Accessibility links

سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا فەرمان دەکات بە هاوڵاتیان لە ماڵەکانیان بمێننەوە


سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا بۆریس جۆنسن فەرمانی بە بەڕیتانیەکان کرد لە ماڵەکانیان بمێننەوە و هەوڵ بدەن ڕێگری بکەن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا.

سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا بۆریس جۆنسن بە هاوڵاتیانی وت تێکەڵاوی مەکەن لەگەڵ خێزان و هاوڕیکانتاندا و هۆشیاریدا لەسەر ئەوەی هەرکەسێک پابەند نەبێت بەم یاسایانەوە ئەوا غەرامە دەکرێت.

ڕۆژی دووشەممە ژمارەی گیان لەدەستدانەکان بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە لە بەڕیتانیا گەیشتە 335 کەس، ئەمەش لەکاتێکدا حکومەتی بەڕیتانیا وتی هێزی سەربازی وڵاتەکە یارمەتیدەر دەبن لە گواستنەوەی ملیۆنان کەلوپەلی تەندروستی بۆ کارمەندانی تەندروستی کە کەمییان هەیە لە هەندێک لە پێویستیە تەندروستیەکانی وەکو ماسکدا.

بۆریس جۆنسن وتی " ئەم ئێوارەیە دەبێت ڕێنماییەکی زۆر سادە بدەم بە بەڕیتانیەکان، پێویستە لە ماڵەکانتاندا بمێننەوە."

جۆنسن وتی چوونە دەرەوە تەنها بۆ کاری زۆر پێویست و ڕاهێنان و یاخود پێویستیەکی تەندروستی ڕێگەی پێدەدرێت، هەروەها کاتێک زۆر پێویست بکات بچیت بۆ ئیشێک لە دەرەوە کە نەتوانیت لە ماڵەوە ئەنجامی بدەیت.

وتیشی " ئەمە هەموویەتی، ئەمانە تەنها هۆکارن ئەگەر پێویست بێت بچیتە دەرەوە." وتیشی پێویستە تێکەڵاوی لەگەڵ ئەو کەسانەدا نەکەیت کە هاوڕێتن یاخود ئەندامێکی خێزانەکەتن و پێکەوە لە ماڵێکدا ناژین.

ئەوەشی خستەڕوو " ئەگەر پابەند نەبن بەم یاسایانەوە ئەوا پۆلیس دەسەڵاتی ئەوەی هەیە یاساکان بەسەرتاندا بسەپێنێت، لەڕێی غەرامەکردنەوە بێت یاخود بڵاوەپێکردنی کۆبوونەوەکان."

جۆنسن وتیشی حکومەت هەموو ئەو دوکانانە دادەخات کە زۆر پێویست نین، لەوانەش دوکانەکانی جل و بەرگ و هەروەها کتێبخانەکان و شوێنی یارییەکان و شوێنی یارییەکانی لەش جوانی و پەرستگاکان دادەخات.

بەپێی ئەم ڕێوشوێنە نوێیانە، حکومەت هەموو ئەو کۆبوونەوانە ڕادەگرێت کە لە دوو کەس زیاتر بن، هەروەها هەموو چالاکی و بۆنە کۆمەڵایەتیەکان و ئاهەنگەکان ڕادەگرێت، بەڵام پرسەکان دەمێننەوە.

XS
SM
MD
LG