هێزە ئاسایشییەکانی تورکیا لە ماوەی پێنج ڕۆژی ڕابردوودا لە ئۆپراسیۆنێکی بەرفراوانی دژی پەکەکەدا، 282 کەسیان لە سەرتاسەری وڵاتەکە دەستگیر کرد. ئەم ئۆپەراسیۆنە لە 51 پارێزگای تورکیا ئەنجام دراوە.
وەزیری ناوخۆی تورکیا عەلی یەرلیکایا ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند پۆلیسی تورکیا 282 کەسی دەستبەسەر کردووە کە بە تۆمەتی پەیوەندییان بە پارتی کرێکارانی کوردستان ' پەکەکە ' وە تۆمەتبار کراون، لە نێو دەستبەسەرکراوەکاندا ڕۆژنامەنووس و سیاسەتمەدار و خوێندکارانییان تێدایە.
دەستبەسەرکردنەکان لە ماوەی پێنج ڕۆژی ڕابردوودا لە کاتێکدایە کە تورکیا بەردەوامە لە دوورخستنەوەی ئەو سەرۆک شارەوانییانەی کە لایەنگری کوردن، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ هیواکاندا بۆ کۆتایی هێنان بە ململانێ 40 ساڵەییەکەی نێوان پەکەکە و تورکیا.
سەرکردەی زیندانیکراویی پەکەکە عەبدوڵا ئۆجەلان پێشبینی دەکرێت ڕاگەیەندراوێک لەسەر ئەو هەوڵانە لە زیندانەوە بڵاوبکاتەوە، ئەوەش چوار مانگ دوای ئەوەی هاوپەیمانێکی نزیکی سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان داوای لێکرد داوا لە هێزەکانی پەکەکە بکات چەک دابنێن.
یەکێتی ڕۆژنامەنووسانی تورکیا سەرکۆنەی دەستبەسەرکردنی سێ ڕۆژنامەنووسی کرد.
یەکێتییەکە وتی " ئێمە ئەوە قبووڵ ناکەین کە ئەوان لەڕێی هەڵکوتانە سەر ماڵەکانییانەوە دەستبەسەر کراون پێش ئەوەی بانگ بکرێن بۆ بنکەی پۆلیس."
ئەوانەی دەستبەسەرکراون بریتین لە ئەندامانی پارتی کۆنگرێسی گەلانی دیموکرات و پارتە بچووکترەکانی چەپ و خوێندکاران و چالاکەوانانی دیاری مافەکانی هاوڕەگەزخوازان.
پۆلیسی تورکیا ئەرکێکی دژە تیرۆری لە 51 پارێزگای تورکیادا ئەنجام داوە، بە ئەنکەرەی پایتەخت و ئیستەنبوڵیشەوە. یەرلیکایا وتی گومانلێکراوەکان بە تۆمەتی بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندەی پەکەکە و دابینکردنی پشتیوانی دارایی بۆ پەکەکە و بە کرێگرتنی ئەندام و بەشداریکردن لە خۆپیشاندانەکاندا تۆمەتبار کراون.
ڕۆژی شەممە تورکیا سەرۆک شارەوانییەکی ئەندام لە پارتی دەمی لایەنگری کوردەکانی لە پارێزگای وانی ڕۆژهەڵاتی تورکیا دوورخستەوە و بە تۆمەتی پەیوەست بە " تیرۆرەوە " تۆمەتباری کرد. لە دوای هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2024 ەوە کە تێیدا ئەم سەرۆک شارەوانییانە بە دەنگی خەڵکەکە ئەو پۆستانەیان وەرگرت، هەشت سەرۆک شارەوانی سەر بە پارتی دەم دوورخراونەتەوە.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز