Accessibility links

یەکێتی ئەوروپا سزای نوێ بەسەر ئێراندا دەسەپێنێت


بەرپرسی کاروباری سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا جۆزێپ بۆڕێڵ

وەزیرانی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا ڕۆژی دووشەممە کۆمەڵێک سزای نوێیان بەسەر ئێراندا سەپاند، ئەوەش بەهۆی پێدانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لەلایەن ئێرانەوە بە ڕووسیا، هاوکات یەکێتییەکە ڕێکەوتن لەسەر قەدەغەکردنی گەشتی چەند بەرپرسێکی ئێران کە دەستیان هەبووە لە سەرکوتکردنی خۆپیشاندەرانی ئێراندا و سڕکردنی سەرمایەکانیان لە ئەوروپا.

سزاکان و هەڕەشەی سەپاندنی سزای زیاتر فشاری زیاتر دەخەنە سەر فەرمانڕەوایانی ئێران کە کۆششییان کردووە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی خۆپیشاندانەکان کە بەهۆی کوژرانی ژینا ئەمینییەوە سەرییان هەڵدا.

ئۆکرانیا ڕایگەیاند ڕووسیا لە ڕێی بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێرانی شاهید – 136 ەوە لەم چەند هەفتەیەی ڕابردوودا کۆمەڵێک هێرشی ئاسمانی کردۆتە سەر ئۆکرانیا، ڕۆژی دووشەممە کیێڤ وتی تاران " بەرپرسە لە کوژرانی ئۆکرانییەکان."

ئێران دەڵێت لەو کاتەوەی ڕووسیا دەستی کردووە بە هێرشەکانی بۆ سەر ئۆکرانیا، فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی نەداوە بەو وڵاتە. کرێملنیش لێدوانی لەسەر ئەو بابەتە نەداوە.

وەزیری دەرەوەی دانیمارک یەپی کۆفۆد پێش کۆبوونەوەکەی وەزیرانی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا لە لۆکسۆمبۆرگ گوتی " فڕۆکە بێفڕۆکەوانە ئێرانییەکان وادەردەکەوێت بەکارهێندرابن بۆ هێرشکردنە سەر ناوەڕاستی کیێڤ، ئەمە کارێکی دڕندانەیە."

وەزیری دەرەوەی ئیستۆنیا ئورماس ڕاینسالو بە ڕۆیتەرزی وت باسی لەوە کردەوە " سزاکان دەستبەجێ جێبەجێ بکرێن."

گوتیشی ڕاپۆرتەکانی کیێڤ لەسەر فڕۆکە بێفڕۆکەوانە ئێرانییەکان دەبێت بەجددیی وەربگیرێن، سزاکانیش دەبێت وەکو بەرپەرچدانەوەیەک بن تاوەکو پیشانی بدەین کە " ئەمە دەرەنجامی هەیە."

فەڕەنسا و ئەڵمانیاش کە هەردووکیان لایەنێکن لە ڕێکەوتنە ناوەکییەکەی ساڵی 2015 ی نێوان ئێران و زلهێزەکانی جیهان، گوتیان پێیان وایە سزا نوێیەکانی دژ بە ئێران بەهۆی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانەوە پێویستە و گواستنەوەی فڕۆکەکان بۆ ڕووسیا دەبێت وەکو پێشێلکردنی بڕیارەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سەیر بکرێن.

بەپێی دوو دیبلۆماتکار کە بەشدارن لە ئامادەکردنی گفتوگۆکانی وەزیرانی دەرەوەی یەکێتییەکەدا، یەکێتی ئەوروپا بە نیازە سزای دیکە بەسەر ئێراندا بسەپێنێت، ئەمجارەیان بەهۆی سەرکوتکردنی خۆپیشاندەرانی ئێرانەوە.

بەرپرسی کاروباری سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا جۆزێپ بۆڕێڵ دوای کۆبوونەوەکەی وەزیرانی دەرەوەی یەکێتییەکە لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی " لە نزیکەوە چاودێری بەکارهێنانی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان دەکەین. بەڵگە کۆدەکەینەوە و ئامادە دەبین بۆ وەڵامدانەوە بەو ئامڕازانەی کە لەبەردەستماندایە."

لە هەمان کاتیشدا وەزیرانی دەرەوەی یەکێتییەکە 11 ئێرانی و چوار دامەزراوەیان بە پۆلیسی ئاکاری ئێرانیشەوە خستە لیستی ئەو لایەن و کەسانەوە کە گەشتکردنیان بۆ ئەوروپا قەدەغە دەکرێت و سەرمایەکانیان سڕ دەکرێت. ئەوەش بەهۆی ڕۆڵییانەوە لە سەرکوتکردنی خۆپیشاندەرانی ئێراندا.

بۆڕێڵ گوتی " بە کۆی دەنگ بڕیار دراوە ڕێوشوێن بگیردرێتەبەر دژی ئەوانەی بەرپرس بوون لە مەرگری مەهسا ئەمینی و سەرکوتکردنی خۆپیشاندانە ئاشتییانەکاندا."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG