ڕووسیا ڕایگەیاند ئۆکرانیا 35 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئاڕاستەی سەرانسەری ڕووسیا کردووە کە بەهۆیەوە بۆ ماوەیەکی کورت ئاگرێک لە پاڵاوگەیەک کەوتووەتەوە، هەروەها مۆسکۆشییان کردووەتە ئامانج و لە ناوچە سنوورییەکانیش کارەبا بڕاوە، ئەمەش لە کۆتا ڕۆژی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ڕووسیادا.
مۆسکۆ کیێڤی تۆمەتبار کردووە بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ تێکدانی هەڵبژاردنەکان، ئەوەش لە ڕێی هێرشە بەردەوامەکانییەوە بۆ سەر ژێرخانی ڕووسیا لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوودا، هێرشەکان بە گەورەترین هێرشی ئاسمانی ئۆکرانیا دادەنرێت دژی ڕووسیا تاوەکو ئێستا لە دوای دەستپێکردنی داگیرکارییەکەی ڕووسیاوە لە ئۆکرانیادا.
پوتنیش بەڵێنیداوە سزای ئۆکرانیا بدات لەسەر ئەو هێرشانە.
وەزارەتی بەرگری ڕووسیا ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند 17 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە هەرێمی کراسنۆداری باشووری ڕووسیا تێکشکێندراون، چوار فڕۆکەی دیکەش بەسەر هەرێمی مۆسکۆدا تێکشکێندراون و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تریش بەسەر شەش هەرێمی دیکەدا تێکشکێندراون.
بارەگای ئۆپەراسیۆنەکانی هەرێمی کراسنۆدار لە باشووری ڕووسیا وتی " فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان لە ناوبران، بەڵام بەهۆی کەوتنە خوارەوەی پارچەکانی یەکێک لەو ئامێرانەوە ئاگرێک کەوتووەتەوە."
بەڕێوبەرایەتی هەرێمەکە وتی ئاگرەکەی پاڵاوگەی سلاڤیانسک لە کراسنۆدار کوژێندراوەتەوە و هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتووەتەوە، بەڵام زانیارییە سەرەتاییەکان ئاماژە بەوە دەدەن کەسێک بەهۆی جەڵتەی دڵەوە گیانی لە دەستداوە.
سەرچاوەیەکی هەواڵگری ئۆکرانیا ڕۆژی یەکشەممە بە ڕۆیتەرزی وت هێرشی فڕۆکە بێفڕۆکەوانە مەودا دوورەکانی ئۆکرانیا کە لەلایەن دەزگای ئاسایشی ئێس بی یوی ناوخۆوە ئەنجام دراون تاوەکو ئێستا لە جەنگەکەدا لە 17 پاڵاوگەی نەوتی ڕووسیایان داوە.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز