Accessibility links

وەزیری بەرگری ئەمەریکا دەڵێت واشنتن ڕێگە نادات ئۆکرانیا شکست بهێنێت


وەزیری بەرگری ئەمەریکا لوەید ئۆستن ڕۆژی سێشەممە بەڵێنیدا کە ئەمەریکا ڕێگە نەدات ئۆکرانیا شکست بهێنێت، ئەمەش تەنانەت لە کاتێکدا کە یارمەتییەکان بۆ ئۆکرانیا لە کۆنگرێسی ئەمەریکادا ڕاگیراون و هێزەکانی کیێڤیش ڕووبەڕووی کەمی بوونەتەوە لە چەک و تەقەمەنیدا.

ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا کە کۆمارییەکان تێیدا باڵا دەستن ڕێگرییان کردووە لە پەسەندکردنی بڕی 60 ملیار دۆلار یارمەتی بۆ ئۆکرانیا، ئەمەریکاش هۆشداریداوە کە ئەو 300 ملیۆن دۆلارەی لەمدواییانەدا بۆ ئۆکرانیا پەسەند کراوە بەشی تەنها چەند هەفتەیەکی کەم دەکات.

ئۆستن لە دەستپێکی کۆبوونەوەی ئەو وڵاتانەدا کە پشتیوانی لە ئۆکرانیا دەکەن لە ئەڵمانیا وتی " ئەمەریکا ڕێگە نادات ئۆکرانیا شکست بهێنێت." لە کۆبوونەوەکەدا هەوڵدەدرێت پشتیوانی زیاتر بۆ کیێڤ پەیدا بکرێت.

وتیشی " ئێمە سوورین لەسەر دابینکردنی هەموو ئەو سەرچاوانەی کە ئۆکرانیا پێویستی پێیانە بۆ بەرەنگاربوونەوەی دوژمنکارییەکەی کرێملن."

سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی ڕۆژێک پێش ئەوە وتی " زۆر گرنگە بۆ ئێمە کۆنگرێسی ئەمەریکا بە زوویی سەرجەم ڕێوشوێنەکان تەواو بکات و بڕیارێکی کۆتایی بدات " لەسەر یارمەتییەکان بۆ ئۆکرانیا.

ئۆستن ئاماژەشی بەوەدا " لە سەرەتای دەستپێکردنی داگیرکارییەکەی ڕووسیاوە لە ئۆکرانیا لانیکەم 315,000 سەربازی ڕووسیایی کوژراون و بریندار بوون." وتیشی ئۆکرانیا " نزیکەی 20 کەشتی مەودا ناوەند بۆ درێژی هێزی دەریایی ڕووسیای نقووم کردووە یاخود تێکیشکاندوون."

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG