Accessibility links

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا گەیشتە ئەفریکای باشوور


وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن ڕۆژی یەکشەممە لەمیانەی گەشتەکەیدا بۆ ئەفریکا گەیشتە ئەفریکای باشوور.

بڕیارە وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن لەمیانەی سەردانەکەیدا بۆ ئەفریکا جگە لە ئەفریقای باشوور سەردانی هەریەک لە کۆماری دیموکراتی کۆنگۆ و ڕوانداش بکات.

ڕۆژی دووشەممە بلینکن وتارێکی گەورە لە ئەفریکای باشوور پێشکەش دەکات سەبارەت بە ستراتیژی ئەمەریکا بەرامبەر وڵاتانی ناوچەی باشووری سەحارا. هەروەها گۆڕانی کەش و هەوا و ناپارێزراوی خۆراک و تەندروستی لە بابەتە سەرەکییەکانی گفتوگۆکان دەبن.

بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا دەڵێن بلینکن لە میانەی سەردانەکەیدا بۆ کۆماری دیموکراتی کۆنگۆ کار دەکات بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکانی نێوان کۆنگۆ و ڕواندا. کۆنگۆ ڕواندای بە تۆمەتی پشتیوانیکردن لە گروپی چەکداری ئێم 23 تۆمەتبار کردووە، ڕوانداش ئەو تۆمەتە ڕەت دەکاتەوە.

هەروەها لە ڕوانداش بلینکن بابەتی " دەستبەسەرکردنی ناڕەوای " هاوڵاتی ئەمەریکی پۆڵ ڕوسێسباگینا دەوروژێنێت کە لە ڕواندا دەژی. کارەکانی ڕوسێسباگینا یارمەتیدەر بووە لە ڕزگارکردنی ژیانی سەدان کەس لەمیانەی کۆمەڵکوژییەکەی ساڵی 1994 دا.

گەشتەکەی بلینکن چەند ڕۆژێک دوای ئەوە دێت وەزیری دەرەوەی ڕووسیا سێرگێی لاڤرۆڤ گەشتەکەی بۆ ئەفریقا تەواو کرد. لاڤرۆڤ لە ئەفریقا داکۆکی لە داگیرکارییەکەی ڕووسیا کرد لە ئۆکرانیا و بەرپرسیارێتی بەرزبوونەوەی نرخەکانی خۆراک و سوتەمەنی لە ئەفریقا خستە سەر ئەستۆی سزاکانی ڕۆژئاوا. ئەمەریکاش هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخەکانی گەڕاندۆتەوە بۆ داگیرکارییەکەی ڕووسیا لە ئۆکرانیا.

ئەمە دووەمین گەشتی بلینکن دەبێت بۆ ئەفریکا وەکو وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، دوای ئەوەی لە مانگی یانزەدا سەردانی هەریەک لە نایجیریا و سەنیگال و کینیای کرد.

XS
SM
MD
LG