Accessibility links

ئۆکرانیا: هێرشەکەی سەر ئۆدێسا دەریدەخات هەناردەکردنی گەنم لە بەندەرەکانەوە ئاسان نابێت


ڕاوێژکاری ئابوری سەرۆکی ئۆکرانیا ڕایگەیاند ئەگەر بەندەرەکانی سەر دەریای ڕەش گەمارۆ نەدرانایە ئەوا ئۆکرانیا دەیتوانی لە هەشت مانگدا 60 ملیۆن تەن گەنم هەناردەی دەرەوە بکات، بەڵام هێرشەکەی سەر بەندەری ئۆدێسا دەریخست کە هەناردەکردنی گەنمەکە ئاسان نابێت.

ئۆلی ئوستێنکۆ وتیشی ئۆکرانیا دەکرێت 10 ملیار دۆلاری لە فرۆشتنی 20 ملیۆن تەن گەنمەکەی ناوی سایلۆکان و 40 ملیۆن تەنی دیکە لەو گەنمەی تازە دروێنە کراوە دەست بکەوێت. کۆی گشتی گەنمەکە 60 ملیۆن تەنە، 20 تەنییان بۆ ناوخۆ بەکاردەهێندرێت.

گوتی " ئەگەر ئێستا بەندەرەکان گەمارۆیان لەسەر نەبووایە و بڵێین پێویستمانە 60 ملیۆن تەن گەنم بگوازینەوە، ئەوا دەتوانین لە هەشت مانگدا 60 ملیۆن تەن گەنم بگوازینەوە."

گوتی " بەڵام بەم شێوازەی کە ئێستا بەندەرەکان دەکرێنەوە و ئەوەشی کە ڕووسیا دەیکات لە دەریای ڕەشدا، هێرشەکەی دوێنێ دەریدەخات کە بەدڵنیاییەوە شتەکان بەوشێوەیە بەڕێوەناچن."

ڕۆژێک دوای ئەوەی ڕووسیا و ئۆکرانیا ڕێکەوتن لەسەر کردنەوەی بەندەرەکانی ئۆکرانیا و هەناردەکردنی گەنمەکەی ئەو وڵاتە بۆ بازاڕەکانی جیهان، ڕووسیا لەڕێی هێرشی موشەکییەوە بەندەری ئۆدێسای کردە ئامانج. مۆسکۆ دەڵێت لە ژێرخانێکی سەربازیی بەندەرەکەیداوە.

پێشبینی دەکرێت ڕێکەوتنەکە ببێتە هۆی کەمکردنەوەی قەیرانی کەمیی خۆراک کە بەهۆی جەنگەکەوە دروست بووە.

ئوستێنکۆ وتی ئەگەر بەندەرەکان بە باشی کار نەکەن ئەوا ئۆکرانیا پێویستی بە 20 بۆ 24 مانگ هەیە تاوەکو ئەو بڕەی ئاماژەی پێدراوە هەناردەی دەرەوەی بکات.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG