چاوپێککەوتنە سەرەتاییەکاندا بیسەلمێنن کە لە وڵاتانی خۆیان ڕووبەڕووی کێشەی سیاسیی و ئاینی یاخود ڕەگەزپەرستی بوونەتەوە، دەبێت ئەوانە بسەلمێنن پێش ئەوەی بەرەو مافی پەنابەرێتی بڕۆن لە ئەمەریکادا.

کۆمارییەکان لە ئەنجومەنی نوێنەران یاسایەکیان پەسەند کردووە کە تێیدا خێزانەکان لە سنوورەکان دەستبەسەر بکرێن، داوا لە کۆچبەران دەکات داوای پەنابەرێتی لە بەندەرێکی فەرمی چوونە ژوورەوە بکەن و یان دەستبەسەرییان بکەن یاخود داوایان لێبکەن لە دەرەوەی ئەمەریکا بمێننەوە لەکاتێکدا کە دۆسییەکەیان لەلایەن ئەمەریکاوە پڕۆسە دەکرێت.

یاسا ئەمەریکایی و نێودەوڵەتییەکان مافی ئەوە دەدەن بە کۆچبەران کە بە دوای پارێزراویدا بگەڕێن لە کاتێکدا کە لە وڵاتانی خۆیان ڕووبەڕووی لێپێچینەوە بوونەتەوە، بەڵام ژمارەی ئەو کەسانەی کە داوای پەنابەرێتی دەکەن لە ئەمەریکا گەیشتووەتە ئاستێکی مێژوویی. ڕەخنەگران دەڵێن زۆرێک سوود لەو سیستمە وەردەگرن بۆ ئەوەی لە ئەمەریکا بژین و کاربکەن، لە کاتێکدا کە لە ناوخۆی ئەمەریکادا چاوەڕێ دەکەن تاوەکو داواکانییان لە دادگادا پڕۆسە بکرێت.

هاوکات سەرۆکی ئەمەریکا داوای لە کۆنگرێس کردووە یارمەتی بۆ ئۆکرانیا و ئیسڕائیل و هاوپەیمانەکانی دیکەی ئەمەریکا دابین بکات، لەگەڵ 14 ملیار دۆلاری دیکەدا بۆ پتەوکردنی سیستمی کۆچ و ئاسایشی سنوورەکانی ئەمەریکا. پارەکە ڕاستەوخۆ دەچێت بۆ بە کرێگرتنی بریکاری زیاتری ئێشکگری سەر سنوورەکان و دادوەرانی کۆچ و ئەفسەرانی پەنابەرێتی.

سەرچاوە/ AP

XS
SM
MD
LG