Accessibility links

میدیاکان: سوید کەسێک ڕادەستی تورکیا دەکات کە گوایە پەیوەندی بە تیرۆرەوە هەیە


ئاژانسی ئەنادۆڵی دەوڵەتی تورکیا ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند، سوید پیاوێکی کوردی ڕادەستی تورکیا کردووە کە گوایە پەیوەندی بە تیرۆرەوە هەیە، لە کاتێکدا فشارەکانی ئەنکەرە لەسەر سوید بەردەوامە بۆ جێبەجێکردنی داواکارییەکانی لە بەرامبەر ئەندامێتی لە ناتۆدا.

مەحمود تات لە ساڵی 2015 داوای مافی پەنابەری لە وڵاتی سوید کردبوو، دوای ئەوەی لە تورکیا سزای شەش ساڵ و 10 مانگی بەسەردا سەپێندرا، بەهۆی ئەوەی گوایە پەیوەندی بە چەکدارانی پەکەکەوە هەیە.

تەلەفزیۆنی دەوڵەتی تورکیا 'تی ئاڕ تی' ڕایگەیاند کە تات ڕۆژی شەممە ڕەوانەی زیندانێکی ئیستەنبوڵ کراوە. دەسەڵاتدارانی سوید ئامادە نەبوون هیچ لێدوان لەوبارەیەوە بدەن.

سوید و فینلاند لە مانگی 5ی ڕابردوودا لە وەڵامی هێرشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا داوایان کردبوو بچنە نێو ناتۆوە، بەڵام ناڕەزایی تورکیای لێکەوتەوە لە کاتێکدا تورکیا ئەو دوو وڵاتەی بە داڵدەدانی چەکدارانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و گرووپەکانی دیکە تۆمەتبار کرد.

تورکیا ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند سوید و فینلاند بەرەو ئەندامبوون لە ناتۆ پێشکەوتنیان بەدەستهێناوە بەڵام هێشتا پێویستیان بە کاری زیاتر هەیە بۆ جێبەجێکردنی داواکارییەکانی ئەنکەرە سەبارەت بە ڕوبەڕوبوونەوەی تیرۆر.

سەرچاوە: ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG