Accessibility links

بلینکن: ئەمەریکا کۆنتڕۆڵی بژاردەکانی ئەفریکا ناکات


وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن دەڵێت ئەمەریکا بژاردەکانی ئەفریکا کۆنتڕۆڵ ناکات، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی واشنتن هەوڵیداوە پاڵپشتی 54 وڵاتەکەی کیشوەری ئەفریکا بەدەستبهێنێت بۆ دابڕاندنی ڕووسیا بەهۆی داگیرکارییەکەیەوە لە ئۆکرانیا.

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە ئەفریکای باشوورە و لە زانکۆی پریتۆریای پایتەختی ئەو وڵاتە ستراتیژییەکی نوێی ئەمەریکا دەخاتەڕوو، ئەمەش وەکو بەشێک لە گەشتەکەی بۆ کیشوەرەکە کە هەریەک لە کۆنگۆ و ڕوانداش دەگرێتەوە.

جێی ئاماژەیە ئەفریکای باشوور یەکێک بوو لەو 17 وڵاتەی کیشوەری ئەفریکا کە خۆیان بە دوورگرت لە دەنگدانەکەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا بۆ سەرکۆنەکردنی داگیرکارییەکەی ڕووسیا لە ئۆکرانیا.

هەروەها دوو هەفتە دوای سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی ڕووسیا سێرگێی لاڤرۆڤ دێت بۆ کیشوەرەکە و تیایدا ڕەخنەی توندی ڕۆژئاوا گرت لەسەر دەستوەردانییان لە کاروباری ئەفریقادا. سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆنیش لە هەمان کاتدا سەردانی کیشوەرەکەی کرد و تیایدا ڕووسیای بە تۆمەتی خستنەوەی قەیرانی خۆراک لە جیهاندا تۆمەتبار کرد.

بلینکن گوتی " زۆرجار وڵاتانی ئەفریقا وەکو ئامڕازێک بۆ پێشکەوتنی وڵاتانی دیکە بەکارهێندراون، پێیان وتراوە دەبێت بەرەیەک هەڵبژێرن لە کێبڕکێی زلهێزەکانی جیهاندا کە زۆر دوورە لە کۆششی ڕۆژانەی گەلەکانی خۆیانەوە."

لە ستراتیژییەکەدا جەخت لە هەڕەشەکانی چین و ڕووسیا کراوەتەوە بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا لەم ناوچە گرنگەدا، کە ڕۆژ لەدوای ڕۆژ گرنگتر دەبێت.

ئەفریکاییەکان زۆر جار ناڕەزاییان دەربڕیوە سەبارەت بەوەی دەبنە گۆڕەپانی کێبڕکێکانی نێوان چین و ڕووسیا و ڕۆژئاوا. قەیرانەکەی ئۆکرانیا کێبڕکێی زلهێزەکانی لەسەر سەرچاوە سروشتییەکانی ئەفریقا و و بازرگانی و پەیوەندییە ئاسایشییەکانیان لەگەڵ ئەفریقا زیاتر کردووە.

بلینکن گوتی " ئەمەریکا بژاردەکانی ئەفریکا کۆنتڕۆڵ ناکات، نابێت هیچ کەسێکی دیکەش ئەوە بکات."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG