Accessibility links

نەتەوە یەکگرتووەکان: کوشتنەکان و دەستگیرکردنی بە کۆمەڵی خۆپیشاندەران لە ئێران دەبێت بوەستێت


بەرپرسانی ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان سەرکۆنەی سەرکوتکارییە توندوتیژییەکەی خۆپیشاندانەکانی دژ بە حکومەتی ئێرانیان کرد و وتیان پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکانە، هەروەها داوایان لە بەرپرسانی ئێران کرد کۆتایی بە سەرکوتکارییە کوشندەکانیان بهێنن دژی خۆپیشاندەرە ئاشتیخوازەکان.

مانگێک تێپەڕیوە بەسەر کوژرانی ژینا ئەمینی تەمەن 22 ساڵدا کە بووە هۆی خۆپیشاندانێکی سەرتاسەری دژ بە حکومەتی ئێران.

بەرپرسانی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان گوتیان نیگەرانن سەبارەت بە مامەڵەی توندی هێزەکانی ئاسایش دژ بە خۆپیشاندەران، هەروەها نیگەرانن سەبارەت بە دەستگیرکردنەکان و کوشتن و دەستبەسەرکردنی منداڵان.

وتەبێژی ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕاڤینا شەمدەسانی گوتی نزیکەی 23 منداڵ لە خۆپیشاندانەکاندا کوژراون و زۆرێکی دیکەیان لەلایەن هێزەکانی ئاسایشەوە بریندار بوون، هێزەکانی ئاسایش فیشەکی ڕاستی و فیشەکی کانزاییان دژی خۆپیشاندەران بەکارهێناوە و بە شێوەیەکی کوشندە لە خۆپیشاندەرانیان داوە.

گوتیشی خوێندنگاکان هێرشییان دەکرێتە سەر و منداڵان لەلایەن هێزەکانی ئاسایشەوە دەستگیر دەکرێن.

شەمدەسانی گوتی " بەپێی پەیماننامەکانی مافەکانی مرۆڤ کە لەلایەن ئێرانەوە پەسەند کراون، کۆماری ئیسلامی بەرپرسیارێتی هەیە لە پاراستنی مافی ژیانی منداڵان لە ژێر هەر بارودۆخێکدا، هەروەها بەرپرسیارێتی هەیە لە ڕێزگرتن و پاراستنی مافی ئازادی ڕادەربڕین و خۆپیشاندانی ئاشتیخوازانە."

گوتیشی " هاوکات لەگەڵ هەواڵی دەستگیرکردنی بە کۆمەڵی خۆپیشاندەراندا، ئۆفیسەکەمان هەواڵی دیکەشی بە دەست گەیشتووە سەبارەت بە دەستگیرکردنی لانیکەم 90 ئەندامی کۆمەڵگەی مەدەنی، لەوانەش داکۆکیکاران لە مافەکانی مرۆڤ و پارێزەران و هونەرمەندان و ڕۆژنامەنووسان."

ئۆفیسی ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان گوتی بەردەوامبوونی بەکارهێنانی هێزێکی ناپێویست و ناڕێژەیی دژ بە خۆپیشاندەران دەبێت بوەستێت. هەروەها داواش دەکات دەستبەجێ ئەوانە ئازاد بکرێن کە بە زۆرەملێ دەستبەسەر کراون."

XS
SM
MD
LG