ڕێکخراوە دیارەکانی موسوڵمانان و ڕێکخراوە عەرەبە ئەمەریکاییەکان و چالاکەوانانی لایەنگری فەلەستینییەکان دەڵێن لە پەیوەندییەکەی ئۆفیسی جێگری سەرۆکی ئەمەریکا کامڵا هێرسدا لەگەڵ سەرکردەکانی کۆمەڵگەکاندا لەسەر هەوڵەکانی بەڕێوبەرایەتییەکە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی پەرەسەندنی ململانێکەی ناو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پشتگوێ خراون.
ڕۆژی چوارشەممە کۆشکی سپی وتی فیڵ گۆردنی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی کامڵا هێرس لە ڕێی پەیوەندییەکی ڤیدیۆییەوە لەگەڵ " سەرکردەکانی کۆمەڵگە موسوڵمان و عەرەب و فەلەستینییە ئەمەریکاییەکانی سەرانسەری ئەمەریکادا " کۆبووەتەوە بە مەبەستی تاوتوێکردنی هەوڵەکانی بەڕێوبەرایەتییەکەی ئەمەریکا بۆ کۆتایی هێنان بە جەنگەکەی ناو غەززە.
کۆشکی سپی وتی گۆردن " نیگەرانی دەربڕیوە سەبارەت بە هاووڵاتیانی سڤیل لە لوبنان و کارەکانی ئیسڕائیل کە ئاشتی و ئاسایش و سەقامگیری کەناری ڕۆژئاوا دەخەنە مەترسییەوە."
کۆبوونەوەکە وادیارە هەوڵێک بووبێت بۆ چاککردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ کۆمەڵگە عەرەب و موسوڵمان و فەلەستینییەکانی ئەمەریکادا کە زۆر توڕە و بێزار بوون بە پشتیوانییە بەردەوامەکەی بەڕێوبەرایەتییەکەی ئەمەریکا بۆ ئیسڕائیل لە جەنگەکەیدا دژی حەماس.
بەڵام هیچ کام لە گروپە دیارەکانی ئەو کۆمەڵگەیانە بانگهێشت نەکراون بۆ کۆبوونەوەکە، بە ئەنجومەنی پەیوەندییەکانی ئەمەریکا – ئیسلام و ئەنجومەنی کاروباری گشتی موسوڵمانانیشەوە. هەروەها ' بزووتنەوەی نیشتیمانی ئەوانەی کە پابەند نین بە هێرسەوە ' و ' دەستبەرداربوون لە هێرس ' بانگهێشت نەکراون، ئەو دوو گروپە لایەنگری فەلەستینییەکانن و هەوڵییان بۆ گۆڕانکارییەک داوە لە سیاسەتەکانی بەڕێوبەرایەتییەکەی ئەمەریکادا بەرامبەر غەززە.
سەرکردەی گروپە دیارەکانی ئەو کۆمەڵگەیانە لە ناوچەی واشنتن، بە مەیکسپەیس و ناوەندی دارئەلهیجرەی ئیسلامی و ناوەندی موستەفا و ناوەندی دیانەتی ئەمەریکاش بانگهێشت نەکرابوون.
جەیمس زۆگبی سەرۆکی ناوەندی عەرەبی ئەمەریکایی بەشداری لە کۆبوونەوەکەدا کرد لەگەڵ گۆردندا. وتی کۆبوونەوەکە " بێزارکەر " بووە چونکە نوێنەرانی کۆمەڵگەکەی لە خۆنەگرتووە.
زۆگبی بە دەنگی ئەمەریکای وت " پێمان وترا ئەمە کۆبوونەوەیەکی عەرەبی ئەمەریکایی دەبێت. پێمان وترا ئەمە کۆبوونەوەیەکی موسوڵمانان دەبێت. هیچ کامێکییان نەبوو. هیچ سەرکردەیەکی فەلەستینی تێدا نەبوو. هەندێک فەلەستینی ئەمەریکایی لێبوو بەڵام هیچ کام لەو ڕێکخراوانەی لێنەبوو کە نوێنەرایەتی فەلەستینییە ئەمەریکاییەکان دەکەن."
زۆگبی وتی بەڕێوبەرایەتییەکەی ئەمەریکا دەرفەتێکی لە دەستدا بەهۆی ئەوەی کە ئەو کەسانەی بانگهێشت نەکردووە بۆ کۆبوونەوەکە کە پێشنیارکراوە بانگهێشت بکرێن.
وتی " تەنها دوو کەسمان لە کۆی هەشت کەس سەرۆک ڕێکخراو بووین."
ئێدوارد گابریێلی سەرۆکی هێزی کاری ئەمەریکایی لەسەر لوبنان وتی ئۆفیسی جێگری سەرۆک " چەندین جار " بەشداری پێکردووە لە گفتوگۆکاندا، بە کۆبوونەوەکەی ئەم هەفتەیەشەوە لەگەڵ گۆردندا.
گابریێل بە دەنگی ئەمەریکای وت " کۆبوونەوەکانمان هەر ئەرێنین. بە جێگری سەرۆک و تیمەکەیمان وت کە چەند گرنگە پەیامی ڕوون بدەن بە کۆمەڵگەکەمان سەبارەت بە پێویستییەکان بۆ کۆتایی هێنان بەم جەنگە و یارمەتیدانی ئەو هاووڵاتیە لوبنانییانەی کە زیانێکی گەورەیان بەرکەوتووە بەهۆی ئەم ململانێیەوە."
لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا هەڵمەتە سەربازییەکەی ئیسڕائیل دژی حزبوڵای هاوپەیمانی ئێران لە لوبنان بووەتە هۆی کوژرانی سەدان کەس و برینداربوونی هەزاران کەسی دیکە و ئاوارەبوونی زیاتر لە یەک ملیۆن کەس. یەکێک لە قوربانییەکان کامیل ئەحمەد جەواد بووە کە ئەمەریکاییەکی خەڵکی دییەربۆرنی میشیگن بووە.
گابریێڵ وتی هەڵوێستی بایدن لەسەر فراوانبوونی هەڵمەتەکەی ئیسڕائیل بۆ لوبنان " لەلایەن کۆمەڵگەی لوبنانییە ئەمەریکاییەکانەوە بە باشی وەرنەگیراوە، چونکە هیچ هەستێکی قەرەبووکردنەوە دەرنەبڕدراوە بۆ لە دەستچوونی ژیانی هاووڵاتییانی بێتاوان، بە تایبەتی ژنان و منداڵان."
وتەبێژێکی هەڵمەتەکەی هەڵبژاردنی هێرس وتی " هێرس پابەندە بە کارکردنەوە بۆ بە دەستهێنانی هەموو دەنگەکان و یەکخستنەوەی وڵاتەکەمان و بوونی بە سەرۆکی هەموو ئەمەریکاییەکان."
وتەبێژەکە بە دەنگی ئەمەریکای وت " لە ماوەی پیشەکەیدا، هێرسی جێگری سەرۆک بەردەوام پشتیوانی لە کۆمەڵگە موسوڵمانەکەی وڵاتەکەمان کردووە، دڵنیابووەتەوە لەوەی پارێزراو بن لە سیاسەتە ڕقەکەی بەڕێوبەرایەتییەکەی ترامپ. بەردەوام دەبێت لە کارکردن بۆ کۆتایی هێنان بە جەنگەکەی غەززە بە شێوەیەک کە ئیسڕائیل پارێزراو بێت و بارمتەکانیش ئازاد بکرێن و ناڵاندنی غەززە کۆتایی بێت، گەلی فەلەستینیش بتوانن هەست بە شکۆ و ئاسایش و ئازادی خۆیان بکەن."
هەوڵەکەی هێرس بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ کۆمەڵگەی عەرەب و موسوڵمانەکانی ئەمەریکادا دوای ڕاپرسییەکی نوێ دێت کە تێیدا دەردەکەوێت پشتیوانی عەرەبە ئەمەریکاییەکان بۆ کامڵا هێرسی بەربژێری دیموکراتەکان بۆ هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکا یەکسانە بە پشتیوانییەکانیان بۆ بەربژێری کۆمارییەکان دانۆڵد ترامپ.
ناوەندی عەرەبە ئەمەریکاییەکان ڕۆژی چوارشەممە ڕاپرسییەکی بڵاوکردەوە کە لەگەڵ 500 عەرەبی ئەمەریکاییدا ئەنجامی داوە و دەردەکەوێت کە لەسەدا 42 پشتگیری لە ترامپ دەکەن و لە سەدا 41 پشتگیری لە هێرس دەکەن.
ئەم ڕاپرسییە دەریدەخات کە چۆنێتی مامەڵەی بەڕێوبەرایەتییەکە لەگەڵ قەیرانەکانی غەززەدا بووەتە هۆی کەمبوونەوەی پشتیوانی عەرەبەکانی ئەمەریکا بۆ دیموکراتەکان.
بەپێی دوایین سەرژمێری، نزیکەی 3.5 ملیۆن عەرەبی ئەمەریکایی لە ئەمەریکادا هەن. دەزگای سەرژمێری ئەمەریکا بەپێی باوەڕی ئایینی سەرژمێری هاووڵاتیان ناکات، بەڵام چەندین سەرچاوە دەریدەخەن کە نزیکەی 4 بۆ 5 ملیۆن موسوڵمانی ئەمەریکایی لە ئەمەریکادا هەن.
ئەوە ڕێژەیەکی زۆر کەمە لە 337 ملیۆن دانیشتووەکەی ئەمەریکا. بەڵام بەهۆی ئەوەی کە عەرەبە ئەمەریکاییەکان تەنها لە چەند ویلایەتێکی کەمدان، وەکو کالیفۆرنیا و میشیگن، ڕەنگە بتوانن ڕۆڵێکی لە خۆیان گەورەتریان هەبێت لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمەریکادا کە بڕیارە مانگی داهاتوو بەڕێوەبچێت.
لەلایەکی دیکەوە ترامپی بەربژێری کۆمارییەکان هەوڵیداوە دەنگی عەرەب و موسوڵمانەکان بەلای خۆیدا ڕابکێشێت و پشتگیری ئەمیر غالیبی بە دەستهێناوە کە یەمەنییەکی ئەمەریکاییە و سەرۆکی شارەوانی هامترامکی میشیگنە، شارەکە 30,000 دانیشتووی هەیە و نزیکەی نیوەی دانیشتووەکەی موسوڵمانن، هەروەها تەنها شارە لە وڵاتەکەدا کە ئەنجومەنی شارەکە سەرجەمییان موسوڵمان بن.
غالیب بە دەنگی ئەمەریکای وت " پشتگیریکردن لە سەرۆک ترامپ تێکەڵەیەک بوو لە نائومێدی و هیوا. نائومێدین لە سیاسەتە ناوخۆیی و دەرەکییەکانی بەڕێوبەرایەتییەکەی ئێستا، هیواشمان بەوەیە سەرۆک ترامپ دێت شتەکان چاک دەکاتەوە، کۆتایی بە بێسەروبەرییەکە دەهێنێت و ئاشتی بۆ هەمووان دەگەڕێنێتەوە، هەروەها ڕێگریش دەکات لە خراپتربوونی ئابووری وڵاتەکەمان."
سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا
گروپە دیارەکانی عەرەب و موسوڵمان و فەلەستینییە ئەمەریکاییەکان دەڵێن لە هەوڵەکەی هێرسدا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پشتگوێ خراون
