Accessibility links

کۆمەڵەیەک: نووسەرێکی سعودی دەچێتە ناو کونسوڵخانەی وڵاتەکەی لە ئستەنبوڵ و بێ‌سەروشوێن دەبێت


کۆمەڵەی ماڵی ڕۆژنامەوانانی عەرەب لە تورکیا دەڵێت نووسەرێکی سعودی ناسراو بێ سەروشوێن بووە پاش ئەوەی چووەتە ناو کونسوڵخانەی وڵاتەکەی لە شاری ئستەنبوڵ.

کۆمەڵەکە لە ڕاگەیاندنێکدا نووسیویەتی جەمال خاشقچی لە کاژمێر یەکی پاش نیوەڕۆی سیێشەممە چووەتە ناو کونسوڵخانەی وڵاتەکەی لە ئستەنبوڵ و نەهاتووەتەوە دەرێ.

ئاژانسی دەنگ‌وباسی ئانادۆڵو دەڵێت دەستگیرانی جەمال خاشقچی گوتویەتی ڕۆژی هەینی ڕابردوو پـێکەوە چووبوون بۆ کونسوڵخانەکە، بەڵام پـێـیان گوتوون هەفتەی داهاتوو بێنەوە بۆ جێبەجێکردنی مامەڵەکەیان.

گوتوشەیەتی دوێنێ سێشەممە چوونەتەوە بۆ کونسوڵخانەکە و جەمال مۆبایلەکەی داوەتێ و پـێی گوتووە و لە دەرەوە بمێنێتەوە و ئەگەر هاتوو شتێکی بەسەر هات، ئەوا دەستبەجێ پەیوەندەی بە یاسین ئەکتای ڕاوێژکاری پارتی ئاکەپە و کۆمەڵەی ماڵی ڕۆژنامەوانانی عەرەب لە تورکیا بکات.

پاشان گوتویەتی لە دوای چەند کاژمێرێک کارمەندێکی کونسوڵخانەکە هاتووەتە دەرێ و پـێی گوتووە چیتر لەوێ نەوەستێت و جەمال ڕۆیشتووەتە دەرێ.

ئاژانسی دەنگ‌وباسی فڕانس پـرێس دەڵێت خەدیجە دەستگیرانی جەمال خاشقچی لە بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممەوە لە بەردەم کونسوڵخانەکە مانیگرتووە و گوتویەتی دەیەوێت شوێنی بزانێت و بە سەلامەتی بێتە دەرێ. داواشی لە وەزیری دەرەوەی تورکیا کرد پەیوەندی بە باڵیۆزی سعودیـیە بکات و لە بارەی چارەنووسی جەمال زانیاری بداتێ.

هەتا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە دەسەڵاتدارانی تورکیا هیچ ڕاگەیاندنێکیان لەم بارەیەوە بڵاونەکردووەتەوە.

ئەم نووسەر و ڕۆژنامەوانە ناسراوە بە تێڕوانینە ڕەخنەئامێزەکانی بەرامبەر حوکمڕانی وڵاتەکەی و بۆ ڕۆژنامەی واشنتن پـۆست دەنووسێت.

XS
SM
MD
LG