وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ئێرانی تۆمەتبار کرد بەوەی جێگیری و ئارامی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تێکدەدات لەڕێی پشتیوانیکردنی ڕێکخراوە تیرۆریستیەکان و حکومەتی سوریاوە.
ئەمەش لەمیانەی ڕاپۆرتی ساڵانەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکادا هات سەبارەت بە تیرۆر و ئاڕاستەی کۆنگرێسی ئەمەریکا کرا.
لە ڕاپۆرتەکەدا باس لەو وڵاتانە کراوە کە پشتیوانی ئەمەریکا دەکەن لەدژی تیرۆر و هەروەها باس لەو وڵاتانەش کراوە کە پشتیوانی لە تیرۆر دەکەن.
بەڕێوبەری بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا جەستن سیبریڵ وتی ئێران بەردەوامە لە تێکدانی ئارامی و جێگیری ناوچەکە لەڕێی کۆمەکیکردنی رێکخراوە تیرۆریستییەکانی وەکو حیزبوڵلا و ڕژێمی سوریا.
لە ڕاپۆرتەکە باس لە ئێران و کۆمەڵە تیرۆریستییەکانی وەکو حیزبوڵلا کراوە وەکوو هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ لەسەر هاوپەیمانانی ئەمەریکا لەناوچەکەدا.
هەروەها داعش و قاعیدە بە هەڕەشەی یەکەم دانراون لەلایەن وەزارەتی ئەمەریکاوە.