Accessibility links

هاوکارییە نێودەوڵەتییەکان بۆ تورکیا و سوریا


ئەندازیاران و سەربازان و کارمەندانی تەندروستی و سەگەکانی گەڕان و فریاکەوتن بەرەو تورکیا و سوریا بەڕێکەوتوون بۆ یارمەتیدانی ئەو دوو وڵاتەکە لە دۆزینەوە و ڕزگارکردنی ئەو کەسانەدا کە بەهۆی بومەلەرزەکەی ڕۆژی دووشەممەوە زیانییان پێگەیشتووە. ئەمەش ئەو یارمەتییانەن کە تاوەکو ئێستا دابینکراون:

یەکێتی ئەوروپا تیمەکانی گەڕان و فریاکەوتنی ڕەوانەی تورکیا کردووە و هاوکات سیستمی مانگی دەستکردی کۆپەرنیکوسی چالاک کردووە بۆ دابینکردنی خزمەتگوزاری بەپەلەی نەخشە. لانیکەم 19 وڵاتی ئەندام لە یەکێتی ئەوروپا یارمەتییان پێشکەش کردووە. کۆمسیۆنی ئەوروپا یارمەتی سوریاش دەدات لە ڕێی پێدانی پارە بەو ڕێکخراوە مرۆییانەوە کە سەرپەرشتی ئەرکەکانی گەڕان و فریاکەوتنەکان دەکەن.

ئەمەریکا هەماهەنگی دەکات بۆ یارمەتییەکی دەستبەجێ بۆ تورکیا، لەوانەش ڕەوانەکردنی تیمەکان بۆ یارمەتیدان لە هەوڵەکانی گەڕان و پشکنینەکاندا. لە کالیفۆرنیا، نزیکەی 100 کارمەندی ئاگرکوژێنەوە و ئەندازیارانی لۆس ئانجلس و شەش سەگی مەشق پێکراو ڕەوانەی تورکیا کراون.

ڕووسیاش تیمەکانی فریاکەوتنی لە وەزارەتی فریاکەوتنی بەپەلەوە ڕەوانەی سوریا کردووە، کە لەوێ هێزەکانی ڕووسیا کە پێشتریش لە سوریا بوون 300 کەسییان تەرخان کردووە بۆ پاککردنەوەی پاشماوەکان و گەڕان بە دوای زیندوواندا. سوپای ڕووسیا چەند خاڵێکی دروست کردووە بۆ دابەشکردنی یارمەتییە مرۆییەکان. ڕووسیا یارمەتی پێشکەشی تورکیاش کردووە و ئەنکەرە پەسەندی کردووە.

سوریا داوای لە نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەندامانی ڕێکخراوەکە کرد یارمەتی بدەن لە هەوڵەکانی فریاکەوتن و خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان و پەناگە و خۆراکدا. هەریەک لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەت و ئۆپۆزسیۆنیش لە سوریا بەهۆی بومەلەرزەکەوە زیانییان بەرکەوتووە.

کۆمیتەی نێودەوڵەتی خاچی سوور پێداویستی نەشتەرگەری بۆ چارەسەرکردنی 100 کەس ڕەوانەی یەکێک لە نەخۆشخانە گشتییەکانی شاری حەلەبی سوریا کردووە، یارمەتی تەندروستی دیکەش لە ڕێگادایە بۆ حەلەب و لازقییە و تەرتوس. خاچی سوور خۆراکی قوتوو و بەتانی و دۆشەک و پێویستییە سەرەکییەکانی دیکە دەبەخشێت تاوەکو لە پەناگەکانی ناوچە زیانلێکەوتووەکاندا دابەش بکرێن.

سوپای ئیسڕائیل تیمێکی 150 کەسی کە پێکهاتوون لە ئەندازیاران و کارمەندانی تەندروستی و کارمەندانی یارمەتییەکانی دیکە ڕەوانەی تورکیا دەکات. دوو وڵاتەکە دوای چەندین ساڵ لە گرژی لە ئێستادا هەوڵی باشکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوانیان دەدەن. سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهو وتی داوایەکی سوریاشی بۆ دابینکردنی یارمەتی مرۆیی پەسەند کردووە. ئیسڕائیل و سوریا پەیوەندی دیبلۆماسی لە نێوانیاندا نیە.

وەزیری دەرەوەی دەسەڵاتی فەڵەستینییەکان ڕیاز مەلکی وتی دەسەڵاتی فەڵەستینی دوو تیمی مرۆیی ڕەوانەی سوریا و تورکیا دەکات. تیمەکان بریتی دەبن لە بەرگری شارستانی و تەندروستی.

یۆنانی دراوسێ و ڕکابەری مێژوویی تورکیا، بە فڕۆکەیەکی سەربازی 21 کارمەندی فریاکەوتن و دوو سەگ و ئوتومبێلێکی تایبەتی فریاکەوتن و ئەندازیارێک و پێنج پزیشک و شارەزایانی پلاندانانی بومەلەرزەزانی ڕەوانەی تورکیا دەکات.

سوپای لوبنان دەڵێت تیمێکی 16 کەسی لە یەکەی ئەندازیاریی سەربازی ڕەوانەی سوریا دەکات بۆ یارمەتیدانی ئەو وڵاتە لە ئەرکەکانی فریاکەوتندا. ڕاگەیاندنەکەی ڕۆژی سێشەممەی لوبنان ڕۆژێک دوای ئەوە هات سوپای لوبنان 20 ئەندامی لە هەمان یەکە ڕەوانەی تورکیا کرد بۆ یارمەتیدانی ئەو وڵاتە لە ئەرکەکانی فریاکەوتندا.

یەکێک لە حکومەتە ڕکابەرەکانی لیبیا وتی تیمێکی 55 کەسی ڕەوانەی تورکیا دەکات بۆ یارمەتیدان لە هەوڵەکانی فریاکەوتندا. حکومەتەکەی سەرۆک وەزیر عەبدل حەمید دبیبە وتی تیمەکە کارمەندانی فریاکەوتن و کارمەندانی تەندروستی و چوار سەگ لە خۆدەگرێت.

کارمەندانی تەندروستی ئیسپانیا نەخۆشخانەیەکی کاتی دروست دەکەن بۆ چارەسەرکردنی بریندارەکان. ئیسپانیا هێز و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ڕەوانەی فڕۆکەخانەی مەلاتیا کردووە، کە لەوێ بەرپرسانی تورکیا ناوەندێکی یارمەتییە نێودەوڵەتییەکانیان دامەزراندووە. ئیسپانیا لە ڕێی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی وکو خاچی سور و هیلالی سوورەوە یارمەتی هەوڵەکانی فریاکەوتن دەبێت. هەروەها لە ڕێی ڕێکخراوە ناحکومییەکانیشەوە یارمەتی سوریا دەدات.

دەزگای THW ی پاراستنی شارستانی ئەڵمانیا تیمێکی 50 کەسی کە لە کارمەندانی فریاکەوتن پێکهاتوون ڕەوانەی تورکیا دەکات. تیمێکی گروپی گەڕان و فریاکەوتنی نێودەوڵەتی ئەڵمانیا کە لە 42 شارەزا و حەوت سەگ پێکهاتبوون گەیشتوونەتە تورکیا و بەرەو کیریخانی نزیک سنووری سوریا بەڕێکەوتوون. ئەڵمانیا بزوێنەر و خێمە و بەتانی و پێداویستی چارەسەرکردنی ڕەوانەی تورکیا کردووە.

کۆریای باشوور تیمێکی گەڕان و پشکنینی 60 کەسی و 50 سەرباز و پێداویستی تەندروستی ڕەوانەی تورکیا دەکات. حکومەتی ئەو وڵاتە وتی سەرەتا 5 ملیۆن دۆلاریش تەرخان دەکات بۆ یارمەتییە مرۆییەکان، هەروەها حکومەتی هەرێمی گیۆنگی پلانی هەیە 1 ملیۆن دۆلار بۆ یارمەتییە مرۆییەکان تەرخان دەکات.

پاکستان بارێکی لە یارمەتییە مرۆییەکان ڕەوانەی تورکیا کردووە، هاوکات تیمێکی 60 کەسیشی لە کارمەندانی گەڕان و فریاکەوتن ڕەوانەی ئەو وڵاتە کردووە. حکومەتی پاکستان وتی لە ڕۆژی چوارشەممەوە گەشتە ئاسمانییە ڕۆژانەییەکان بۆ تورکیا و سوریا دەستپێدەکەن.

بەڕیتانیا 76 کەس لە شارەزایانی گەڕان و فریاکەوتن بە کەلوپەل و سەگەوە ڕەوانەی تورکیا دەکات. بەڕیتانیا وتیشی لە پەیوەندیدایە لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکاندا سەبارەت بە دەستکەوتنی پشتیوانی بۆ قوربانییانی ناو سوریا.

هیندستان 100 کارمەندی گەڕان و فریاکەوتن ڕەوانەی تورکیا دەکات، هاوکات سەگ و پێداویستییشیان لەگەڵدا دەبێت. تیمەکانی تەندروستی بە پزیشک پێویستییە تەندروستییەکانەوە ئامادەن.

تایوان 130 کارمەندی گەڕان و فریاکەوتن و 13 تەن لە کەلوپەل و پێنج سەگ دەنێرێت بۆ تورکیا. لە ماوەی ڕابردووشدا تایوان وتی 200,000 دۆلار دەبەخشێت بە تورکیا.

سویسراش بە هەمان شێوە 22 کارمەندی فریاکەوتن و 14 سەگ دەنێرێت بۆ تورکیا. حکومەت وتیشی 80 شارەزای گەڕان و فریاکەوتن ڕەوانەی ئەو وڵاتە دەکات، بە شارەزایانی سەربازی کارەساتەکانیشەوە.

کۆماری چیک تیمێکی 68 کەسی لە کارمەندانی فریاکەوتن ڕەوانەی تورکیا دەکات، کارمەندانی ئاگرکوژێنەوە و پزیشک و ئەندازیار و سەگ و شارەزای دیکەشییان لەگەڵدا دەبێت.

ژاپۆن نزیکەی 75 کارمەندی فریاکەوتن ڕەوانەی تورکیا دەکات.

ئوستریا پێشنیاری کردووە 84 سەربازی یەکەی سەربازی کارەساتەکان ڕەوانەی تورکیا بکات.

پۆڵەندا 76 کارمەندی ئاگرکوژێنەوە و هەشت سەگی مەشق پێکراو بە کەلوپەلەوە ڕەوانەی تورکیا دەکات.

ڕۆمانیا کارمەندانی شارەزا و پێویستییەکان و دوو فڕۆکەی سەربازی ڕەوانەی تورکیا دەکات.

کڕواتیا 40 کارمەند و 10 سەگ و کەلوپەلەکانی فریاکەوتن و ڤان ڕەوانەی تورکیا دەکات.

سڕبیا 21 کارمەندی فریاکەوتن و سێ ئەفسەری پەیوەندی ڕەوانەی تورکیا دەکات.

مۆنتێنینگرۆ لانیکەم 24 کارمەندی ئاگرکوژێنەوە ڕەوانەی تورکیا دەکات.

سەرۆکی ماڵدۆڤا دەڵێت 55 کارمەندی فریاکەوتن ڕەوانەی تورکیا کراون.

فەڕەنساش تیمی فریاکەوتن ڕەوانەی تورکیا دەکات.

ئوردن بە فەرمانی پاشا عەبدوڵای دووەم یارمەتی بەپەلە بۆ سوریا و تورکیا ڕەوانە دەکات.

وەزیری دەرەوەی مەکسیک وتی وڵاتەکە کەلوپەل و شارەزایانی فریاکەوتن ڕەوانەی تورکیا دەکات.

میسڕ بەڵێنیداوە یارمەتی مرۆیی پێشکەشی تورکیا بکات.

دەزگای پاراستنی شارستانی ئیتاڵیا یارمەتی پێشکەشی تورکیا کردووە. تیمێکی ئاگرکوژێنەوە ئامادەکاری دەکەن لە پیساوە بەرەو تورکیا بەڕێبکەون. سوپای ئیتاڵیاش دەڵێت کارمەندانی تەندروستی و کەلوپەلەکانی فریاکەوتن ڕەوانەی تورکیا دەکات.

نیوزلەندا 632,000 دۆلار دەدات بە مانگی سووری تورکیا و 316,000 دەدات بە خاچی سووری عەرەبی، ئەوەش لە پێناو ڕەوانەکردنی خۆراک و خێمە و بەتانی و دابینکردنی یارمەتی تەندروستی و پشتیوانی دەروونی.

کۆمەڵگەی خاچی سووری چین 200,000 دۆلار دەدات بە خاچی سووری سوریا و مانگی سووری تورکیا.

ئەلبانیا و کۆسۆڤۆ تیمی فریاکەوتنی بەپەلەیان ڕەوانەی تورکیا کردووە. تیمەکەی ئەلبانیا لە 53 کەس پێکهاتوون و ئاگرکوژێنەوە و سەرباز و کارمەندانی تەندروستییان تێدایە.

فینلەندا لە ڕێی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی خاچی سوور و مانگی سوورەوە 1 ملیۆن یۆرۆ وەکو یارمەتی مرۆیی دەدات بە تورکیا و سوریا. پشتیوانییەکە بۆ دابینکردنی خۆراک و پەناگە و پێویستی تەندروستی دەروونییەوە دەبێت بۆ ئەو کەسانەی کە ماڵەکانیان لە دەست داوە.

سەرچاوە/ AP

XS
SM
MD
LG