تورکیا و نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایانگەیاند، ڕۆژی هەینی ڕووسیا و ئۆکرانیا ڕێککەوتنێک واژۆ دەکەن بۆ کردنەوەی بەندەرەکانی دەریای ڕەشی ئۆکرانیا بۆ هەناردەکردنی دانەوێڵە، ئەمەش ئەو هیوایە زیاد دەکات کە قەیرانێکی خۆراکی نێودەوڵەتی کە بەهۆی لەشکرکێشی ڕووسیاوە خراپتر بووە دەتوانرێت کەم بکرێتەوە.
سێ سەرچاوە بە ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرزیان ڕاگەیاندووە، ڕووسیا و ئۆکرانیا کە هەردووکیان گەورەترین هەناردەکاری خۆراکی جیهانن، وەزیرانی ژێرخانی خۆیان و وەزیرانی بەرگری خۆیان دەنێرن بۆ واژۆکردنی ڕیککەوتنێک لە ئەستەنبوڵ.
کرێملن پشتڕاستی کردەوە کە سێرگی شۆیگو وەزیری بەرگری واژۆ لەسەر ڕێککەوتنی تورکیا و نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات، ئەمەش چەند کاتژمێرێک دوای ئەوەی ڤۆلۆدۆمیر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا ڕایگەیاند کە پێشبینی دەکات بەم زووانە بەندەرەکانی وڵاتەکەی بکرێنەوە.
بڕیارە ئانتۆنیۆ گۆتێرێس سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا بەشداری لە مەڕاسیمی واژۆکردنی بڕیارەکەدا بکەن.
گەمارۆدانی کەشتیەکانی دەریای ڕەشی ڕووسیا، پچڕانی زنجیرەی دابینکردنی خۆراکی جیهانی خراپتر کردووە و لەگەڵ سزاکانی ڕۆژئاوا کە بەسەر مۆسکۆدا سەپێندراون، هەڵاوسانی بەرزی نرخی خۆراک و وزەی لێکەوتەوە لەو کاتەوەی هێزەکانی ڕووسیا لە 24ی مانگی دوودا هێرشەکانیان بۆ ناو ئۆکرانیا دەستپێکرد.
دەستبەجێ وردەکاری تەواوی ئەو ڕێککەوتنە بڵاونەکرایەوە. بەڵام ئاژانسی هەواڵی دەوڵەتی ڕووسیا تاس، بە پشتبەستن بە سەرچاوەیەکی نەناسراو، گوتی کە سێ بەندەری ئۆکرانیا لەنێویاندا گەورەترین ناوەندی هەناردەکردن ئۆدێسا دەکرێنەوە.
نزیکەی 20 ملیۆن تۆن دانەوێڵە لە سایلۆکانی ئۆدێسا گیریان خواردووە و دەیان کەشتیش بەهۆی هێرشەکانی مۆسکۆوە گیریان خواردووە.
مەولود چاوشئۆغڵو وەزیری دەرەوەی تورکیا ڕۆژی پێنجشەممە لە تویتێکدا ڕایگەیاند کە گردبوونەوەکەی ڕۆژی هەینی لە ئەستەنبوڵ دەبێتە "یەکەم هەنگاو بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی خۆراک کە ئێستا لە ئارادایە."
میشێل زاکیۆ وتەبێژی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی واژۆکردنی ئەم ڕێکەوتنە، پێشبینی دەکرێت پاشنیوەڕۆی ڕۆژی هەینی کاتژمێر 4:30 بە کاتی ئەستەنبوڵ ئەنجام بدرێت."
سەرچاوە: ڕۆیتەرز