Accessibility links

پەرلەمانی ئەوروپا سەرکۆنەی تورکیا دەکات لەسەر لابردنی سەرۆک شارەوانییەکانی سەر بە ئۆپۆزسیۆن


پەرلەمانی تورکیا سەرکۆنەی کارە یاساییەکەی تورکیای کرد دژی سەرۆک شارەوانییەکانی سەر بە پارتەکانی ئۆپۆزسیۆن لە وڵاتەکەدا، هەروەها داوای کرد ئەو بەرپرسی شارەوانییانەی کە لەم چەند هەفتەیەی ڕابردوودا دەستبەسەرکراون ئازاد بکرێن و بە بێتاوان لە قەڵەم بدرێن و بخرێنەوە سەر پۆستەکانی خۆیان.

بەرپرسانی تورکیا چەندین سەرۆک شارەوانی و بەرپرسانی شارەوانییەکانی سەر بە پارتی ئۆپۆزسیۆنی سەرەکی تورکیا پارتی گەلانی کۆماری و پارتی دەمی لایەنگری کوردەکان دوورخستووەتەوە و بە تۆمەتی پەیوەست بە تیرۆرەوە دەستبەسەرییان کردوون، هەردوو پارتەکەش ئەو تۆمەتانە ڕەت دەکەنەوە.

هەندێک لە سەرۆک شارەوانییەکانی سەر بە پارتی گەلانی کۆماری و سەرۆک شارەوانی ئیستەنبوڵ ئەکرەم ئیمامئۆغلۆ، ڕووبەڕووی لێکۆڵینەوە بوونەتەوە لەسەر بابەتەکانی تیرۆر و گەندەڵی.

بەیاننامەکەی ڕۆژی پێنجشەممەی پەرلەمانی ئەوروپا تاوەکو ئێستا بە گەورەترین ڕەخنەی ڕۆژئاوا دادەنرێت لەو سەرکوتکارییەی تورکیا.

یاسادانەرانی یەکێتی ئەوروپا " زۆر نیگەرانن سەبارەت بە پێشێلکردنی سەروەری یاساوە لەلایەن تورکیاوە و پێشێلکارییەکانی حکومەت لە بنچینەکانی دیموکراسیدا." هەروەها ڕەخنەیان لە ئەنکەرە گرت لەسەر دەستنیشانکردنی متمانەپێکراویی حکومەت بۆ پۆستەکانی سەرۆک شارەوانییەکان.

وتیشیان " سەرکۆنەی دوورخستنەوەی زۆرەملێ و زیندانیکردنی سەرۆک شارەوانییەکان دەکەین کە بە شێوەیەکی دیموکراسییانە هەڵبژێردراون، یاسادانەران داوای دەستبەجێ ئازادکردنییان دەکەن و داوا دەکەن بێتاوان لە قەڵەم بدرێن و بخرێنەوە سەر کارەکانییان."

وتیشیان " داوای چاکسازی دادوەریی دەکەین بۆ هەڵوەشاندنەوەی سیستمی متمانەپێکراوی حکومەت، بە تایبەتی بەهۆی کاریگەریی ئەم پێشێلکارییانەوە لەسەر حکومڕانی ناوخۆیی ئەو ناوچانەوە کە زۆرینەی دانیشتوانەکانییان کوردن، هەروەها تیشک دەخەینە سەر دەستپێکردنەوەی پڕۆسەی ئاشتی کوردی."

یاسادانەران داوایان لە کۆمسیۆنی ئەوروپا کرد بیر لە سەپاندنی ڕێوشوێنی ڕێگریکردن بکاتەوە دژی ئەو بەرپرسانەی تورکیا کە بەشدارن لەو بڕیارانەدا.

ڕۆژی پێنجشەممە وەزیری دادی تورکیا یەڵماز تونچ هەڕەشەی گرتنەبەری ڕێوشوێنی یاسایی کرد دوای ئەوەی گروپی پێشەنگی کار لە تورکیا، دەستەی پیشەسازی و کاری تورکیایی، کە ئەندامەکانی لە سەدا 85 ی بازرگانی دەرەکی تورکیا پێکدەهێنن، ڕەخنەیان لەو سەرکوتکارییە گرت دژی سەرکردەکانی ئۆپۆزسیۆن و ڕۆژنامەنووسان.

ئەم هەنگاوەی ئەوروپا دوای گفتوگۆکان دێت لەگەڵ سەرکردەی پارتی کرێکارانی کوردستان عەبدوڵا ئۆجەلانی زیندانیکراودا، کە حکومەتی تورکیاش پشتگیری لە گفتوگۆکان دەکات، بۆ کۆتایی هێنان بە ململانێ دەیان ساڵەکەی نێوان تورکیا و پارتەکە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG