Accessibility links

هێرس ڕێی پارە کۆکردنەوە دەگرێتەبەر لە کاتێکدا داوا لە بایدن دەکرێت دەستبەرداری کێبڕکێکە بێت


جێگری سەرۆکی ئەمەریکا کامالا هاریس
جێگری سەرۆکی ئەمەریکا کامالا هاریس

جێگری سەرۆکی ئەمەریکا کاملا هێرس لە هەڵمەتێکی پارە کۆکردنەوەدا لە ماساچوستس جەختی لە بابەتی دووبارە هەڵبژاردنەوەی سەرۆک جۆو بایدن کردەوە سەرەڕای بەردەوامیی فشارەکانی دیموکراتەکان و بەخشەرەکان بۆ کۆتایی هێنان بە هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانی بایدن.

هێرس وتی " لەم هەڵبژاردنەدا سەرکەوتوو دەبین. ئاسان نابێت بەڵام ئێمە کۆمەڵە کەسێکین کە لەوە تێدەگەین هەر شتێک شایستە بێت کاری قورسی دەوێت."

لە کاتێکدا کە ئاماژەی بەو گێژاوەدا کە کاندیدبوونی بایدنی گرتووەتەوە لە دوای مشتومڕە خراپەکەی مانگی ڕابردوویدا بەرامبەر دانۆڵد ترامپ، هاریس ئاماژەی بەو داوایانە نەدا کە لە بایدن دەکرێن تاوەکو دەستبەرداری کێبڕکێی هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2024 ببێت.

هەڵمەتی کۆکردنەوەی پارەکە 1000 کەسی بەلای خۆیدا ڕاکێشا و زیاتر لە 2 ملیۆن دۆلاری کۆکردەوە، ئەوەش بەپێی وتەی میواندارەکەی، بڕایان ڕافانێلی ڕێکخەری ئاهەنگی هاوسەرگیری کەسە بە ناوبانگەکان. بە ناوبانگەکان و گۆرانیبێژەکانی وەکو جێنیفەر کوولیدج و بیڵی پۆرتەر و دارین کریس بڕیار بوو ئامادە بن.

ڕۆژی هەینی بایدن و یاریدەدەرە باڵاکانی بەڵێنیاندا بەردەوام بن لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەکان دژی دانۆڵد ترامپی بەربژێری کۆمارییەکان، تەنانەت لە کاتێکدا کە بەخشەرە گەورەکان ئاماژەیان بەوەدا کە نایانەوێت پارەی زیاتر بدەن بە هەڵمەتی هەڵبژاردنەکە تاوەکو ئەو کاتەی بایدنی تەمەن 81 ساڵ دەستبەرداری کێبڕکێکە دەبێت.

قەیرانی متمانە بە توانای بایدن بۆ سەرکەوتن لە هەڵبژاردنەکانی 5 ی مانگی یانزەدا تیشکەکانی خستووەتە سەر هاریس، کە بە شێوەیەکی بەرچاو باوەڕوایە یەکێک بێت لەوانەی کە ئەگەرێکی زۆری هەیە شوێن بایدن بگرێتەوە ئەگەر بایدن دەستبەرداری کێبڕکێکە ببێت.

بەپێی سێ دیموکرات کە پارە کۆدەکەنەوە، بۆنەکانی هاریس بۆ کۆکردنەوەی پارە سەرنجی زیاتری بەخشەرەکانی بەلای خۆیدا ڕاکێشاوە کە دەیانەوێت ئاماژە بەوە بدەن کە ئامادەن یەکبگرن بۆ پشتیوانیکردنی هاریس بۆ کۆشکی سپی.

ڕۆژی شەممە لە شارۆچکەی پڕۆڤینس، هاریس توندڕەویی و لێنەبووردەیی سەرکۆنە کرد و وتی ئەو دوو شتە دیدی ترامپن بۆ ئەمەریکا.

هێرس وتی " لە ئێستادا لە وڵاتی ئێمەدا ئەو ئازادییانە لە ژێر هێرشێکی تەواودان، سپی پێست پەرستەکان لە فێستیڤاڵەکانی شانازی هاوڕەگەزخوازاندا بە چەکی هێرشکردنەوە دەرکەوتن، دەبینین توندڕەوەکان گڕی ڕق و هۆمۆفۆبیا بۆ قازانجی سیاسی هەڵدەکەن."

لە کاتێکدا کە گومانەکان زیادییان کردووە لەسەر ئەوەی ڕەنگە هاریس بەمزووانە شوێن بایدن بگرێتەوە وەکو بەربژێری پارتی دیموکراتەکان بۆ هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکا، هاریس پشتگیری تەواویی خۆی بۆ مانەوەی بایدن دەربڕیوە لە کێبڕکێکەدا.

وتی " ئەو شەڕ بۆ گەلی ئەمەریکا دەکات."

سی و پێنج دیموکراتی کۆنگرێس، کە دەکاتە زیاتر لە سەدا 10 ی ئەندامانی پارتی کۆمارییەکان لە کۆنگرێس، بە ئاشکرا داوایان لە بایدن کردووە دەستبەرداری کێبڕکێی هەڵبژاردنەکان بێت، ئەوەش دوابەدوای مشتومڕە خراپەکەی بەرامبەر ترامپ لە 27 ی مانگی شەشدا.

مشتومڕەکە نیگەرانی جددی لە ناو دیموکراتەکاندا دروست کرد لەسەر توانای بایدن بۆ سەرکەوتن لە هەڵبژاردنەکاندا، یاخود توانای بایدن بۆ جێبەجێکردنی ئەرکەکانی بۆ چوار ساڵی دیکە.

ڕۆژی شەممە پزیشکەکەی بایدن وتی سەرۆک توشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووە و نیشانەکانی سووکن، بەڵام خەریکە باش دەبێتەوە.

هەڵمەتەکەی بایدن هیوای دەخواست نزیکەی 50 ملیۆن دۆلار لە بەخشینە گەورەکانی مانگی حەوتدا کۆبکاتەوە. بەڵام لە ئێستادا کەمتر لە نیوەی ئەو پارەیەی کۆکردووەتەوە، ئەمەش بەپێی دوو سەرچاوەی نزیک لە هەوڵەکانی کۆکردنەوەی پارەوە.

هەڵمەتەکە ڕاپۆرتەکانی کەمی کۆکردنەوەی پارەی لە مانگی حەوتدا بە زیادەڕەوی ناوبرد و ئاماژەی بەوەدا کە پێشبینی کەمبوونەوەی بەخشینە گەورەکان دەکات بەهۆی پشووەکانەوە. ئاماژەی بەوەشداوە هەڵمەتەکە هێشتا 10 بۆنەی کۆکردنەوەی پارەی لە خشتەی ئەم مانگەدا ماوە.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا، ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG