Accessibility links

وەزارەتی دەرەوەی تورکیا باڵیۆزی سعودیـیە بانگهێشت دەکات


وەزارەتی دەرەوەی تورکیا باڵیۆزی عەرەبستانی سعودیـیەی بانگهێشتکرد تاوەکو لە بارەی بێ‌سەروشوێنبوونی جەمال خاشقچی نووسەر و شیکەرەوەی سیاسی سعودی پـرسیاری لێبکات.

وەلید بن عەبدولکەریم ئەلخرێجی پاش نیوەڕۆی پـێنجشەممە گەیشتە وەزارەتەکە و لەوێ لە لایەن یاووز سەلیم یاریدەدەری وەزیری دەرەوە لەم بارەیەوە پـرسیاری لێکرا.

کەناڵی NTV ی تورکیا دەڵێت ئەلخرێجی بە کاربەدەستانی تورکی گوتووە هیچ زانیاریـیەکی لە بارەی خاشقچیـەوە نیـیە وە ئەگەر زانیاری نوێـیان دەستبکەوت، ئەوا دەسـتبەجێ ئاگاداریان دەکەنەوە.

لە لایەکی دیکە ئاژانسی دەنگ‌وباسی عەرەبستانی سعودیـیە ئەمڕۆ بەیاننامەیەکی کونسوڵخانەی وڵاتەکەی لە ئستەنبوڵ بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە کونسوڵخانەکەیان بەدواداچوون دەکات بۆ ئەو هەواڵەی لە میدیاکاندا باس لە بێ‌سەروشوێنبوونی هاوڵاتی سعودی جەمال خاشقچی دەکەن لە پاش دەرچوونی لە بینای کونسوڵخانەکەیان.

بەڵام ئیبراهیم کاڵن گوتەبێژی سەرۆکایەتی تورکیا دوێنێ چوارشەممە گوتی وڵاتەکەی لەو بڕوایەدایە هێشتا خاشقچی لە نێو بینای کۆنسوڵخانەی سعودیـیە لە ئستەنبوڵ مابێتەوە.

جێی ئاماژەیە ئەم نووسەرە سعودیـیە کە ناسراوە بە بابەتە ڕەخنەئامێزەکانی لە حوکمڕانی وڵاتەکەی، پاش نیوەڕۆی سێشەممە لەگەڵ دەستگیرانەکەی بۆ ڕاییکردنی مامەڵەی هاوسەرگیریان چووبوون بۆ کونسوڵخانەی سعودیـیە لە ئستەنبوڵ. دەستگیرانەکەی دەڵێت جەمال مۆبایلەکەی داوەتێ و پـێی گوتووە لە دەرەوە چاوڕێی بکات وە ئەگەر نەهاتە دەرێ دەستبەجێ پەیوەندی بە کاربەدەستێکی تورک و کۆمەڵەیەکی ڕۆژنامەوانانی عەرەب بکات.

XS
SM
MD
LG